"ئەمساڵ دەکەینە ساڵی چەسپاندنی ئازادی و خۆبەڕێوەبەری شەنگال"

دەزگای زمان و پەروەردەی ئێزدخان، نۆهەمین ساڵیادی رزگاری شەنگالی پیرۆزکرد و رایگەیاند، دەبێت ئەم ساڵ بکرێتە ساڵی ئازادی و چەسپاندنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال.

لە راگەیەندراوێکدا دەزگای زمان و پەروەردەی ئێزدخان ئاماژەی بەوەکرد، ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ شەنگال لە ئەنجامی بەرخودانێکی گەورە و مێژوویی رزگارکراوە و ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ئەوەی پێشەنگایەتی ئەو بەرخودانەی کردووە گەریلاکانی ئازادی و یەکینەکای بەرخودانی شەنگالن.

دەزگاکە بە ڕێز و پێزانینەوە یادی ئەو شەهیدە قارەمانانەی بەرزڕاگرتووە کە لە هەڵمەتی ئازادی شەنگالدا شەهید بوون و بەڵێنی درێژەپێدان بە رێباز شەهیدان تا هاتنەدی یەکجارەکی ئازادی و خۆبەڕێوەبەڕی شەنگالی دووپاتکردووەتەوە.

دەزگای زمان و پەروەردەی شەنگال لە درێژەدا رایگەیاندووە: "پەدەکە کە دەیگوت بە ١٢ هەزار پێشمەرگەوە شەنگال دەپاڕێزم، شەنگال لەبەردەم چنگی چەتەکانی داعش بەجێهێشت و هەڵات. ئەو خیانەتە بووە مایەی فەرمان و جینۆسایدێکی گەورە. گەریلاکانی ئازادی لەسەر بانگەوازی رێبەر ئاپۆ خۆیان گەیاندە شەنگال و بەریان بە فەرمانەکە گرت.

خیانەتی پەدەکە لەبیرناکڕێت. بەرخودان و هەڵوێستی فیداییش کە شەهیدان گرتیانەبەر، هەرگیز لەیادناکرێت. لەبەر ئەوەی شەنگال بە خوێنی شەهیدان جارێکی تر سەوز بووەوە. شەنگال شەقام بە شەقام و کۆڵان بە کۆڵان بە بەرخۆدان رزگار و ئاوەدان کرایەوە.

هەروەها بە پێشەنگایەتی شەهیدانێکی وەک بەرخودان، زەردەشت، سەعید حەسەن، دژوار و مام زەکی ئەو بەرخودانە پێشخرا. ئامانجی داعش لە رێگەی ئەو قڕکردنە دڕندانەیەوە ئەوەبوو کە کۆمەڵگەی ئێزدی لەناو ببات. لەرێگەی ئەو فەرمانەوە بە هەزاران مرۆڤ کۆمەڵکوژکران، بە هەزارانیش رفێندران و تائێستاش چارەنووسی بەشێکی زۆریان دیارنییە. ژمارەیەکی زۆریش ناچار بە ئاوارەیی و کۆجبەری بوون.

لەگەڵ دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال، شەنگال سەرلەنوێ ئاوەدان کرایەوە و لە مێژوودا یەکەم جارە کە دوای فەرمان کۆمەڵگەی ئێزدی دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. لە رێگەی دامودەزگا پاراستنی و پەروەردەییەکانیانەوە خۆیان بەرێوەدەبەن، کولتور، ئایین، زمان و خاکی خۆیان دەپارێزن. "

لە کۆتاییشدا دەزگای زمان و پەروەردەی ئێزدخان رایگەیاندووە، " نۆهەمین ساڵیادی رزگارکردنی سەنگال جاڕێکی دیکە لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەین. خاوەنداری لە شەنگالێکی خۆبەڕێوەبەر و ئازاد لە رووی زمان، کولتور و ئایین دەکەین و جارێکی دیکە یادی شەهیدانی قارەمان بەرزڕادەگرین".