داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست و قڕکەر لەسەر خاکی باشووری کوردستان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵویستی نەبووە و ئەمەش بووە بە هۆکاری نیگەرانی لە لای هاوڵاتیان. سەبارەت بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، هەر یەک لە نوسەر سەلام عەبدوڵا و ئەمیر خانەقینی ڕۆژنامەنوس و عەباس ئەرکەوازی ڕۆشنبیر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.
' تورکیا ئەندامی ناتۆیە و هاوکاری دەکرێت'
نوسەر و چالاکوان سەلام عەبدوڵا باسی لەوە کرد دەوڵەتی تورک تاوانێکی گەورەتر ئەنجام دەدات لە چاو پێشتردا، لە ئێستادا بە قوڵای ٣٥ کیلۆمەتر خاکی باشووری کوردستانی بەزاندووە و وتی: "دەسەڵاتی تورکیا تاوانێکی گەورە ئەنجام دەدات لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان، هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک مەترسی گەورەیە لە سەرخاکی کوردستان. ئەم داگیرکارییانەی تورکیا سەربەخۆ نیە و هاوکاری دەکرێت لە لایەن ناتۆوە."
باسی لەوەشکرد بێدەنگی گەل و لایەنەکان مەترسیە و وتی: " داواکارم لە ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پەدەکە و یەنەکە و یەکگرتوو، بێدەنگی بشکێنن لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی باشووری کوردستان."
' هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دژی مرۆڤایەتیە '
ڕۆشنبیر عەباس ئەرکەوازی باسی لەوە کرد هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان نایاساییە و وتی: " ئەو داگیرکارییەی تورکیا لەسەر هەرێمی کوردستان دژی مرۆڤایەتیە و یاسایی نیە. دەبێ هەموومان پێکەوە هەڵوێست پیشان بدەین دژ بە داگیرکارییەکانی تورکیا لەسەر باشووری کوردستان".
عەباس ئەرکەوازی ڕووی لە ڕۆشنبیران و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و عێراق کرد و وتی: " داوا دەکەم لە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆشنبیران کە دەبێ یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بین بۆ ڕوبەڕو بوونەوەی هێزەکانی تورکیا، چونکە سنوری زۆری خاکی کوردستان و عێراقی بەزاندووە گەر ڕێگەی پێ بدرێت هەموو خاکی کوردستان و عێراقیش دەگرێت."
' دژی هەموو داگیرکارییەکین بۆسەر خاکی کوردستان '
ڕۆژنامەنوس ئەمیر خانەقینی باسی لەوە کرد دەوڵەتی تورک زۆر بێ ویژدانانە و نامرۆڤانە هێرشی کردۆتە سەر باشووری کوردستان، دەبێ بە توندی ئیدانەی بکەین و وتی: " دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر ژینگە و گوندەکانی کوردستان و خاکی کوردستان دەشێوێنێ، ئەوەی هەستی مرۆڤبوونی هەبێت دەبێت دژ بەم داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا بێت."
ئەمیر خانەقینی بانگەوازی لە گەلی کوردستان کرد دژی ئەم داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورک بوەستنەوە و وتی: " دەبێت گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بوەستێتەوە. داواکارم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم هەڵوێستی جدیان هەبێت و دژ بە داگیرکارییەکانی تورکیا هەڵوێست پیشانبدەن."
هـ . ب