ئەمڕۆ بەپێشەنگایەتیی ئەندامانی کۆنگرەی ستار، لە پردی نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە دیوەی سێمێلکا، خۆپیشاندانێکی بەرفراوان بەڕێوەچوو.
خۆپیشاندانەکە دژ بە شەهیدکردنی گەریلاکانی خەلیفان ئەنجامدرا، خۆپیشاندەران وێنەی شەهیدەکانیان بەرزکردەوە و دروشمی دژ بە خیانەتەکانی پەدەکەیان دەوتەوە.
بەشداربوانی خۆپیشاندانەکە چوونە بەردەم چادری خانەوادەی شەهیدەکان، کە چەند ڕۆژێکە لە دەروازەی سێمێلکا هەڵیانداوە و لە وتارێکدا ڕەمزیە محەمەد، وتەبێژی کۆنگرەی ستار، وتی: گەریلا ڕۆڵەی کوردستانن و ئامانجیان پاراستنی شکۆی گەلان و پێکهاتەکانی ناوچەکەیە.
ڕەمزی رایگەیاند، چادری خۆپیشاندان لە دەروازەی سێمێلکا هەڵناگرن، تا ئەوکاتەی تەرمی شەهیدەکانیان ڕادەست دەکەنەوە، هەروەها بانگەوازییان لە پەدەکە کرد کە دەست لە دژایەتییکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریی کوردستان بەربدات.
بڕیارە سبەینێ دانیشتوانی شاری قامیشلۆش بەشداریی چالاکییەکە بکەن لە دەرازەی سێمێلکا.
شەوی ٢٨ی ئاب پەدەکە هێرشی کردە سەر حەوت گەریلا لەسەر ئاوی زاپ لە خەلیفان، لە ئەنجامدا پێنجیان شەهیدبوون، یەکێکیان ڕزگاری بوو، گەریلاکەی دیکەش چارەنووسی نادیارە.
لەناو گەریلا شەهیدەکاندا، دوانیان خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن و چەند ڕۆژێکە خانەوادەی ئەو شەهیدانە، لە دەروازەی سێمێلکا چادریان هەڵداوە و داوای تەرمی شەهیدەکانیان دەکەن.
ف.ق