یەنەکە وەڵامی بارزانی دایەوە: خاکفرۆش ئەوانەن بارەگای تورکیایان هێناوەتە دهۆک و هەولێر
یەنەکە وەڵامی مەسرور بارزانی دایەوە و رایگەیاند، کە خاکفرۆش ئەوانەن کە رێگەیان دا تورکیا لە هەولێر و دهۆک بە سەدان بارەگای سەربازی بکاتەوە.
یەنەکە وەڵامی مەسرور بارزانی دایەوە و رایگەیاند، کە خاکفرۆش ئەوانەن کە رێگەیان دا تورکیا لە هەولێر و دهۆک بە سەدان بارەگای سەربازی بکاتەوە.
لە ١٦ی نیساندا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی باشووری کوردستان مەسرور بارزانی لە هەولێر بەشداری لە خوانێکی بەربانگدا کرد و رایگەیاندبوو: "ئێمە هەرگیز ناتوانین ببینە هابەشی خیانەت، گەندەڵی، تیرۆر، تۆقاندن، وێرانکاری و بەکارهێنانی خەڵک بۆ بەرژەوەندی خۆمان".
مەڵبەندی ٣ی هەولێری یەکێتیی نیشمانیی کوردستان (یەنەکە) وەڵامی مەسرور بارزانی دایەوە.
راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:
" داوەتکەرانی جەندرمە خاکفرۆشن
خاکفرۆش ئەوانەن کە زیاتر لە سەد بنکە و بارەگا و قەرەقولی جەندرمەی توركییان هێناوەتە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆك. خاکفرۆش ئەوەیە کە رێگەی خۆشکردووە جەندرمە رۆژانە هاوڵاتییان شەهید بکات و دارستانەکانیش ببڕێتەوە و ژینگەی کوردستانیش وێران بکات. قسە و هەڵسوکەوتەکانی سەرۆکی کابینەی نۆ، لەڕووی سیاسی و ئابوری و دیپلۆماسی و تەنانەت لە کاری پێکەوەییشدا، هەرێمی کوردستانی بەرەو تونێلێکی تاریك پەلکێشکردووە.
ئەوەی ئێستا لە هەرێمدا روودەدات، پێشێلکردنێکی تەواوی ئاکاری دەوڵەتداری هاوکێشە تیۆریی و سیاسیەکانیشە، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە و دەشپرسێت، حوکمڕانە تاکڕەوەکەی هەرێم، هەموو کات لەبەردەم قاپی بەغداد کەوتووە دەبێ شانازی بەچییەوە بکات؟ کارەکانی، جگە لە تێکدان و نەهێشتنی تایبەتمەندیە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان كە لە عێراق هەیبوو، چی دیکەی لە هەگبە بەتاڵەکەیدا ماوە بۆ فڕێدان؟ لەسەر ئاستی دنیاشدا، خەریکە هەموو دۆستە پشتیوانەکانیش دووردەخاتەوە. لەسەر ئاستی ناوخۆشدا، تەبایی و یەکڕیزییەکەی بەرەو هەڵدێران بردووە، خەریکە هەموو پەیوەندییەکان سفر دەکاتەوە.
ئەم برادەرە لەباری ئابوریشەوە هەموو سەرچاوەکانی داهات و قوتی خەڵکی کوردستان و مووچەی مامۆستا و پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسی گەیاندۆتە بنبەستێکی تاریك".
هـ . ب