ئۆپراسوێنەکەی تورکیا و سیناریۆی کوردانە
ئەگەر لێکۆڵینەوەی ورد و بێلایەن هەبن دەردەکەون زۆری ئەوەی دەدرێتە پاڵ پەکەکە سیناریۆ و هەوڵی گوازتنەوەی نیگایە، بۆ کورد گرنگە نەخزێتە نێو ئەو گەمە ناشرینەوە.
ئەگەر لێکۆڵینەوەی ورد و بێلایەن هەبن دەردەکەون زۆری ئەوەی دەدرێتە پاڵ پەکەکە سیناریۆ و هەوڵی گوازتنەوەی نیگایە، بۆ کورد گرنگە نەخزێتە نێو ئەو گەمە ناشرینەوە.
بانگەشەی کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆ سەر هەرێم لەزاری ئەردۆغان و بەرپرسانی تورکەوە، مەرج نییە هەر ئێستا کۆتاییهاتبێت و دەشێ بۆ یەک دوو مانگی دیکەش بەردەوام بێت، تورکیا زۆری بەلاوە مەبەستە گارا کۆنترۆڵ بکات، دەتوانێ یان نا ئەوەیان ئەستەمە وەڵامی تەواو بدرێتەوە، ئێستا گارا نە سنووری زۆنی سەوزو نە کەرکوک و موسڵ، گێلی تورکیا لەوەدایە هێشتا پێیوایە دەتوانێ بەچەک کورد نەهێڵێت، جێی داخە دنیاش لەبەرانبەر ئەم کوشت و بڕە بێدەنگە، تورکیا گارا بگرێت یان نا نە گەریلا بە کۆتا دێن، نەکورد دەتوێنەوە، بەڵام گرنگە کورد هەموو کورد تورکیا بناسن، نەک ئەوەی کورد بکەونە پێش تورکیا و بڵێن وەرە ئەوەی تۆ بۆی دەگەڕێی ئەوەتا لێرە، ڕووداوەکەی کەلار کە ڕووداوێکی ناخۆش و ناجۆر بوو، لەتەک ڕووداوگەلی پێشتری کفری و سوتانی بازاڕەکاندا هەموو گرێدراوی یەکن، تێیدا میت کار بۆ ئەوە دەکات چۆن بیانوو بەدەست بێنێت، تا زیاتر تورکیا پەلبهاوێت، ناخۆشی لەم یارییە قێزەونەدا ئەوەیە کورد بە سادە ترین شێوەش بەشداری بکات، یانی ئەگەر بە دوو قسەش بێت کەواتە ئەمە هاوکاری داگیرکەرانە، هەموو سیناریۆکان و هەر سیناریۆیەکی دیکەش بۆ لادانی چاوە لەسەر ئەو هەموو وێرانیەی سوپای تورکیا دەیکات.
ئەگەر بابەت بوونی پەکەکە بێت دەبێت هەموو ئەوە بزانن پەکەکە لەئەستەنبوڵ و ئەنقەرەو هەولێر و تارانیش هەن وەک چۆن لەتەواوی دنیا هەن تا دەگاتە ئەرجەنتین و بەرازیلیش، ئەمە ڕاستیە، بەڵام ئایە کامیان کردەی تیرۆر دەکەن پەکەکە کەداوای ئازادی دەکات، یان تورکیا کە دەیەوێ وێرانکاری بکات و ژن و منداڵیش دەکوژێت، بۆ کورد شەرمە دوودڵ بێت لەوەی لەنێوان ئەم دوانەدا کامیان هەڵبژێرێت، هیچ بیانویەک نیە بۆ هەڵبژاردنی دەوڵەتی تورکیا، با سەرنج و ڕەخنەشمان لەسەر پەکەکە هەبێت، ئەگەر لێکۆڵینەوەی ورد و بێلایەن هەبن دەردەکەون زۆری ئەوەی دەدرێتە پاڵ پەکەکە سیناریۆ و هەوڵی گوازتنەوەی نیگایە، بۆ کورد گرنگە نەخزێتە نێو ئەو گەمە ناشرینەوە، کەلار لەکوێ و گارا لەکوێ، دواتر پەکەکە لەتەقاندنەوە بێت، هەزار کۆڵان و کون و کەلەبەر لەئەستەنبوڵ هەن بای ئەوەش کورد هەن، بەڵام پەکەکە تیرۆریست نیە، ئەوەی ئەو ناوەی داوەتە پاڵ لەمن و تۆ باشتر ئەوە دەزانێت.
تورکیا لەهەمان کاتدا کە پەلاماری ژیانی گارا دەدات، لەولاوە دەستی تەوقە بۆ ئەسەدو نامەی دڵداریش بۆ خەڵکی تر دەنێرێ و تەنانەت داوا لە شاخیش دەکات بۆ مامەڵە، ئەوە کوردە بەپێ خاوسی تێی کەوتووە، ئێمە پێویستمان بە کەمێک ئاوەزە، ڕۆژی ئاشتی و ئازادی دێت و ڕەش و سپی دەردەکەون، ئیتر بۆ دەبێ کەمێک ئاوەزمان نەبێت، بۆ کورد کەلار و شەقڵاوە یەکن کێ قازانج لەوە دەکات، کەلار زیانی بەر بکەوێت، گەلۆ ئەم ئاوەزە ئەمنییە بۆ حوکمڕانی و پێکەوەیی کوردانە زەرەری گەورەی هەیە، لەکوردەکان گەڕێن بایەکتریان خۆشبوێت، ئەوەیان لەڕق بوونەوە لەیەکتر باشترە.
تا نەبینە ئەو مرۆڤەی سلێمانیمان بە قەد هەولێر و سنەمان بەقەد ئامەد و عەفرینمان هێندەی خانەقین خۆش نەوێت، ناتوانین نەتەوەسازی و مرۆڤسازی بکەین، بۆ دوژمن خۆیان گوتەنی سەگی ڕەش و سپی یەکە کوردی باش و کوردی خراپ نییە، لەبەر ئەوەی لای ئەو کورد واتە ئەوەی لەقەبرسانە، بۆیە کێشەکە لەخۆماندایە لەبونیادی ئێمەدا، ئێمە خۆمان پێ بچوک و کەمە، دوژمنیش بۆ زاڵبوون بەسەرماندا ئەوەندەی بەسە.