یەنەکە: ئەوەی چەتەکان دەیکەن، پێچەوانەی ڕەوشتی هەولێرییەکانە

مەڵبەندی ٣ ی هەولێری یەنەکە لەبارەى ڕفاندن و سوکایەتیکردن بە هونەرمەندێکى بە ڕەگەز عەرەب لە شارى هەولێر ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.

مەڵبەندی ٣ ی هەولێری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەنەکە) سەبارەت بە ڕفاندن و سوکایەتیکردن بە هونەرمەندێکى بە ڕەگەز عەرەب لە شارى هەولێر ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت: "دوور لە هەموو بەها مرۆڤایەتیەکان و دابونەریتی جوان و جوامێرانەی کوردەواری و دوور لەهەموو نەریتە جوانەکانی هەولێر ژمارەیەك چەکدار لە عەنکاوای شاری هەلێر، هونەرمەندێکی بە ڕەگەز عەرەبیان ڕفاندووە و لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، سوکایەتیەکی زۆری پێدەکەن و ئازارێکی زۆریشیان داوە ".

هەروەها دەڵێت: "لە ڤیدیۆ تۆمارکراوەکەی ئەو چەکدارە چەتە و ڕێگرانەدا، پێڵاوەکانیان بەم هاوڵاتیە غەدر لێکراو و بێدەسەڵاتە ماچ دەکەن، کە ئەوەش پێچەوانەی ڕەوشت و دابونەریتی هەولێریەکانە ".

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئەم کردەوە تاوانکاریە ترسنۆکانەیە، زۆر بە تووندی ئیدانە و شەرمەزار دەکەین، کە بووەتە هۆی ناشیرینکردنی سومعەی بەرزی کوردەواری و هەولێریەکان. داوا لەدەسەڵاتی ئیداری و دادوەرى هەولێر دەکەین، بەزووترین کات بێنە دەنگ و تاوانباران دەستگیر بکەن بە سزای یاساى بگەیەنن".