فەرماندەیی گشتی یەبەشە بەبۆنەی ساڵیادی فەرمانی ٣ ی ئابی ٢٠١٤، ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی یەبەشەدا هاتووە:
"چەتەکانی داعشی دوژمنی مرۆڤایەتی لە ٣ ی ئابی ٢٠١٤ دژی گەلەکەمان فەرمانێکیان پێکهێنا، لە نۆهەمین ساڵیادی ئەم فەرمانەدا. بە ڕێز و سوپاسەوە، یادی هەموو شەهیدە فیداکارەکان دەکەینەوە کە لە هەموو بەشەکانی وڵات و جیهانەوە هاتن لەپێناو پاراستنی ئەم خاکە پیرۆزە گیانی خۆیان بەخشی. لەپێناو بەدیهێنانی خەونی شەهیدان، بەڵێنی بەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد دووپات دەکەینەوە. بەم بەڵێنەوە، تێکۆشانی فەرماندە مەزنەکانمان مام زەکی و شەهید بەرخۆدان و شەهید زەردەشت و شەهید سەعید و شەهید دژوار و شەهید نازێ و شەهید بێریڤان و شەهید چیکۆیان بەهێزتر دەکەین.
ئەوانەی بەدەم بانگەوازەکەمانەوە هاتن، تەنها میلیتانە فیداکارەکانی ڕێبەر ئاپۆ بوون
لە فەرمانی ٣ ی ئابی ٢٠١٤، بە ئیرادە و کۆشش و قوربانیدانەوە لەپێناو پاراستنی خاکە پیرۆزەکەمان، تێکۆشانی ڕزگاریمان دەستپێکرد یەبەشە و یەژەشەمان دامەزراند و ڕێکمانخست. بە پێشەنگایەتی فەرماندە مەزن و نەمرەکانمان، شەهید مام زەکی و شەهید عەگید جیڤیان و شەهید دڵشێر هەرکۆڵ و شەهید بەرخۆدان و شەهید زەردەشت و شەهید سەعید و شەهید دژوار، تۆوی یەکەمین تێکۆشانی ڕزگاریمان لە خاکەکەمان چاند. لەو ڕۆژانەدا، لە دژوارترین ڕەوشدا، سەختترین تێکۆشانمان بەڕێوەدەبرد، ئەوانەی هاتن بەدەم بانگەواز و هاوکاریمانەوە، میلیتانە فیداکارەکانی ڕێبەر ئاپۆ بوون.
ئەو ڕۆژانە تێگەیشتین، هۆکاری سەرەکی ئازار و مەینەتییەکانمان نەبوونی ڕێکخستنی ڕیزەکانمان بوو، وتەکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕەوشی ئێمەی بەرجەستە کرد، وەختێک دەڵێت "ئەو گەلەی پشت نابەستێت بە خۆپاراستنی جەوهەری، ڕووبەڕووی لەناوچوون و سڕینەوە دەبێتەوە". ئەم دیاردەیە دەبێتە بواری ژیان بۆ جڤاکی ئێزدیمان، لەسەر ئەم بناغەیە، ئێمە قەرزاری ئەو فیداکارانەیەن کە گیانی خۆیان بەخشی لەپێناو ئێمەدا. ئەمڕۆ، وەختێک ئێمە لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە خۆڕاگرین، لەسایەی ئەو فیداکارانەیە کە بە هزری ڕێبەر ئاپۆ خۆیان گۆشکرد و گیانیان بەخشی لەپێناو ژیانێکی ئازاد. بەم مانایە ئێمە وەک یەبەشە، کە لەسەر بناغەی هزر و بۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ خۆمان ڕێکخستووە، بە ڕێز و سوپاسەوە، یادی هەموو شەهیدانی هەپەگە و یەژاستار و یەپەگە و یەپەژە دەکەینەوە، هەوڵەکانیان لەپێناو تێکۆشانی ڕزگاریخوازیمان دەبێتە هێزی سەرکەوتنی تێکۆشانمان.
پاش ٩ ساڵ، هێشتا پیلان و گەمە قێزەونەکان بەردەوامە
وەک دەزانرێت، ئامانجیان لە فەرمانی ٣ ی ئابی ٢٠١٤ لەناوبردنی جڤاکەکەمان بوو، لەناوبردنی باوەڕ و ئایین و پیرۆزی و ئیرادە و شکۆمان، تاوەکو خواستی ژیانی ئازادمان لەناوببەن، بەشێوەیەکی نائەخلاقی بچوک و گەورەی ئێمەیان کوشت، هەزاران کچی ئێمەیان ڕفاند و لە بازاڕەکان فرۆشتیان، تا ئێستاش چارەنووسی هەزاران هاوڵاتیمان ڕوون نییە، بەرپرسی سەرەکی ئەم فەرمانە، دەوڵەتی فاشیستی تورک و پەدەکەی هاوکارێتی، لەسەر دەستی چەتەکانی داعش ئەم فەرمانەیان ئەنجامدا. ئەوانەی بەحیساب پارێزەری جڤاکەکەمان بوون، هەڵهاتن و ، جڤاکەکەمانیان ڕادەستی فەرمان کرد. ئەوانەی ڕووبەڕووی ئەم ئێش و ئازارەیان کردینەوە، ئەمڕۆ دەیانەوێت ئەو بەهایانە لەناوببەن کە بە خوێن و کۆششی هەزاران شەهید و ئیرادەی ئازادمان پێکهات. ئەوە ٩ ساڵ تێپەڕی، هێشتا بە پیلان و گەمەی قێزەون دەیانەوێت پرۆژەکانیان جێبەجێ بکەن. هاوپەیمانی ٩ تشرینی یەکەم، لەنێوان دەوڵەتی تورک و پەدەکە و کازمی، سەبارەت بە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد، باشترین نموونەیە بۆ ئەم پیلانە قێزەونانە. بەم هەڵوێستەش هێرش دەکەنە سەر ئیرادەی ئازادی جڤاکەکەمان، فەرمانی نوێ جێبەجێ دەکەن، پەدەکە مەزنترین شەرمی بەسەر خۆیدا هێنا و لە گۆڕەپان هەڵهات، ئێستە لە هەمووان زیاتر بەشداری ئەم پیلان و گەمە قێزەونانەیە، تاکە شت پەدەکە بتوانێت بیکات بۆ تێپەڕاندنی ئەم شەرم و ئابڕووچوونە، بریتییە لە داوای لێبووردن کردن لە جڤاکی ئێزدی و وازهێنان لە هەماهەنگییە قێزەونەکەیان لەگەڵ دەوڵەتی تورک.
ئەگەر هاوپەیمانی بەهێزتر نەکرێت، کۆمەڵکوژی مەزنتر ڕوودەدات
ئامانج لە هێرشی سەر جڤاکەکەمان لەلایەن دەوڵەتی فاشیست و ستەمکاری تورک و پەدەکەی هاوکاری، بەتەنها جڤاکەکەمان نییە، بەڵکو ئامانجەکە داگیرکردنی هەموو خاکی عێراق و کوردستانە، دووبارە سنووری میساقی میللی دەسەپێنرێت، دەیانەوێت هەموو پێکهاتەکان لە خاکەکەیان دووربخەنەوە و لە نزیکترین کاتدا خەونی داگیرکردنی هەرێمەکە بەدی بهێنن، بەم هۆیەوە، پێویستە هەموو نەتەوە و جڤاکەکانی هەرێمەکە درک بەم ڕاستییە بکەن و بە هۆشیاری و خۆڕاگرییەوە دژی هێرشەکان بوەستنەوە، ئەگەر پێکهاتە و جڤاکەکانی هەرێمەکە هاوپەیمانییەکی بەهێز پێک نەهێنن، هەموو ڕۆژێک کۆمەڵکوژی مەزنتر ڕوودەدات.
لەبەرامبەر ئەم هێرش و کۆمەڵکوژیانەدا، تا ئێستە، وەک یەبەشە و جڤاکەکەمان، هەزاران قوربانمان داوە تاوەکو شەنگال بە ئارامی و ئازادی بژی. تێکۆشانی ئەم شەهیدە مەزنانە هەموو ڕۆژێک دەریدەخات ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر ئامادەین بۆ پاراستنی خاکی شەنگال و عێراق و هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکە. لەپێناو ئەم ئامانجەدا، هەموو قوربانییەک دەدەین و لە هەموو ئاستێکدا تێکۆشان دەکەین. وەک چۆن شەهیدەکانمان ڕۆحی خۆیا کردە قەڵغا و نەیانهێشت خاکی هەرێمەکە داگیربکرێت، ئێمەش لای خۆمانەوە، بە هەمان ڕۆحی فیداکاریی و تێکۆشانەوە ئەمڕۆ ڕێگە بە داگیرکاری نادەین. ئێمە وەک یەبەشە، جڤاکەکەمان دەپارێزین، لەگەڵ جڤاکەکەمان هەموو پرۆژە و گەمە قێزەونەکانی هێزەکانی داگیرکەر پووچەڵ دەکەینەوە، خەونەکانی دوژمن لەباردەبەین، ئەوانەی وا دەزانن بەرامبەر ئەم هێرشە قێزەونانە پاشەکشە دەکەین، دەبێت ئەوە باش بزانن، توڕەییمان ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاد دەکات، تێکۆشانی شەهیدەکانمان دەگەیەنینە سەرکەوتن، ئەوانەی دەست دەبەن بۆ بەهاکانمان کە بە خوێنی شەهیدان پێکهاتووە، دەبێت حیسابی هەموو شتێک بکەن، چونکە ئێمە بەڵێنمان بە شەهیدان داوە، پشت بە هێزی جەوهەریمان دەبەستین، هێزی پاراستنی جڤاکین، دەتوانین دەستی دەستدرێژیکاران ببڕین، ئێمە فیداکاری پیرۆزی و باوەڕ و چاند و مێژوو و بەهاکانمانین. ئێمە وەک یەبەشە دەتوانین جڤاکەکەمان لە هەموو هێرشێک بپارێزین و ئێمە لە سەردەمی هێزی خۆمانداین.
پێویستە لەڕێگەی یەکێتییەوە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال بەهێزتر بکەین
پێویستە هەموو تاکەکانی جڤاکەکەمان بەتوندی دەستبگرن بە بەهاکانەوە، هاوپەیمانی خۆیان بەهێزتر بکەن، بە ئیرادەیەکی لەپاڵ هێزەکانی خۆپاراستن بوەستن. لەسەر ئەم بناغەیە، دەبێت بەشێوەیەکی مەزنتر درێژە بە تێکۆشان بدەین، لە هەموو بوارێک بەشداربن لە خۆپاراستنی جەوهەری. بەم ڕێگەیە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال بەهێزتر دەکەین. پێویستە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەنێو زیندانە چوارچێوەدارەکان دەربچن و بگەڕێنەوە خاکە پیرۆزەکەیان، لەپێناو بونیادنانەوەی شەنگال و ئافراندنی ژیانێکی ئازاد لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە.
بەم مانایە و لەسەر ئەم بناغەیە، بە ڕێز و سوپاسەوە یادی هەموو شەهیدان دەکەینەوە، تا دوا دڵۆپی خوێن لەسەر ڕێگەی شەهیدان بەردەوام دەبین، هەوڵدەدەین بۆ بەدیهێنانی دەستوبردی خەونەکانیان. بەڵێنمان بۆ شەهیدان بەدیهێنانی سەرکەوتن و ئازادی و بەهێزکردنی ئیرادەی گەلەکەمانە".