یەنەکە: هێرشی تورکیا پێشێلکردنی سەروەری عێراقە

سەرۆكی فراكسیۆنی یەنەکە لە پەرلەمانی عێراق لە بارەی هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک هاتە دەنگ و ڕایگەیاند، پێشێلكردنێکی زەقی سەروەری خاك و ئاسمانی عیراقە.

هەرێم کەمال ئاغا، لە بارەی هێرشە داگیرکەریەکانی سوپای تورک بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵیت “بەردەوام بوونی ئۆپراسیۆنە سەربازیەكانی توركیا لە سەر خاكی هەرێمی كوردستانی عیراق، پێشێلكردنێکی زەقی سەروەری خاك و ئاسمانی عیراقە، بەبیانووی بوونی هێزەكانی پەكەكە، هەروا دژی پرەنسیپەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دراوسێیەتی نێوان عیراق و تورکیاشە”.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەنەکە لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت: ئۆپەراسیۆنەکانی ڕابردووش سەلماندوویانە، زمانی چەك كێشە ناوخۆییەکانی توركیا چارەسەر ناكات، بەڵکو قوڵتری دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەکردووە، چارەسەری كێشەی كورد لەتورکیا بەئۆپەراسیۆنی سەربازی و پێشێلکردنكردنی سەروەری وڵاتان چارەسەر نابێت، بەردەوامبوونی جەنگ  لە توركیا جگە ڕشتنی خوێنێکی زۆر و داتەپینی ئابوریەکەی، كێشەی كوردیشی کردۆتە کێشەی وڵاتانی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

کەمال ئاغا ڕاشیگەیاند: كێشەی كورد لە توركیا بەچەك چارەسەر نابێت، چونكە گەلی كورد پێکهاتەیەکی گەورەیە لە شیرازەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری توركیادا.

ف.ق