ئاڤێستا: ڕێبەر ئاپۆ شەنگالی بە ئێمە سپاردووە

سۆزدار ئاڤێستا پەیامیکی نوسراوی ئاراستەی چوارەمین کۆنگرەی مەخەدەشە کرد و ڕایگەیاند: ڕێبەر ئاپۆ شەنگالی سپاردووەتە ئێمە و ئێمەش هەمیشە لە خزمەت کۆمەڵگای ئێزدی دەبین، جەختیشی لەوەکردەوە کە خۆبەڕێوبەریی مافی ئێزدییەکانە و پێویستە عێراق قبوڵیبکات.

چوارەمین کۆنگرەی ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی شەنگال- مەخەدەشە، بە پێشکەشکردنی وتار و پەیام لە هۆڵی ئازادیی شەنگال بەردەوامە.

ڕحام هشۆ هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوبەریی شەنگال لە وتاری کردنەوەی کۆنگرەکەدا وتی: ئامانجمان نە تەنیا چارەسەریی کێشەی شەنگال، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەموو عێراقە، ئەم کۆنگرەیە هەنگاوێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتوری و پەروەردەییە بۆ کۆمەڵگای ئێزدی.

دوای ئەوە سینەڤیزیۆنێک لەسەر فەرمانی ساڵی ٢٠١٤، بەرخۆدان بۆ پاراستنی شەنگال و کارەکانی دامەزراندنی سیستمی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی پیشاندرا، دوایی ئەو پەیامانەی بۆ کۆنگرەکە نێردرابوون، خوێندرانەوە، لەوانە پەیامەکانی؛ مەروا موراد پەرلەمانتاری عێراق، قائیمقامی شەنگال، نامزەدی پادێ بۆ پەرلەمانی عێراق، فەرماندەیی یەبەشە، ئێزدییەکانی ڕوسیا، ماڵی ئێزدیانی جزیرە، ئەنجومەنی شەنگالی دەرەوەی وڵات و ئەنجومەنی عەشیرەتەکانی شەنگال.

یەکێک لەو پەیامە گرنگانەی کە بۆ کۆنگرەکە هاتبوو، پەیامی سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی سەرۆکایەتی کۆنسەی گشتی کەجەکە بوو، کە تێدا سەرنج خرابووە سەر گرنگیی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە و داوای کردبوو کە هەموو پێکهاتەکان بەشداری ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی شەنگال ببن و ئەنجومەنەکە بە ئیرادەی خۆیان ببینن.

لە پەیامەکە هەوەها هاتبوو: خەباتی بنەڕەتیی کارکردن بۆ خۆبەڕێوبەریی دیموکراتییە کە ژنان و گەنجان پێشەنگایەتیی بۆ دەکەن و پێویستە خاوەنداریی لێبکەن، خەڵکی ئێزدی کار بۆ مافی ڕەوای خۆیان دەکەن، ئەم ڕۆژانە گرنگن، فەرمانی ئێزدییەکان لە جیهاندا بە ژینۆساید دەناسرێتەوە، پێویستە ئێمەش باوەڕمان بە خۆمان هەبێت، دەتوانین خۆبەڕێبەریی دیموکراتی شەنگال مسۆگەر بکەین.

لە بەردەوامی پەیامەکە ئاماژە بە کۆمەڵکوژیی یەهودییەکان کراوە و هاتووە: ئامانجی کۆمەڵگای ئێزدی دامەزراندنی دەوڵەت نییە، ئامانجیان ژیانێکی ئازاد لەسەر خاکی پیرۆزی خۆیانە، پێویستە هەمووان هۆشیار بن، خۆبەڕێوبەریی مافی ئێمەیە، کۆمەڵگای ئێزدی خۆی دەپارێزێت، نابێت پاراستنی خۆمان و خۆبەڕێوبەریمان ڕادەستی کەسێک بکەن، ئەمە لە دەستووریی عێراقیش هەیە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت ڕێگە لەمە بگرێت، پەدەکەش بە هەمان شیوە، پێویستە عێراق دان بە مافی خەڵکی ئێزدیدا بنێت، ئێزدییەکان هیچ زیانێکیان بۆ عێراق نابێت، بە پێچەوانەوە ژیانی هاوبەش مسۆگەر دەکەن و نمونەیەکی نوێ پیشدەخەن.

ئاڤێستا لە پەیامەکەیدا داوای لە ئێزدییە ئاوارەکان کرد کە بگەڕێنەوە سەر خاک خۆیان، داواشی لە گەنجانی ئێزدی کرد کە بەشداری یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزدیخان ببن و ژنانی ئێزدی بۆ ئێزدیخانێکی خۆبەڕێوبەر و دیموکراتی پێشەنگایەتی بکەن و وتی: داوا لە هەموو عەشیرە و بابەکان دەکەم، دەبێت بەشداری ئەم قۆناغە بن، ئەمە قۆناغێکی مێژوویی و گرنگە، پیویستە یەكیتی خۆیان بەهێز بکەن و بەرژەوەندیی کۆمەڵگای ئێزدی بە بنەما بگرن، داوا لە هەموو باوەڕمەندان دەکەم، پێویستە ئەوانیش بەشداری ئەنجومەن ببن و پێشەنگایەتی ئاینی و کلتوری بکەن.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، سۆزدار ئاڤێستا وتی: وەک کۆمەڵگای ئێزدی قەرزاداری ڕێبەر ئاپۆین، ڕێبەر ئاپۆ کۆمەڵگای ئێزدیی بە ئامانەت سپاردووەتە ئێمە، جارێکی دیکە بەڵێن بە ڕێبەر ئاپۆ دەدەین کە لە هەموو کاتێک زیاتر خزمەتی کۆمەڵاگی ئێزدی دەکەین.

دوای پێشکەشکردنی وتارەکان بە خوێندنەوەی ڕاپۆرتی هاوسەرۆکایەتی مەخەدەشە و ڕاپۆرتی دەستەی بەڕێوبەریی شەنگال درێژە بە کۆنگرەکە دەدرێت، دوای ڕاپۆرتەکان گفتوگۆ و نرخاندنی ڕێکخستنی دەکرێت و لە کۆتایی ئەمڕۆشدا پیشنیار-بڕیارەکان پیشکەشی کۆنگرە دەکرێن.

لە ڕۆژی دووەمدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی خوبەرێوبەریی دیموکراتی شەنگال ئەنجامدەدرێت و هاوسەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی دەستنیشاندەکرێت.

ف.ق