لە پلانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێكەوتنی ژێر بە ژێری ئەو حزبە لەگەڵ حکومەتی عێراقی لە دژی گەلی ئێزدی لە شەنگال، غەیاس سورچی بەرپرسی پەیوەندیەکانی مەڵبەندی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان لە موسڵ لە وتوێژێکدا هەڵوێستی یەكێتی لەبارەی ئەو پلانانەی پارتی بۆ ئاژانستی هەواڵی فورات-(ANF) ئاشكرا کرد.
ئەو ڕێکەوتنەی هی پارتیە نەک حکومەت
ئەو بەرپرسەی یەكێتی وتی، ئەو ڕێكەوتنەی لەسەر شەنگال کراوە بەناوی حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمەوە، ئێمە ئەو ڕێکەوتنە بە هی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراقی دەبینین، نەک حکومەتی هەرێمی کوردستان. وتیشی:" ئێمە سێ مەڵبەندی ڕێکخستنیمان هەیە لە سەرجەم پارێزگای نەینەوا و هیچ پرسێکمان پێ نەکراوە و ئێمە ئاگامان لەو ڕێکەوتنە نەبووە، بەڵکو لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە بیستومانە، پێشمان وایە ئەو ڕێکەوتنە سەر ناگرێت."
"ئێمە پشتگیریی ئەو ڕێکەوتنە ناکەین"
هەروەها ناوبراو وتیشی:"خۆزگە ڕێکەوتن لەسەر هەموو ناوچە کێشە لەسەرەکانی وەک کەرکوک، خانەقین، مەندەلی، جەلەولا و دەشتی نەینەوا کرابا، نەک تەنها لە ئاستی قەزایەکدا، ئێمە پشتگری ڕێکەوتنی شەنگال ناکەین."
لە وڵامی پرسی ئەوەی بۆچی لە تەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکان تەنها ڕێکەوتن لەسەر شەنگال کراوە، ئەو بەرپرسەی یەكێتی وتی:" ئێمەش ئەو رەخنەیەمان هەیە، دەڵێین بۆچی تەنها لەسەر شەنگال ڕێکەوتن دەکرێت، ئەو ڕێكەوتنە گومانی لای ئێمە دروست کردوە، ئێمە پێمان باشە خەڵکی شەنگال بگەرێتەوە، پشتگیری گەڕانەوەی شەنگال دەکەین."
"پەکەکە ٢٠٠ هەزار ئێزدی پاراست"
لە وڵامی ئەوەی ئایا بەرە لە ڕێکەوتنەکە هیچ رێگریەک هەبوو بۆ ئەوەی گەلی شەنگال بگەرێتەوە ناوبراو وتی:" پڕوپاگەندەی ئەوە دەکرا مەترسی هەیە لە رووبەرووبوونەوەی گروپی چەکداری جیاواز و پەکەکە، بەڵام ئێمە دەڵێن هۆکاری نەگەڕانەوەی گەلی شەنگال پەکەکە نیە، بەڵکو ئێمە بە ڕاشکاوانە دەڵێن پەکەکە، ڕۆڵێکی گرینگی لە خۆڕاگریی شەنگال و پاراستنی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار ئێزدی لە چیای شەنگال و ئازادکردنی شەنگالدا بینیوە."
"یەبەشە کچ و کوڕی شەنگالن"
دەربارەی ئەو پرۆپاگەندەیەی کە دەوترێت گروپی چەکدار لە شەنگال هەیە، ناوبراو وتی:" ئەو چەکدارانە كچ و کوری ئێزدیەکانن و خەڵکی ناوچەکەن، لەو ڕێکەوتنەدا ئاماژە بەوە دەکرێت (لە شەنگال نەمێنن)، ئەوە بۆ ئێمە جێگای سەر سوڕمانە و سەرنجی ئێمە رادەکێشێت، ئەگەر ئەو هێزەی ئێزدیەکان لەوێ نەمێنن بۆ کوێ بڕۆن؟ هەموو ئەو کەسانە عێراقین و خەڵكی شەنگالن و کوردن، بچن بۆ کۆی؟ بچنە شرناخ؟ بچنە ئامەد؟ بۆ کوێ بچن؟ ڕاستە نزیکن لە فکری ئاپۆ بەڵام ئەوەی لەسەر فکری ئاپۆ بێت، مەرج نیە پەکەکە بێت."
"ئەو ڕێکەوتنە دەوڵەتێکی هەرێمی لە پشتەوەیە"
لە کۆتایی قسەکانیدا ناوبراو وتی:"ئەو ڕێکەوتنە ئەجێندایەکی هەرێمیە، واتا دەوڵەتێکی هەرێمی لە پشتەوەیە، ئیستا گەلی شەنگال وەک پێشتر نیە کەس ناتوانێت جارێکیتر شەنگال بفرۆشێت، خەڵکی شەنگال ئێستا وشیارە و فکری کراوەتەوە، دۆست و دوژمنی خۆیان دەناسێت، جارێکی تر کەس ناتوانێت گەلی شەنگال جینۆساید بکات."
ز.ش