یەکێتیی ئەوروپا و ڕێکخراوەکان لە دەستگیرکردنی پەیامنێرانی ڕۆژنیوز ئاگادار دەکرێنەوە

ڕۆژنامەنووسانی کوردی دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپا، یەکێتی ئەوروپا، پەرلەمانی ئیتاڵیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و پەیامنێرانی ڕۆژنیوز ئاگادار دەکەنەوە و داوا دەکەن، فشار بکەن بۆ ئازادکردنیان.

کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی کورد لە ئەوروپا، لە نامەیەکدا، کە بە زمانەکانی کوردیی، ئینگلیزیی و ئیتاڵیی ئاڕاستەی هەریەک لە یەکێتی ئەوروپا، پەرلەمانی ئیتاڵیا، سەندیکای رۆژنامەنوسانی ئیتاڵیا، سی پی جەی، ئەمنستی ئەنتەر ناشناڵ و پەیامنێرانی بێسنووریان کردووە، داوایان کردووە، کە فشار بکەن بۆ ئازادکردنی ئەو رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەرانی، کە لە خۆپیشاندانەکەی دوێنێی سلێمانیدا دەستگیرکراون.

دەقی نامەکە:

بۆ بەڕێزان

یەکێتی ئەوروپا

پەرلەمانی ئیتاڵیا

سەندیکای رۆژنامەنوسانی ئیتاڵیا

سی پی جەی

ئەمنستی ئەنتەر ناشناڵ

پەیامنێرانی بێسنور

ماوەی پێنج ڕۆژە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق دژی پێنەدانی دەرماڵەکانیان هاتوونەتە سەر شەقامەکان کە جۆرێکە لە هاوکاری مانگانە و لە ساڵی ٢٠١٤ بەبڕیارێکی حکومەتی هەرێم ڕاگیراوە.

ئەو خوێندکارانە کە ژمارەیان ١٠٠ هەزار کەس دەبێت، بەشێوەیەکی مەدەنیانە داوای گەڕانەوەی مافەکانیان دەکەن کە خۆی دەبینێتەوە لە ٤٠ هەزار دیناری عێراقی تا ١٠٠ هەزار کە دەکاتە ٣٠  بۆ ٦٥ یۆرۆ لە مانگێکدا.

بەڵام لە بری وەڵامدانەوەی داواکارییەکانیان، حکومەت و هێزە ئەمنیەکان، بە ئەشکەنجە و گرتن رووبەڕویان بونەتەوە.

لە کاتێکدا ڕۆژنامەنووسان وەک ئەرکێکی یاسایی روماڵی چالاکیەکان دەکەن، بەڵام ڕوو بەڕووی گرتن و ئەشکەنجە دەکرێنەوە.

هەریەک لە ڕۆژنامەنووسانی ئاژانسی ڕۆژ نیوز بەرهەم لەتیف و بڕوا ئەسعەد لە شاری سلێمانی و لەکاتی رووماڵی خۆپیشاندانی خوێندکاران، لە کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ٢٤ ی ١١-شوێن بزرن و تەلەفوونەکانشیان داخراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان جگە لەو دوو رۆژنامەوانە، چەندین خۆپیشاندەر لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراوون، ژمارەیەکیشیان هەڕەشەیان لەسەرە.

ئەمە جگە لەو خۆپیشاندەرانەی کە بەشێوەی جۆرا و جۆر لەلایەن هیزە ئەمنیەکان ئەشکەنجە دراوون.

هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوو رووبەڕووی چەندین قەیرانی جۆراو جۆر و دروستکراو کراوەتەوە و هاوڵاتی و چالاکوان و رۆژنامەنووسان سەرکوت دەکرێن و دەخرێنە زیندانەکانەوە.

بەجۆرێک ماوەی زیاتر لە ساڵێکە دەیان چالاکوان و رۆژنامەنووس لەدەرەوەی هەموو یاساکان لەسەر پیشەکانیان و ئازادی رادەربڕین دەستگیرکراوون.

بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین هەڵوێستان هەبێت و لە رێگای بەیاننمامە و کەناڵەکانتانەوە فشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێم و هێزە ئەمنیەکان تا دەست لەو پێشێلکارییە هەڵگرن و رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر و چالاکوانان چیتر ئازار نەدرێن و گیراوانیش ئازاد بکرێن.

رۆژنامە نووسانی کورد لە ئەوروپا.

هەندرێن هەورامی- بەلجیکا

حیکمەت ئاسڵان- ئیتاڵیا

کارزان عەلی عوسمان- ئیتاڵیا

دابان ئەیوب- بەلجیکا

پەری تاهیر- بەلجیکا

لەنجە خورشید- ئەڵمانیا

فەرهەنگ هەڵەبجە- ئەڵمانیا

رەنجدەر مەغدید- بەلجیکا

قادر نادر- سوید

پێشڕەو ئیسماعیل- بەلجیک

سۆزان سەعید- بەلجیکا

مەکی ئامێدی- ئەڵمانیا

فەرمان محەمەمەد- ئیتاڵیا