ئەمڕۆ تەرمی ئەو پێنج کەسەی لە مێردین کوژران بەخاکدەسپێردرێن

بەتۆمەتی كوشتنی پێنج هاوڵاتییەكەی هەرێمی کوردستان لە توركیا، شەش تۆمەتبار دەستگیركران و ئەمڕۆش تەرمی پێنج هاوڵاتییە كوژراوەكە لە دهۆك بەخاک دەسپێردرێن.

بەیانی ئەمڕۆ، تەرمی ئەو پێنج هاوڵاتییەی شەوی ١٨ی مانگ، لە رێگەی نێوان نسێبین – مێردین کوژران، گەیشتەوە پارێزگای دهۆك و لە مزگەوتی غوفرانی ئەو شارە تەرمەکان شۆردران و نوێژی مردوویان لەسەر کرا و دواتر تەرمی حاجی عەبدوڵڵا و هاوسەر و کچەکەی بۆ گوندی باگێرا و تەرمی مەلا ئەحمەد جەلالەدین و دایکی بۆ شێلادزێ بەڕێکران بۆ بەخاکسپاردنیان.

ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا بڵاویكردەوە، ژمارەی ئەوکەسانەی دەستگیركران لەسەر ئەو ڕووداوە گەیشتووەتە شەش كەس، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەك لەسەر ناسنامەی تۆمەتباران بڵاوبكرێنەوە.

دوێنێش داواکاری گشتى نسێبین بڵاویکردەوە چوار کەسیان بەتۆمەتى دەست هەبوون لەو هێرشەدا دەستگیر کردوەو دانیان بەوەدا ناوە کە بۆ دزیکردن ئەو کارەیان کردوە.

بە بڕوای چاودێرانى سیاسى ئەو ڕووداوە نا ئاسایی و پلان بۆ داڕێژراوە، چونکە جۆری ڕووداوەکە ئەوە دەردەخات کە هەر لەگەڵ چوونە ناو خاکى باکوری کوردستانەوە ئەو هاوڵاتیانەى دهۆک چاودێری کرابێتن، لەسەر رێگایەکیش ئەو کارە کراوە کە هیچ کامێرایەکى دیکەى چاودێری لەسەر نییە.

هەروەها ئەو چاودێرانەى باس لە ڕووداوەکە دەکەن دەڵێن، بەپێی یاسا لە تورکیا هەڵگرتنى چەک بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیەو سزای قورسی هەیە مەگەر دەوڵەت چەک بدات بە کەسێک یان خۆی مۆڵەتى چەک هەڵگرتنى پێبدات، کەواتە چۆن ئەو کەسانەی هێرشەکەیان ئەنجام داوە چەکیان پێبووەو لەکوێ دەستیان کەوتووە؟.

ف.ق