ئەلیف رۆناهی ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری گشتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەشداری بەرنامەى تایبەتی رادیۆ دەنگی وڵات بوو و شیکاریی بۆ مانگرتنی زیندانیان کرد، کە بە پێشەنگایەتیی زیندانیانی دۆزی پەکەکە و پاژک بەڕێوەدەچێت.
ئەلیف رۆناهی بە بۆنەى ٢٢هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتەوە هێزە پیلانگێڕەکانی ئیدانە کرد و یادی شەهیدانی کردەوە، کە بە دروشمی "ئێوە ناتوانن رۆژمان تاریک بکەن" چالاکیی فیداییان ئەنجامدا و شەهید بوون. ئەلیف رۆناهی هەروەها یادی شەهیدان زولکوف، ئایتەن، زەهرا، مەدیا، یۆجا، ماهسون، سیراچ و ئۆگور کردەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ئیدانەکردنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد چالاکیی فیداییان ئەنجامدا.
ئەلیف رۆناهی رایگەیاند، لە سەرەتای پیلانگێڕییەوە زیندانیان لە زیندانەکاندا هەموو کات لە بەرخوداندا بوون و بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد تێکۆشاون و زیندانیانی شۆڕشگێڕ لە چوارچێوەری "کات کاتی ئازادییە" دەستیان بە بەرخودان کردووە و سڵاوی بۆ ناردن.
"بە دڵنیاییەوە تێکۆشانەکەتان سەردەکەوێت"
ئەلیف رۆناهی باسی ئەوەیکرد، پێشتر لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا چالاکیی مانگرتن لە خواردن دەستیپێکرد و دەوڵەتی تورک ناچار بوو رێگا بدات چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجام بدرێت و ئەو چالاکییە بە بانگەوازی ئۆجالان کۆتایی پێهات. ئەلیف رۆناهی وتی، "لە ئێستادا دەوڵەتی تورک لە هەموو بەشەکانی کوردستان هێرشی قورس ئەنجام دەدات. هەوڵ دەدات بە قورسکردنی گۆشەگیری پەیوەندیی رێبەرەکەمان لەگەڵ گەل بپچڕێنێت. لە هەمان کاتدا ئێمە دەزانین دەیانەوێت لە ئیمراڵی گوشاری جۆراوجۆر لە رێبەرەکەمان بەکەن تاوەکو بیهێننە سەر خاڵی چارەسەری بەپێی ئەوەى خۆیان دەیانەوێت، بەڵام رێبەرەکەمان لە شەڕێکی چڕ و قورسدایە. قورس نییە، کە مرۆڤ ئەو مەزندەیە بکات".
ئەلیف رۆناهی باسی ئەوەیکرد، ئەگەر گۆشەگیری کۆتایی پێنەهێنرێت و ئۆجالان لە رووی جەستەییەوە ئازاد نەبێت، ئەو فاشیزمە نەک تەنها بۆ کوردان، بەڵکو بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە مەترسی و هەڕەشە.
ئەلیف رۆناهی وتی، "هەڤاڵانمان لە زیندانەکان، گەلی کورد و ژنانی کورد دەزانن ئەگەر رێبەرمان ئازاد بێت دەست لەم دۆخە وەردەدات و فاشیزم رادەوەستێنێت، بۆیە زیاتر لە دوو مانگە لە بەرخودانی مانگرتن لە خواردندان. من لەو بڕوایەدام، کە ئەوتێکۆشانە بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت. هەم رێبەرمان و هەم هەڤاڵەکانمان لە زیندان لە هەلومەرجی ئازاددا چاوپێکەوتنی مێژوویی ئەنجام دەدەن".
"پەکەکە کاتێک دەستی بە تێکۆشانکرد، بە ئەندازەی نوکە درزییەک دەرفەت لە گۆڕێدا نەبوو"
ئەلیف رۆناهی ئاماژەى بەوەکرد، هەر چۆن زیندانیان لە زیندانەکاندا لە چوارچێوەی هەڵمەتی "کاتی ئازادییە" بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن، ئەمانیش بە رۆڵی بەرپرسیاریی خۆیان هەڵدەستن و بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن.
ئەلیف رۆناهی وتیشی، "دەبێت گەلی کورد زۆرترین هۆشیاری و ئاگارداری لەسەر ئەوە بێت و پشتیوانی لە بەرخودانی زیندانیان و گەریلا بکات. تەنها ئەوە بەش ناکات، کە بوترێت، ئاکەپە – مەهەپە لە لێواری هەڵوەشاندان، چونکە لە رێگای تێکۆشانەوە فاشیزم هەڵدەوەشێتەوە.
بۆیە بە تایبەتی گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکانی باکووری کوردستان دەبێت دەست بدەنە دەستی یەک و ئەو دەرفەتە بەکار بهێنن. ئێمە دەزانین، کە دوژمن هێرشی زۆر دەکات، رێگا نادات هەناسەیەکیش بدەن، هەروەها رێگا نادات کە دوو کوردیش پێکەوە کۆ ببنەوە، بەڵام کاتێک ئەم تێکۆشانە دەستیپێکرد، بە ئەندازەی نوکە دەرزییەک دەرفەت لە گۆڕێدا نەبوو، هیچ ئیمکانێک نەبوو. بەڵام ئێستا هەلومەرجی ئەوە هەیە، کە هەموو تواناکان بەکار بهێنرێن. گەلی کورد تاوەکو بە شێوەی رێکخستنکراو تێبکۆشێت، هیچ شتێک نییە، کە نەتوانێت تیایدا سەر نەکەوێت".
ژ.ت