ئاڤجی: ئەم هەڵبژاردنانە ستراتیژین و پێویستە عەقڵیەتی شەڕ تێکبشکێنین

مستەفا ئاڤجی هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورە شاری وان، کە ئەرکەکەی زەوتکراوە ڕایگەیاند، هەڵبژاردنە گشتییەکانی ۱۴ی ئایار زۆر گرنگ و ستراتیژی بوون. ئاڤجی دەڵێت، "پێویستە لە ١٤ی ئایاردا ئەو عەقڵیەتەی شەڕ تێکبشکێنین."

هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار نزیک دەبێتەوە. هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی چەپی سەوز لە شارەکانی کوردستان و تورکیا بەردەوامە.

مستەفا ئاڤجی هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورە شاری وان، کە ئەرکەکەی لەلایەن دەوڵەتی تورک و قەیومەکەیەوە زەوتکراوە، دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ۱۴ی ئایار و کێشە گشتییەکانی وان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد. ئاڤجی ئاماژەی بەوەدا، هەڵبژاردنەکانی ۱۴ی ئایار گرنگییەکی گەورە و ستراتیژییان هەیە و وتی ئەو هەڵبژاردنانە ستراتیژین نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ خەڵکی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.

ئاڤجی ڕایگەیاند، دەسەڵاتی ئێستا جگە لە شەڕ هیچ پرۆژەیەکی تری نییە و وتی: "دەسەڵاتی ئێستا ناتوانێت هیچ شتێک بە کۆمەڵگا بدات. جگە لە شەڕ هیچ پرۆژەیەکی تری نییە. لەبەر ئەوەش ئێستا شەڕ سنوورەکانی تورکیای تێپەڕاندووە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە. لەبەر ئەوەی کێشەی کورد چارەسەر نەکراوە، ئەم شەڕە هێشتا بەردەوامە. دەسەڵاتی ئێستا بۆ پاراستنی کورسیەکەی خۆی بەردەوامە لە شەڕکردن و پێداگری لەسەر درێژەدان بە شەڕ دەکات، ئەو شەڕەی، کە ڕوودەدات ئەخلاقی شەڕیشی تیادا بەکار ناهێنرێت. شەڕ پێوەر و بنەمای هەیە. کار بە پێوەر و بنەمایانە ناکرێن. بۆیە دەڵێین هەڵبژاردنەکانی ۱۴ی ئایار دەرفەتێکە بۆ ئێمە. ئێمە پێویستە ئەم بیرکردنەوە و عەقڵیەتەی شەڕ لە ۱۴ی ئایاردا تێکبشکێنین. بۆیە دەڵێین، ئەم هەڵبژاردنانە ستراتیژین. ئێمەی هەدەپە، دەنگدەرانی هەدەپە و گەلی وڵاتپارێزی کورد ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین. "

'لە وان ١٠٠ هەزار کەس بێکارە'

ئاڤجی ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە بەڕێوەبەرایەتییە هەرێمییەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان بە جیا لە یەکتر ببینرێن و وتی، "بەڕێوەبەرایەتییە هەرێمییەکان لە گەلەوە نزیکن. ئەگەر ئێوە سەرچاوەکانی گەل بۆ گەل بەکار بهێنین، ئەوا باری بەڕێوەبەرایەتی ناوەندیش سوک دەبێت، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە بەو شێوەیە بیر ناکاتەوە. ئەگەر نموونەیەک بۆ وان بهێنینەوە؛ ئێمە بۆ وان هەڵبژێردراین و وتمان، سەرچاوە هەرێمییەکانی وان بۆ گەلی وان بەکاردەهێنین، چونکا باسی نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسی بێکار دەکەین، دەبێت ناوچەی کار بکرێتەوە. جگە لەوە، لە وان هەموو جۆرە کێشەیەکی تریش هەیە. بۆ نموونە، کێشەی ژینگەیی هەیە و  دەبێت چارەسەر بکرێت. وان شارێکی سنووری و گەشتیارییە؛ پێویستە ژێرخانی بۆ بنیات بنرێت. بارودۆخی دەریاچەی وان ڕوون و ئاشکرایە. دەبێت کێشەی هاتوچۆش چارەسەر بکرێت".

ئاڤجی ڕاشیگەیاند، لەم قۆناغ و پرۆسەیەدا بۆ ئەوەی حیزبەکەیان بێکاریگەر بکەن دۆزی کۆبانێ لە دژی حیزبەکەیان کرایەوە و وتی: "ئێستا گۆشەگیری لەسەر ڕێبەری گەلی کورد هەیە. هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشوور هەیە، هەموو جۆرە چەکێکی کیمیایی بەکاردێت. ئەمەش بەشێکە لە پلانی بێکاریگەرکردن".

'پێویستە گرنگی بە ئاسایشی سندوقەکان بدەین'

ئاڤجی وتیشی: "ئەمە هەڵبژاردنێکی زۆر ستراتیژییە. ئێمە بە ناوی پارتی چەپی سەوز لە ۸۱ شاردا بەشداری هەڵبژاردن دەکەین. ئەمە زۆر گرنگە. دەسەڵاتی ئێستاش بۆ ئەوەی ڕێگا لە دۆڕانی خۆی بگرێت پشت بە هەموو جۆرە فێڵێک دەبەستێت. بۆ ئەوەش پێویستە ئێمە گرنگیی بە پاراستنی سندوقەکانی دەنگدان بدەین. پارتەکەمان بۆ سەرۆکایەتی کاندیدی نابێت. بۆ هەڵبژاردنەکان دوو سندوق دادەنرێن. یەکێکیان بۆ سەرۆکایەتی و ئەوی تریان بۆ پەرلەمان. پێویستە بە هەموو توانایەکمانەوە کار بۆ گەلەکەمان و پەرلەمانتاری کار بکەین. بە دڵنیاییەوە پێویستە ئێمە عەقڵییەتی شەڕ تێکبشکێنین. با لەگەڵ سەریان لێ نەشێوێت، پێویستە گەلەکەمان بە پێی بڕیارەکانی ناوەندی گشتیمان کار بکات".

ژ.ت