ئەمڕۆ ١٣٠ بنەماڵەی دیکە گەڕانەوە بۆ شەنگال

ئەمرۆ لە کەمپی کەبەرتوی سەر بە دهۆکەوە ١٣٠ بنەماڵەی ئاوارەی شەنگال گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.

دوای ١٠ ساڵ ئاوارەیی ئیتر گەلی شەنگال پۆل پۆل دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان. لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەیەمین ساڵیادی فەرمانی ٢٠١٤ کۆمەڵگەی ئێزدی دەیەوێت دۆسیەی ئاوارەیی و کۆچبەری بە تەواوەتی دابخات و بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی و سەرلەنوێ دەست بە ژیانی ئاسایی خۆی بکاتەوە.

لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیاریدابوو کە دەرگای سەرجەم کەمپەکانی ئاوارەکان دابخات و ئەو کۆچبەرانە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام بە هۆی دەستوەردانی پەدەکە ئەو کاتەی دیاریکرابوو، درێژکرایەوە و بڕیاردرا تا ٣٠ تەمووز کەمپەکان بە تەواوەتی دابخرێن.

ئەو ١٣٠ بنەماڵەیەی ئەمڕۆ گەڕانەوە، خەڵکی گوند و کۆمەڵگەکانی شەنگالن و لەوێ نیشتەجێ دەبنەوە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگالیش بە هەموو هێزی خۆیەوە لەپێناو دابینکردنی پێداویستیەکانیان کەوتووەتە ئامادەباشییەوە.

دوای ئەوەی پارێزگای سلێمانی لە ئاوارەکانی شەنگال چۆڵ کرا، ئاوارەکانی شەنگال لە دهۆکیش دەستیان بە گەڕانەوە کرد و تەنیا ئەمڕۆ ١٣٠ بنەماڵە گەڕانەوە و زیاتر لە ٦٠٠ بنەماڵەی دیکەش لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا دەگەڕێنەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان ئەگەر دەستوبرد بکرێت لە ئامادەکردنی دۆسیە و پەڕاوی گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەر لە ساڵیادی فەرمان (٣ی ئاب) سەرجەم کەمپەکان چۆڵ دەبن، بەڵام پەدەکە لەمپەر و بەربەستی زۆر دروستدەکات بۆ ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە ئاوارەکان لە ناو کەمپەکاندا بهێڵێتەوە.

هـ. ب