لە ساڵیادی خیانەتی ٣١ ی ئابدا، مەکتەبی سیاسیی یەنەکە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردۆتەوە و هێرشێکی توند دەکاتە سەر پەدەکە.
لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بیست و حەوت ساڵ لەمەوبەر لەسەر بانگهێشت و بە چاوساغی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، هێزەكانی گاردی كۆماریی رژێمی دیكتاتۆری بەعس شاری هەولێری پایتەختی كوردستان و پایتەختی خەونی ئازادی و ناوەندی دامەزراوە سەروەرییەكانی وڵاتەكەمانیان داگیركرد و زیانێكی كوشندە و جەرگبڕیان لەماناكانی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری دا كە هەرگیزا و هەرگیز لە بیر ناچنەوە".
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێن: " پارتی بە بیانووی پڕوپوچی تێكچوونی بەڵانسی هێزەكان لە شەڕی ناوخۆ، جارێكی تر سوپای ئەنفال و كیمیابارانیان هێنایەوە سەر خاكی كوردستان و شاری هەولێر".
هاوکات ئاماژە بەوە دەکات، لەم ڕووداوەدا، سەدان پێشمەرگەی یەنەکە کوژراون، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق کوژران و برینداربوون و سەدانیان بەدیل گیران و بێسەروشوێنکران. هەروەها تانکەکانی بەعس هێنرانە نێو پەرلەمانی کوردستان.
لە درێژەدا دەڵێن: " ئەم خیانەتە وەك زۆر ناپاكی تری مێژووی ئەم حزبە لە یادەوەری میللەتەكەماندا پەڵەیەكی ڕەشی قەترانییە و بەسەدان پاكانەی خیتابی ئیعلامی و كتێبی ناڕاست و گێڕانەوەی چەواشەكاری رووداوەكان ناسڕدرێتەوە".
مەکتەبی سیاسیی یەنەکە جەخت دەکاتەوە، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ یەکڕیزی و ئاشتەوایی بەڵام پەدەکە لەسەر ڕێچکەی خۆی بەردەوامە و دەڵێت: " ئەو هێزەی بەرپرسە لە خیانەتی ٣١ ی ئاب، لە جیاتی دەرس وەرگرتن لە رووداوەكانی مێژوو، لەسەر هەمان سیاسەتی چەوتی بەردەوامە و تازە بە تازە، بەهەمان نەفەسی تەسكی بەرژەوەندی پارتێتیەوە،ئاگری ناكۆكی و ناپاكی خۆش دەكات".
هەروەها لە ڕاگەیاندراوی یەنەکەدا ئاماژە بەوە دەکرێت، پەدەکە لەجیاتی ئەوەی بە سیاسەتی نەتەوەیی ئەم پەڵەیە لە مێژووەکەیدا بسڕێتەوە، کەچی بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی چەواشەکاری و شێواندنی مێژوودایە، دەیەوێت ڕەوایەتی بە خیانەت بدات.