ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە سۆزدار ئاڤێستا سەبارەت بە گۆشەگیری دژوار لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە سۆزدار ئاڤێستا سەرنجی بۆ سەر ئەم بابەتانە راکێشا:
"بەر لە هەموو شتێک بە تاسە و خۆشەویستی و رێزەوە سڵاو لە رێبەر ئاپۆ دەکەم. سەرجەم ئەو کەسانەی لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا گوڕیان بە تێکۆشان بەخشی، هەروەها لە کەسایەتی شەهیدانی تەمووزدا هەموو شەهیدانی ئازادیی کوردستان بە رێزەوە بەبیردەهێنمەوە.
گۆشەگیری دژوار لە سەر رێبەر ئاپۆ بەردەوامە. ٢٨ مانگە ناتوانین زانیاری لەبارەی رێبەر ئاپۆوە وەربگرین. لە زیندانی ئیمراڵیدا ماوەی ٢٥ ساڵە گۆشەگیری هەیە. ئەو گۆشەگیرییە زۆر جار هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە و بزوتنەوەکەمان لە بەرامبەر ئەوەدا ٢٥ ساڵە بێ پسانەوە خۆڕاگری دەکات. هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ ئاشکرایە. بۆ ئەوەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی سەرنەگرێت، لە دژی هەموو هێرشەکانی سەر ئیمراڵی درێژە بە بەرخودانی خۆی دەدات. ئۆباڵی ئەم گۆشەگیرکردنە تەنیا لە ئەستۆی دەوڵەتی تورک نییە، لە دامەزراندنی سیستمی ئیمراڵیدا ئەو دەوڵەتە نێونەتەوەییانەش بەشداربوون کە پیلانگێڕییەکەیان بەڕێوەبرد. لەم قۆناغەدا گەلی کورد، گەریلاکانی ئازادی بەرخودانی بێهاوتا بەڕێوەدەبەن و هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ لە ئێستا لەبەرچاوە. بەڵام لەم قۆناغەدا هیچ شتێک ناگۆڕدرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەدەستکەوتوون، سزای دیسپلین لە رێبەر ئاپۆ و هەڤاڵەکانی بڕدراوەتەوە. رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی چی کردووە کە سزای دیسپلینی بۆ دەبڕدرێتەوە؟ لەبەر ئەوەی چیتر ناتوانن ئەو تاوانە دژە مرۆڤایەتیە بشارنەوە، لەسەر ناوی دیسپلین درێژە بە قۆناغی گۆشەگیری دەدەن. ئاشکرایە کە بۆ ئەوەی سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ، زۆر سازشیان بۆ دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کردووە. لەبەر ئەوەش دوای کۆبوونەوەی ناتۆ سەرلەنوێ سزایان بەسەر رێبەر ئاپۆدا سەپاند. دیسان لە دژی گەریلاکانی کوردستان دەستیان بە هێرشی گەورە کردەوە. لەم قۆناغەدا بەرخودانێکی گەورەی گەریلا لە ئارادایە. بە گشتیی ئەم هێرشانە پارچەیەک لە کۆنسێپتی قڕکردنی کوردانە. لەم قۆناغەدا کە ئێمە لە ١٠٠ ساڵەی لۆزانداین، گەلی کورد و دۆستانی گەلی کورد لە هەموو شوێنێک درێژە بە چالاکی خۆیان دەدەن.
ئەوانەی رێگە نادەن لۆزان سەربکەوێت ٥٠ ساڵ تێکۆشانی بێ وچانی رێبەر ئاپۆ و پەکەکەیە. هەروەها پەکەکە ٥٠ ساڵە لەسەر هێڵی رێبەر ئاپۆ پەرە بەو تێکۆشانە دەدات و گەشتری دەکات. لەبەر ئەوەش تۆڵە لە رێبەر ئاپۆ دەسەنرێتەوە. کۆنسێپتی کۆمەڵکوژی کە لایەنی مێژوویی و کۆمەڵایەتی هەیە، لە لۆزان پەسەند کرا. خاکی کوردستان دابەش کرا، داگیر و تاڵان کرا، کۆمەڵکوژی و پاکتاوی کولتوری بەسەردا سەپێندرا، بێ قەوارە و بێناسنامە هێڵرایەوە. کێ ئەوەی لەناوبرد؟ رێبەر ئاپۆ. لەبەر ئەوەیە بەم رادەیە گۆشەگیری توند دەکەنەوە. دەیانەوێت کە رێبەر ئاپۆ هەناسە نەدات.
سیاسەتێکی زۆر مەترسیدار بەڕێوەدەبرێت
جگە لەوانەی خزمەت بە دوژمن دەکەن، لە سایەی هزر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ لە چوار پارچەی کوردستان گەلەکەمان لەگەڵ دۆستانی خۆیان کۆدەبنەوە. رێبەر ئاپۆ کوردی زانا کرد. لە رێگەی پارادایمی دیموکراتیکەوە رێگریی لە قڕکردنی کوردان گرت. لە کوردستان پارادایمی رێبەر ئاپۆ بۆ ئازادیپارێزی ژنان ئەمڕۆ بووەتە فەلسەفەی ژیانی ئازاد. دوژمن بە هۆی ئەوەی لەو دەترسێت گۆشەگیری قورس دەکاتەوە. دەیانەوێت رێبەر ئاپۆ وەک زیندانییەکی ئاسایی نیشان بدەن. ئەوەش کۆنسێپتی هێزە نێونەتەوەییەکانە. دەیانەوێت گەلی کورد و دۆستانی ئەوانیش قەبوڵی بکەن. دەبێت ئێمە ئەوە بە باشی بزانین، سیاسەتێکی زۆر مەترسیدار بەڕێوەدەبرێت. تا گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ تێکنەشکێندرێت و لە رووی جەستەییەوە ئازاد نەکرێت، پەیمانی قڕکردنی کوردان هەرگیز بە تەواوەتی کۆتایی پێنایات.
بێگومان پەیمانەکانی پاکتاوکاری بێواتابوون، ئێستا لە چوار پارچەی کوردستان گەلی کورد بە فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک لەگەڵ گەلانی هەرێمەکە یەکیان گرتووە. بەڵام خاوەنی ئەو هزر و فەلسەفەی ئێستا لە ژێر گۆشەگیرییەکی دژواردایە. لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا دەیانەوێت گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادی کوردستان بە دیل بگرن. لەبەر ئەوە لە ئیمراڵی بەرخودانێکی بێ وچان هەیە. گەلەکەمان و دۆستانمان چەندین ساڵە تێدەکۆشن. چەند رۆژ بەر لەئێستا بۆ لەناوبردنی پەیمانی لۆزان لە شاری لۆزانی سویسرا گردبوونەوە و کۆنفڕانسێکی گەورە سازکرا. ئەو چالاکیەی کە لە سەد ساڵەی لۆزاندا سازکران، زۆر بەنرخ بوون. ئەوەش یەکگرتوویی گەلی کورد دەردەخات. بەڵام دەبێت بەو جۆش و خرۆش و یەکێتییە لە دژی گۆشەگیری و بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ تێکۆشان بکرێت. بەهەمان رۆح، داواکاری و سەرکەوتنەوە دەبێت ئەوە بکەن. ئەگەر ئەوە نەکرێت، ئەو کاتە پەیماننامە جینۆسایدکارانەکان لەناو ناچن.
سەرچاوەی قەیرانی ئابووری پێداگریی ئاکەپە-مەهەپەیە لەسەر شەڕ
گەریلاکانی ئازادی ئێستا بەرخودان گەورە دەکەن، بەڵام شکاندنی گۆشەگیری و مسۆگەر کردنی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ تەنیا ئەرکی سەر شانی گەریلا نییە، ئەرکی هەموو مرۆڤایەتیە. بە تایبەتی ئازادی ژنان، گەنجان بەوەوە بەستراوەتەوە. هەربۆیە هەڵمەتەکانی کەژەکە، رێکخستنەکانی گەنجان دەستیان پێکراوە. هەروەها وەک بزوتنەوەی ئازادییش لە ساڵی ٢٠٢٠ بە دواوە دەستمان بە هەڵمەتی 'کات کاتی ئازادییە' کردووە. بەڵام دەبینین کە هەموو ئەمانە بۆ شکاندنی گۆشەگیری و مسۆگەر کردنی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بەس نین. دەبێت بە شێوەیەکی بێ وچان ئێمە چالاکییەکان گەورەتر بکەین، بەهێزی زیاترەوە خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ و گەریلاکانی کوردستان بکەین. ئەوەی دەمانگەیەنێتە سەرکەوتن ئەوەیە.
لە دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ١٩ی مانگەوە هێرشی زۆر گەورە دەستیان پێکراوە. سڵاو لە هەموو ئەو گەریلایانەی هەپەگە و یەژاستار دەکەن کە بەرگریی لە هێڵی کوردستان و رێبەر ئاپۆ دەکەن، هەروەها پیرۆزبایی لە سەرجەمیان دەکەم. لە دژی گەریلا تائێستاش چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنرێن. لەم بابەتەدا ژمارەیەکی زۆر بەڵگە، دیمەن و هەڵسەنگاندنی پسپۆڕان بوونی هەیە، بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتە سەر کورد هەمووان بێدەنگ دەبن. ساڵی رابردوو سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورک شەبنەم کۆرور فینجانجی لەبەر ئەوەی ئەو بابەتەی خستبووەڕوو، زیندانی کرا، ئەمساڵیش مەردان یانارداغ لەبەر ئەوەی وتبووی گۆشەگیری هەیە، زیندانی کرابوو. واتە دەیانەوێت کە باس لە کردەوە نامرۆڤانەکانیان نەکرێت.
بۆ نمونە ژمارەیەکی زۆر مامۆستای زانکۆ، لە ئەوروپا ژمارەیەکی زۆر پارێزەر رایانگەیاند کە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی چەندین بەڵگە لەبەردەستن، بەڵام وڵاتەکانیان بە هۆی بەرژەوەندییە سیاسیەکانیان بێدەنگن. دەبێت گەلەکەمان بزانێت کە ئاکەپە-مەهەپە لەبەر ئەوە سیاسەتی کۆمەڵکوژی بەڕێوەدەبەن. لەبەرامبەر ئەوە تێکۆشان دەبێت بە گوڕتر بکرێت. ئەگەر ئێمە لەم کاتەدا تێکۆشانمان فراوانتر بکەین، لە دژی دەوڵەتی فاشیست بە سەرکێشی ئاکەپە-مەهەپە ئێمە سەردەکەوین. دەوڵەتی تورک لەبەر ئەوەی پێداگری لەسەر شەڕدەکات لە ناو قەیرانێکی قووڵدایە. هۆکاری قەیرانی ئابووری و کێشە هەنوکەییەکان پێداگری ئاکەپە-مەهەپەیە لەسەر شەڕ.
٩ ساڵ بەر لەئێستا لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا چەتەکانی داعش هێرشیان کردەسەر شەنگال. چەتەکانی داعش ئەو کاتە هێرشیان کردەسەر باشوور و سوریاش، بەڵام گەورەترین کۆمەڵکوژییان لە سەنگال ئەنجامدا. کۆمەڵگای ئێزدی ئێمەیان کۆمەڵکوژ کرد. ئەگەر گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە ناوی مرۆڤایەتی و پێرسپێکتیڤی رێبەر ئاپۆوە دەستوەردانیان لە دۆخی شەنگال نەکردایە، بە دەیان هەزار و بە سەدان هەزار ئێزدی دەکوژران. لەبەر ئەوە گەریلاکانی ئازادی بوونە بەربەست و لەمپەر لە بەردەم کۆمەڵکوژی زۆر گەورەتر، لە کاتێکدا کە هەموو کەس لە بەردەم داعش هەڵدەهاتن، گەریلاکان روویان کردە شەنگال. بەم بۆنەوە لە کەسایەتی عەگید جڤیان، دڵشێر هەرەکۆل، هێلین مێردین، نوژین سێرت، گەنجۆ هەولێر، ئەڤین دێرک، دڵگەش رۆژهەڵاتدا شەهیدانی شەنگال لە بێریڤانەوە تا مام زەکی هەموو هەڤاڵان بە رێز و پێزانینەوە بە بیردەهێنمەوە، لەبەردەم یادی ئەواندا بەوپەڕی رێزەوە بەژنی خۆم دادەنەوێنم. گەلەکەمان، کۆمەڵگاکەمان، بزوتنەوەی ئازادی لە شەنگال قوربانی زۆر گەورەیان بەخشی.
هێرشەکانی سەر شەنگال هێشتاش بەردەوامن. زیاتر لە دوو هێندەی ئەو شەهیدانەی کە ئێمە لە دژی داعش بەخشیومانن، لە دژی دەوڵەتی تورک و داردەستەکانی شەهیدمان داوە. بەتایبەتی لە ساڵی ٢٠١٧ بەدواوە دەوڵەتی تورک لەگەڵ هەواڵگریی پەدەکە، بە هاوکاری پاراستن، میت، سیخوڕەکان بەردەوام هێرش دەکاتە سەر شەنگال. لەو کاتەوەی خەڵکی ئێزدی گەڕاونەوە بۆ زێدی خۆیان هێرشەکان دەستی پێکردووە. لە هێرشەکاندا ژمارەیەکی زۆر لە پێشەنگانی کۆمەڵگای ئێزدیمان شەهیدبوون، کۆمەڵگاکەمان بە هزر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ، بە سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و هێزی خۆیەوە لە شەنگال خۆڕاگری دەکات. لەناو نەبوونی دەرفەت و ئیمکاناتدا بەرخودان کرا. هێشتاش ئەو مرۆڤانە هەن کە چەندین ساڵە لە ژێر خێمەدا دەژین، بە هەزاران کەس لە باشوورن، هەروەها ژمارەیەکی زۆریان ناچاربوون بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچبەر بن و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە دەوڵەتی تورک و پەدەکە لە رێگەی هێزی هەواڵگری و پاراستنەوە هێرش ئەنجام دەدەن.
لەو کاتەوە زۆر دەوڵەت کۆمەڵکوژی لە شەنگالیان وەک جینۆساید ناساندووە، بەڵام بەو ئاراستەیەدا هیچیان نەکردووە. تائێستا ١٢ دەوڵەت کۆمەڵکوژیەکەیان بە جینۆساید ناسیوە، بەڵام یەک هەنگاویشیان نەناوە. دەرکردنی بڕیارێکی لەو جۆرە بەتەنیا سنووردارکردنی لە پەرلەمان بەس نییە. لەساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان ئێمە داوا لەو دەوڵەتانە دەکەین؛ بۆ ساڕێژکردنی برینی ئەم کۆمەڵگایە، بۆ ئەوەی لە سەر خاکی خۆیان بژین، بۆ رێگریی لە هێرشی قڕکردن دەبێت ئێوە ببنە یارمەتیدەر. یارمەتی چییە؟ با رێگریی لە هێرشەکانی سەر شەنگال بکەن. بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرش نەکاتە سەر شەنگال و ئێزدییەکان بازنەیەکی بەرگریی و پارێزگاری دەتوانرێت دروست بکرێت. بەڵام بە هۆی بەرژەوەندی سیاسی خۆیانەوە ئەمە ناکەن. لەلایەکی دیکەوە هەم دەڵێن جینۆسایدە، هەمیش لەولاوە لەبەرامبەر هێرشە کۆمەڵکوژیەکان بێدەنگن.
لە شەنگال ٩ ساڵە بەرخودانی بێ پسانەوە بەردەوامە
گەلی ئێزدی نەک هەر خۆی، لە هەمان کاتدا شکۆی عێراق و شکۆی تەواوی مرۆڤایەتیشی پاراست. نەیانهێشت کە کۆمەڵکوژی گەورەتر رووبدات، بەڵام دەوڵەتی عێراق تائێستا لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا نەبووەتە رێگر. هەروەها پارێزگاری لە مافەکانی کۆمەڵگای ئێزدی و شەنگال نەکرد. مافەکانی کۆمەڵگای ئێزدی کامانەن؟ بە فەرمی ناسینی خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستنە. بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ئێزدی جارێکیتر رووبەڕووی کۆمەڵکوژی نەکرێتەوە، پێویستیان بە گەرنتی هەیە. پیرۆزبایی لە گەلەکەمان، ژنان و گەنجانمان دەکەم کە ٩ ساڵە خۆڕاگری دەکەن. گەلی شەنگال چەندین ساڵە تێکۆشانێکی بێ وچان بەڕێوەدەبات. ئەوە زۆر گرنگە. لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیدا گەورەترین وەڵام کە بە دوژمن بدرێتەوە بریتیە لەبەهێزکردن و پتەوکردنی یەکێتی گەلان و بە رۆحی یەکێتی رێگریکردن لە هێرشەکان.
دەستەی بەڕێوەبەری هێز و پێکهاتەکان کە هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیان لە شەنگال دامەزراندووە، دەبێت تەنیا لە چوارچێوەی تیرۆریدا قەتیس نەمێننەوە. بۆ ئەوەش دەبێت تێکۆشانی خۆیان بەهێزتر بکەن. هەم هێزە نێونەتەوەییەکان، هەم عێراق، هەم باشووری کوردستان دەبێت دەست لە شەنگال بکێشنەوە. ئەگەر دەیانەوێت داوای لێبوردن لە کۆمەڵگای ئێزدی بکەن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ئێزدی لێیان خۆشبێت، بەر لەهەموو شتێک دەبێت کۆتایی بەو کردەوانە بهێنن و ئیرادەی شەنگال بە فەرمی بناسن. لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە دژی شەنگال رێککەوتنێک واژۆکرا. رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم کە گەلی ئێزدی تیایدا بەشدارنەبوون. دەیانەوێت ئەو رێککەوتنە بسەپێنن. ساڵە ناتوانن ئەوە بکەنم هەربۆیە دەبێت دەستبەرداری ئەو رێککەوتنە بن.
لەبەر ئەوەی نەیانتوانی ئەو رێککەوتنە بسەپێنن، دەوڵەتانی نێونەتەوەیی دەهێننە ناو بابەتەکە. نەتەوەیەکگرتووەکان، دەوڵەتی تورک کە گەورەترین دوژمنی گەلی ئێزدییە، لە رێککەوتنەدا بەشداری پێدەکات. دەبێت نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو رێککەوتنە هەڵبوەشێنێتەوە. لەبەر ئەوە دەبێت لە ساڵیادی جینۆسایدەکەدا ئیرادەی ئەم کۆمەڵگایە و هێزی پاراستنەکەی بە فەرمی بناسرێت. ئەگەر لە رووی ویژدانی، ئەخلاقی و سیاسیەوە لێی بڕوانرێت بەر لە هەموو شتێک دەبێت مافی ئەو کۆمەڵگای بگەڕێنرێتەوە. هەربۆیە بۆ سەرکەوتن لەو قۆناغەدا بەر لە هەموو شتێک دەبێت کۆمەڵگای ئێزدی بڕوای بە خۆی هەبێت.
گەلی ئێزدی بەراورد بە ٩ ساڵ بەر لەئێستا ١٠٠ هێندە بەهێزترە
گەلی ئێزدیمان لە ئێزدیخان و دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیان باشتر بە رێکخستن بکەن، بە بڕوایەکی بەهێزترەوە تێبکۆشن. خەڵکی ئێزدیمان ئەمڕۆ خاوەنی دەستکەوتی زۆر گەورەیە. دەبێت چیتر نەخرێتە ناو مامەڵەی چەوساندنەوەوە. دەبێت ئەوە بزانرێت کە ٩ ساڵە کەس نەیتوانیوە سەریان پێدانەوێنێت. کەس نەیتوانیوە دەستکەوتەکانیان لەبار ببات. کۆمەڵگای ئێزدی بەراورد لەگەڵ ٩ ساڵ بەر لەئێستا ١٠٠ هێندە بەهێزترە. لە سایەی هزر و ئەندێشەی رێبەر ئاپۆوە خۆی بەهێزکردووە. رێبەر ئاپۆ رەنجێکی گەورەی لەپێناو شەنگال کێشاوە. بەچەندین ساڵ بەر لە فەرمانەکە بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ئێزدی بە ئایین، ناسنامە، زمان و کولتوری خۆیەوە بژی زۆری هەوڵدا.
بەم بۆنەوە جارێکیتر داوا لە ئێزدییەکانی نیشتەجێی کەمپەکان دەکەم کە دەبێت بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان و لە دژی هەموو هێرشە پاکتاوکارییەکان تێبکۆشن. هەروەها خەڵکی ئێزدیمان لە دەرەوەی وڵات دەبێت کار و چالاکی دیپلۆماتیک، سیاسی بەرەوپێش ببەن و پێشکەشی خۆبەڕێوەبەری شەنگالی بکەن. وەک وتم، تا خەڵکی شەنگال بە شێوەیەکی بڕوابەخۆیانە تێبکۆشێت، دەتوانن دەستکەوتەکانیان بپاڕێزن و هەمیشەیی بکەن. دژوارترین قۆناغیان بڕیوە. وەک چۆن گەلی کورد هاوشێوەی جاران نییە، تێگەیشتوو، رێکخستنکرا، خاوەن هێزی خۆپاراستن و گەریلای گیانبازە، هەمان شت بۆ کۆمەڵگای ئێزدیش راستە.
گەلی ئێزدی ئیتر وەک پێشوونیە، خاوەنی فەلسەفەیەک، خاوەنی سیستمێک، خاوەنی تێگەیشتنێکن و خاوەنی هێزێکی خۆپاراستنن، هەموو ئەمانە گرنگن و دەبێت بەوەوە سەربەرزبن. بۆ هەموو ئەوانەش بە تایبەتی ژنانی ئێزدخان پێشەنگایەتیان کرد. لەم دواییەدا کەژەکە لە دژی هێرشەکانی سەر ژنانی شەنگال و ئەفغانستان هەڵمەتێکی دەستپێکرد کە لە نێوان ٣-١٥ی ئابدا بەڕێوەدەچێت. ئەوە گرنگە. لەسەر ئەو بنەمایە داوا لە کۆمەڵگای ئێزدی، تەواوی گەلی کوردستان و دۆستانی دەکەم: بۆ رێگریی لە فەرمان و جینۆسایدی نوێ، بۆ ئەوەی کۆتایی بە گۆشەگیری بهێندرێت، لەپێناو مسۆگەر کردنی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا زیاتر بەشداری لە تێکۆشاندا بکەن".
هـ . ب