ئەدهەم بارزانی: کەس ناتوانێت هەرەشە لە من بکات لەسەر بەرنگاربوونەوەی تورکیا
ئەدەهەم بارزانی: کەس ناتوانێت هەرەشە لەمن بکات لەسەر بەرنگاربوونەوەی تورکیا، ئەگەر هەرێمی کوردستان کار نەکات بۆ ڕاوەستاندنی هێرشەکان ئەوە ئەگەری لە دەستچونی هەرێم هەیە.
ئەدەهەم بارزانی: کەس ناتوانێت هەرەشە لەمن بکات لەسەر بەرنگاربوونەوەی تورکیا، ئەگەر هەرێمی کوردستان کار نەکات بۆ ڕاوەستاندنی هێرشەکان ئەوە ئەگەری لە دەستچونی هەرێم هەیە.
ئەدەهەم بارزانی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربارەی هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا و تاڵانکردنی خاکی کوردستان بۆ بەشی سۆرانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و نرخاندنی گرینگی کرد، جەختی لەوە کردوە تورکیا مەترسیەکی جدیە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان.
لە سەرەتادا ئەدهەم بارزانی وتی،" هەڵوێستی من بەرامبەر هاتنی ئەرتەشی تورکیا بۆ باشوری کوردستان هەڵوێستی ئیستام نیە، مەن هەمیشە لە ڕابردوو هەڵوێستێکی دیارم هەبوە بەرامبەر داگیرکاری تورکیا، لە وانەیە ساڵانی پێش ئیستا وا پێشبینی کرابێت تورکیا بۆ ئەوە هاتوە کە تەنها هێرش بکاتە سەر پەکەکە، بۆچوونەکان لە سێ چوار ساڵی ڕابردوو بەم شێوە بوو، بەڵام ئەوەی لەم کۆتاییانەدا بەدیکرا ئەو هێرشانەی ئیستا تورکیا دەیکات لە داگیرکردنی شوێنە ستراتیژ و بەرزەکانی کوردستان مەترسیدارە، ئەوە بۆ جاری یەکەمە دەیڵیم هەر هێزێک هەر لایەنێک کە ناوچە بەرزە شاخاویەکانی لە دەست دابێت دەتوانی دەسەڵاتی هەبێت بەسەر دەهۆک، هەولێر، کەرکوک، موسڵ و تا نزیکی تکریت، بەوەش ئەگەر تورکیا لەو ناوچانە جێگیر بێت ڕاستووخۆ ئەو شوێنانەش داگیردەکات کە باسم کرد.
"هاتنی تورکیا بۆ داگیرکاریە"
هەروەها ئەدەهەم بارزانی وتیشی:" لە ئەنجامی کردەوەکانی ئەم دواییەی تورکیا ئەوە دەرکەوتوە بۆ هەر شوێنێک بچن جادەی بۆ دروست دەکەن، کارەبا و ئاوی بۆ ڕادەکێشن، ئەوەش نیشانەی داگیرکاریە، لیژنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان چونەتە ئەو شوێنانە و لە ڕاپۆرتی خۆیان ئاماژەیان بەوە کردوە کە هاتنی سوپای تورکیا هاتنێکە بۆ دگیرکاری."
"تورکیا تا ٢٠٢٣ دەیەوێت کوردستان داگیربکات"
ئەدهەم بارزانی لە درێژەی نرخاندنەکانی باسی ستراتیژی شاراوای هاتنی سوپای تورکیای کرد بۆ هەرێمەکە و وتی:" ئێمە نزیک دەبینەوە لە کۆتای هاتنی پەیمانی لۆزان کە لە ساڵی ٢٠٢٣ کۆتای پیدێت، کە ئەو پەیامانە پێش سەد ساڵ بەستراوە و تورکیای ناچار بەوە کردوە کە ولایەتی موسڵ بێ شەڕ رادەستی عێراق بکات، بەڵام لەو ڕۆژەوە تا ئیستا تورکیا کار لەسەر ئەوە دەکات ئەو ولایەتە بگەرێنیتەوە بۆ سەر تورکیا، وەک شرۆڤەکارێکی سیاسی دەتوانم بڵێم تەنها دوو ساڵ ماوە بۆ کۆتای هاتنی پەیمانی لۆزان ئەگەری زۆرە ئەو هێزە بۆ ئەوە هاتبێت لە گەڵ کۆتایی هاتنی پەیمانی لۆزان ئەوانیش بە تەواوتی دەست بەسەر خاکی باشوری کوردستاندا بگرن."
لەبارەی چارەسەری و کاری پێوست بۆ رێگریکردن لە سوپای تورکیا ئەدهەم بارزانی ئەوەی خستەڕوو،" لە بەیانامەیەکدا کە پێشتر بڵاوم کردبوە، داوام لە هەرسێ سەرۆکایەتی حکومەت، پەرلەمان، هەرێم، هاوکات یەکێتی ئەوروپا و کۆمکاری عەربی کردبوو کە دەوریان هەبێت لە ڕاوەستاندنی داگیرکاری تورکیا بەتایبەتی ولاتانی کۆمکاری عەرەبی چونکە ئێمە بمانەوێت یاخود نا تا ئیستا باشوری کوردستان سەر بە حکومەتی عێراقە، عێراقیش ئەندامە لە کۆمکاری عەرەبی، دەبێ هەموو ئەو هێزانەی کە کاریگەریان هەیە لە هەرێمی کوردستان دەبێت بەهانای ئەو بابەتەوە بێن چونکە ئەو بابەتە کێشەێکی گەورە دروست دەکات، بینیمان بە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل چی کێشەیەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دروست کرد، من پێشبینی دەکەم ئەو بابەتەش زۆر گەورەتر دەبێت لە کێشەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل لە ئایندێکی دووردا.
"ئەگەر کورد زوو هەڵویستی نەبێت زۆر گران بەسەری دەشکێتەوە"
هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێت تورکیا سەربازانی بۆ هەرکوێ بردبێت، دواتر چۆڵی نەکردووە، نموونەی قوبرس و ئەسکندەرونەی سوریا یاخود هەر شوێنێکی تر تورکیا هەمیشە تێدا ماوەتەوە. پێم وایە بارێکی زۆر گران دەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق قوربانیەکی گەورەی مادی و گیانی بدات بۆچارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئەوە ئەرکی هەموو حیزبە سیاسی و سەرکردە سیاسیەکانە، ئەرکی سەرەکی هەموو جەماوەری بە شەرەفی کوردستانیشە کە ئاگادار بن و چاوکراوە تربن لە ئاستی ئەو هێرشانە، من پێم وایە هێرشەکان فراونتر دەبن ناوچەکانیش لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەر دەچێت، دەبی هەرچی زووە کار لەسەر ئەو بابەتە بکەین و بیورژێنین چونکە دواتر چارەسەر نابێت قورستردەبێت و لەدەست دەر دەچێت."
لە درێژەی قسەکانیدا ئەدهەم بارزانی پشتیوانی خۆی دەربری بۆ هەر کارێک کە بتوانی ببێتە ئاستن بۆ پێشڕەویەکانی سوپای تورکیا لەسەر خاکی باشوری کوردستان و وتی :"هەندێک لەبرادەران سەرقاڵن کار لەسەر رێگریکردن لە داگیرکاری تورکیا دەکەن، بێگومان ئێمەش پشتیوانی هەر کارێک دەکەین بۆ ڕاوستاندن و پێشگرتن لە سوپای تورکیا و داگیرکاری."
"کەس ناتوانێت هەرەشە لە من بکات"
لە کۆتای قسەکانیدا و لە وڵامی پرسیاری ئایا شیخ ئەدەهەم هەرەشەی لێکراوە و بۆیە وڵاتی جێهێشتووە؟ ئاماژەی بەوەدا، "کەس ناتوانێت هەرەشە لە من بکات، هەر کەسێک هەڕەشە لە من بکات لەسەر ئەو بابەتە بۆ خۆی جوان نیە، گران لەسەری دەشکێتەوە، سەفەرەکەم بۆ دەرەوەی وڵات سەفەرێکی ئاساییە و هەندێکیش پەێوەندی بە چارەسەریەوە هەیە."
ف.ق