ئەگەر ڕاست دەکەن ئەوەی لە بادینان روو دەدا با لە هەولێر و سلێمانیش هەر وا بکەن!

خەریکە تابوتی دەسەڵاتی قەرەقووش و خێڵکی حکومەتەکەی هەرێم یان باشترە بڵێم گەر یەکێتی و گۆڕان عاجز نەبن حکومەتەکەی ماڵی بارزانی، بزمار ڕێژ دەکرێ و بە زبڵدانی مێژوو دەسپێردرێت.

رەوشتی دیکتاتۆرەکان هەر وایە، دەگەنە ئاستێک ئیتر "شەلم کوێرم هیچ ناپارێزم" دەبێتە کەڵکەڵەی هۆش و زکریان و تەر و وشک بەیەکەوە دەسوتێنن. خۆیان باش تێدەگەن لە هەیبەتی ئاگری ڕق و تورەیی خەڵک چ ناگرێ بەرگە و لە ناویان دەبەن.

سیمای سیاسی ئەمڕۆی هەرێم، ڕێک بۆنی ئەوەی لێ دەکرێ، دەبێ هەرچی زووە غەدار، دیکتاتۆر، دزەکان و تاڵانچییەکانی میللەتی مەزلووم و غەدر لێکراوی نەنفالکراو و کیمیابارانکراو، بێنەوە هۆش خۆیان و چارەیەک بۆ خۆیان و رۆژی لێقەومانیان بکەنەوە. مێژوو بەتایبەت مێژووی ئەم ٤٠ ساڵی رابردووی ناوچەکەمان و دەر و دراوسێ، ئەزموونی زۆر روون و زەقی تێدایە لە چارەنووسی ئەم دەسەڵاتە سەرەڕۆ و بێمنەتانە، لە ئاخردا کونجی زیندان، بەدارەوە هەڵاوەسران و یان هەڵاتن و پەنا بردن بۆ وڵاتانی بێگانە، ئاخر لاپەڕەکانی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتییان بۆ تۆمار کردوون.

ئەمڕۆ لە میدیاکانی کوردستان چاوم بە ژن و مناڵی گیراوەکان و حوکمدراوەکانی بادینان کەوتەوە، روخسارگەلێکم دی هەمان روخساری ژن و مناڵەکانی نۆگرە سەلمانی سەدەی رابردوو و زیندانەکانی سەدام حوسێنی تینوو بە خوێنی کوردان!

قین، تورەیی، برسێتی، ناعەدالەتی، زمانبرێن، دزی و تاڵان، بێ هیوایی، نەبوونی خزمەت و وەدەرکەوتنی فەریکە تازە فێرعۆنەکان لە هێلکە، سەرئەنجام رێ دەبا بۆ هەڵچوونی کۆمەڵانی خەڵک و ئیتر ئەم ڕۆژە کە گەڵ هەڵدەچێت و خوێن پێش چاوی دەگرێ، ئیتر نە لە هیچ خۆش دەبێ و نەهیچ بەرەنگاری دەبێتەوە.

ئەوان بە خەیاڵی خۆیان چاکیان دەست پێکردووە و ئەم زەبر و زەنگی تایبەت بە دیکتاتۆرەکانیان، لە ناوچەکەی کە پێیان وایە لە سەتاسەت ئی خۆیانە و بێ ڕیسکە دەست پێکرد، ئەوەیان بۆ ئەوە نەکردووە کە پێیان وابێ بەڕاستی ئەم گیراوانە تاوان و جاسوسی و خیانەتیان کردووە و دەبێ جەزا بدرێن، نا ئەوان ئەوەیان کرد تاقی کەنەوە لە دژەکرداری جەماوەر و گەر زانیان لە لای هاوڵاتییانی بادینان ئیشەکەیان مەقبووڵ و ئاساییە، ئەوجار گەشەی پێ بدەن بۆ هەموو کوردستان و هەموو ناوچەکان بە زەبری تۆقان و زیندان و زمانبڕین بە تەواوی بهێنە ژێر چۆکی خۆیان و ئیتر دەسەڵاتی بنەماڵە بۆ چل پەنجا ساڵ بۆ نەوەکانیان مسۆگەر کەن و هەڵسەنگاندن بۆ میللەت بکەن کە ئاخۆ هەموو شت قبووڵ دەکەن؟!

حەق وایە پەلەی بکەن و ئەم سیاسەتە هەرچی زووە بگوازنەوە بۆ سەری مارەکە و سلێمانی و گەرمیان و  هەڵەبجە و ناوچە یاغییەکان. ئاخر بەڕاست کوا خەڵکی ئارام و لەسەرخۆی بادینان موستەحقی ئەوەیە پێش سلێمانی ئاوا جەزرەبە بدرێن؟!

بۆیە دەڵێم با هەرچی زووە دەسەڵات پەلەی بکا و پەل باوێژێتە ئەو شوێنانەی کە هەرگیز بۆی دەستەمۆ نەکراوە، دەنا  بەڕاست ئەوەی ڕۆژانە لە لایان نوخبە و ڕۆژنامەنووس و چالاکە بوێر و ئازاکانی ئەم ناوچانە پێیان دەگوترێ و لێیان لە قاو دەدەن خۆ بێتە لانێکی ئەم گیراو و بێتاوانانەی بادینان لە سەدا یەکیشیان نەکردووە دژ بە دەسەڵاتیان. هەر شەوانە بڕوانە تی ڤی کان ئەمجار دەزانن کە ئەو بوێرانە شەو و ڕۆژ بە نووسین و گوتن چیان پێدەکەن؟!

دەست بردنی ئاوا بێ چاوەڕوویانە، بۆ شارەکانی دیکەی هەرێم، باش بزانن هەڵچوون و تەقینەوەی بەدوادا دێ و ئیتر ئەم کاتەیە بە یەکجاری میللەت رزگاری دەبێ لە زۆرداری و داگیرکاری دەسەڵاتی خۆماڵی!

خۆ بێتوو لە بەرامبەر ئەم زوڵمە گەورەی دەرحەق بە رۆژنامەنووس و گیراوەکانی بادینان دەکرێ شارەکانی دیکە بێدەنگی پیشە بکەن ئەوە ئیتر دڵنیا دەبم حوکمی ڕەشی خۆماڵی بەسەر هەموو کوردستاندا زاڵ دەبێ و هەزار ڕەحمەت بە کفندز دەخوازینەوە!

ژ.ت