ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەڕی پەدەکە، عەلی عەونی، که رەوایەتی بە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان دەدات، زیاتر لەوە سنوورەکانی بەزاند و داوای کرد بەڕێوەبەرانی پەکەکە بکرێنە ئامانج. عەونی لە لێدوانەکەیدا شوێنەکانی دەستنیشان کرد و ئەوەی خستەڕوو کە بۆچی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک بەڕێوەبەرانی پەکەکە ناکەنە ئامانج.
ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری کەجەکە زوبەیر ئایدار قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و بەم شێوەیە ناڕەزایی خۆی دەربڕی، "لە ڕاستیدا کاتێک مرۆڤ گوێی لێدەگرێت، ئەو کورد نییە، دوژمنە؛ وەک ئەوە وایە گوێ لە کەسێک بگریت کە هەموو شتێکی خۆی بە دوژمن فرۆشتووە".
دواتر ئایدار بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: "کاتێک لەم پڕۆسەیەدا مرۆڤ کەسێکی لەم جۆرە دەبینێت کە ئەوەندە لە راستی خۆی دوورە، لە ڕاستی وڵاتەکەی دوورە، هێندە بانگەواز بۆ دوژمن دەکات و پەسن و ستایشیان دەکات، مرۆڤ شەرم دەکات".
کێ تورکیای هێنایە باشوور؟
ئایدار ئەم پرسیارانەی کرد: "کێ تورکیای هێنایە باشووری کوردستان؟" هەمووان ئەمە دەبینن، کێ هێنای؟
کێ بوو لە ساڵی ١٩٩٢ەوە هاوکاری دەوڵەتی تورکی دەکرد و خیانەتی کرد و پێشەنگایەتی و چاوساغی تانکەکانی دەوڵەتی تۆرکیان کرد و هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئازادیی کوردستان؟
کێ هاوکاریان بوو بۆ دروستکردنی زیاتر لە ١٠٠ بنکە لە باشووری کوردستان؟
کێ باشووری کوردستانی بەڕووی میت و لایەنگرانیدا کردەوە؟
ئەمڕۆ لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین قەڵای دژ بە دەوڵەتی تورک کێیە؟ کێ ڕێگایان پێدەدات و ڕێگایان بۆ دەکاتەوە بۆ ئەو شوێنانەی بۆی دەچن؟"
بەرپرسیارێتی هەموو شتێک لە ئەستۆی پەدەکەیە
ئایدار باسی لەوەشکرد، کە ئۆباڵی هەموو ئەوانە لە ئەستۆی پەدەکەیە، کە عەلی عەونی لە ناوەندەکەیاندایە و وتی، "لەم ساڵانەی دواییدا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئەو بارەگا سەربازییانەی دەیان ساڵە بە رەزامەندی پەدەکە لە باشووری کوردستان جێگیری کردوون، زیادیکردوون. هاوکات دەوڵەتی تورک هێرشە داگیرکەرییەکانی بە جۆرێک کە هاوشێوەی نییە بەرفراوان کردووە، لە دهۆکەوە تا هەولێر و سلێمانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی تیرۆریستی ئەنجامدا. لە باشووری کوردستان کە تۆڕێکی گەورەی هەواڵگری تورک دامەزرابوو، ئێستا پەدەکە بە ئاشکرا دەستی کردووە بە یارمەتیدانی دەوڵەتی تورک بۆ ئەو ناوچانەی گەریلا کە دەوڵەتی ناتوانێت پێی بگات، بە دروستکردنی ڕێگاوبان و ئاراستەکردنیان و پێشکەشکردنی هاوکاری تەکنیکی و هەواڵگری دەستی بە پشتیوانیکردن کردووە. لێدوانەکەی عەونی ئاماژەیە بۆ ئاستی هاوکاریی نێوان پەدەکە و ئەنقەرە.
ڕووداوێکی مایەی شەرمەزارییە
ئایدار وتی: "بێ ئەوەی شەرم بکات، بانگ لە دەوڵەتی تورک دەکات و دەڵێت، 'ئێمە شوێن و فەرماندەکانتان پێنیشان دەدەین، بەرپرسەکان بکۆژن'، و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا:
(بە تورکیا) دەڵێن ئێوە ئەو منداڵە هەژارانەی خەڵەتێنراون گولـلەباران دەکەن، کێ خەڵەتێنراوە؟ هەموو ئەوانەی هاتوونەتە ریزی ئەم بزوتنەوەیە، کەسانی شکۆمەند و گیانبازن. هەمووان دەزانن، کە جەنگاوەرانی ئەم بزوتنەوەیە بۆچی هاتوونەتە ناو بزوتنەوەکە و چۆن بەرگرییان لە کوردستان کردووە و بەتایبەتیش لە شەڕی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا".
ئایدار ئاماژەی بەوەشکرد، کە لێدوانەکەی عەلی عەونی هاوکاتە لە گەڵ ٣٩یەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی ئاب و وتی، "کاتێک مرۆڤ لە زاری کوردێکەوە گوێی لەو قسانە دەبێت، شەرم دایدەگرێت".
گەریلا لە هەموو شوێنێکی کوردستان هەیە!
ئایدار قسەکانی عەلی عەونی کە وتبووی "پەکەکە لە شنگال چی دەکات"ی بەبیرهێنایەوە و وتی: "ماوەیەکی زۆر بەسەر ساڵیادی ٣ی ئابی ٢٠١٤ کە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان ڕوویدا، تێنەپەڕیوە، دە ساڵ تێنەپەڕیوە، هەموومان شایەتین؛ هێزەکانی پەدەکە گوایە بەرگرییان دەکرد، شەنگالیان بەڕێوەدەبرد، بەبێ ئەوەی ئاوڕبدەنەوە و سەیری دواوەیان بکەین هەڵاتن، لەگەڵ داعشدا رێککەوتنیان کرد و هەڵهاتن. کێ چووە شەنگال و خەڵکی ڕزگار کرد؟ ئەگەر گەریلاکان لە شاخەکان دانەبەزیبان، ئەگەر یەپەگە و یەپەژە رێڕەویان نەکردبایەوە، کێ خەڵکی شەنگالی ڕزگار دەکرد؟ کاتێک داعش هێرشی کرد، گەریلاکان نەک هەر تەنیا شەنگال، بەڵکۆ هەولێر، دهۆک، کەرکوک و مەخموریشیان پاراست. لەپشت بەرخۆدانی ئەفسانەیی کۆبانێ گەلانی ئازادی خوازی کوردستان رۆڵیان هەبوو.
بۆئەوەی ئەو پەڵە شەرمەزارییە بشارێتەوە دەست بە هێرش دەکات. چۆن دەتوانێت بەو شێوەیە قسە بکات بەبێ ئەوەی ببینێت چی دەکات؟ گەریلا هێزی پاراستنی کوردستانە نەک پارچەیەک، پەکەکە بزوتنەوەی ئازادی کوردستانە. لە هەموو شوێنێکی کوردستان بوونی هەیە و بوونی دەبێت. گەریلا شکۆی خەڵکی کوردستان دەپارێزێت. کێ چی دەڵێت با بیڵێت، کێ و لە چ ئاستێک هاوکاری دۆژمن دەکات با بیکات لە ئەنجامدا بزوتنەوەی ئازادی سەردەکەوێت و ئەوانی دیکە لەبەردەم مێژوو و گەلاندا شەرمەزار دەبن".
پێویستە ئەم عەقڵیەتە شەرمەزار بکرێت
ئایدار سەرنجی بۆ قسەکانی عەلی عەونی ڕاکێشا و وتی: " پێویستە ئەو جۆرە کەسایەتیانە و ئەم عەقڵیەتە لە کوردستان شەرمەزار بکرێن". ئەم عەقڵیەتە تێڕوانینی دوژمنایەتی ئاڵۆز و ناڕوون دەکات و بەهاکانی کوردستان پێشکەش بە دوژمن دەکات. وەک ئەوەی خیانەتەکەی خۆی بەس نەبێت، داوا لە دوژمنیش دەکات، دەڵێت 'بڕۆن بەرپرسەکان، فەرماندەکان بکوژن".
ئەو شتانەی کە دەیکەن نابینن، بەو جۆرە قسە دەکات وەک ئەوەی سەرکردەکانی پەدەکە هەموو ڕۆژێک لەگەڵ ئەردۆغان، میت و بکوژەکان هاوکاری ناکەن، وەک ئەوەی لە باشووری کوردستان لەگەڵ ئەوان ناجوڵێنەوە. ئەم جۆرە قسەکردنە بێباکانە جێگەی قبوڵکردن نییە.
پێویستە گەلەکەمان ئەمە ببینێت، پێویستە هەموو لایەک ئەمە ببینن و لە چوارچێوەی هەلوێستی ئازادی و شکۆی گەلی کوردستان لە بەرانبەر ئەم هەڵوێستە بوەستنەوە. دەبێت ئەم عەقڵیەتە لە هەموو روویەکەوە شەرمەزار و سەرکۆنە بکرێت".
هـ . ب