یەبەشە: لە هێرشی دەوڵەتی تورک ٣ هاوڕێمان شەهید بوون

یەبەشە ڕایگەیاند لە هێرشی فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ٣ هاوڕێمان شەهید بوون.

یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە)، پەیوەست بە هێرشی فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک لە دژی ئۆتۆمبیلێک لە چیای سەردەشتی شەنگال، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکەی یەبەشە وەهایە:

"ئەمڕۆ کاتژمێر ١٣:٥٠، فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی دەوڵەتی فاشیست و قڕکەری تورک ئۆتۆمبیلێکی هێزەکانمانی کردە ئامانج. لە ئەنجامی هێرشە دڕندانەکەدا، ٣ هاوڕێمان شەهیدبوون.

ئەم هێرشەی دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورک بە ئامانجی لەناوبردنی ئارامی شەنگال و ڕێگرییە لە گەڕاندنەوەی گەلەکەمان بۆ زێدی خۆیان. دوژمن و خیانەتکاران وا دەزانن بەم هێرشە ترسنۆکانە ئێمە بەرەو دواوە هەنگاو دەنێین، با بزانن، ئێمە لەسەر ڕێگەی شەهیدەکانمان بەردەوامین تا دۆزەکەیان دەگەیەنینە ئەنجام. تا ئەم دۆزە بە سەرکەوتن تاجدار نەکەین، دەست لە تێکۆشان و بەرخۆدانی ڕەوامان هەڵناگرین.

پاش ماوەیەک ناسنامەی هەڤاڵە شەهیدەکانمان بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە".