دەوڵەتی توركیا لەكاتێكدا سەرقاڵی بەربەستدانان و دروستكردنی دیوارە لە سنورەكانی كوردستاندا، دەوڵەتی ئێرانیش بەپێچەوانەوەی ئەوەی كە پرسی كورد چارەسەر بكات، لەفكری توندوتۆڵكردنی زیاتری سنورەكانە لەرێگەی سەربازییەوە. فەرماندەیەكی پایە بڵندی سنورپارێزیش رایگەیاندووە؛ سەرقاڵی توندوتۆڵكردن و داخستنی بەپەلەی سنورەكانن.
ساڵانە دەوڵەتە داگیركەرەكان سەرقاڵی كۆنترۆڵكردنی زیاترن لەسەر سنورەكانی كوردستان، ئەو سنورانەی كە بۆ دانیشتوانی سنورەكان شتێكی بەدەر لەدووری و رەنج و ئێشی لەگەڵدا نەبووە، بەهۆی ئەو سنورانەوە لەچەند سەدەی رابردووەوە خوێنی هەزاران مرۆڤی بێ تاوان رژاوە.
ئەحمەد عەلی گودەرزی یەكێك لەفەرماندە پلە بەرزە سەربازییەكانی رژێم كە لەم رۆژانەدا سەردانی سنورەكانی ئێرانی كردووە و چووەتە مەریوان رایگەیاندووە؛ دەوڵەت دەیەوێت بەدروستكردنی رەبایە و خاڵی چاودێری رێڕەوە سنوریەكان لە ئۆرمێ، سنە و بەشێك لە كرماشان كۆنترۆڵ بكەن و سنورەكان توندوتۆڵ تر بكەن. ئەو فەرماندەیە راشیگەیاندووە؛ داخستنی سنورەكان، كاریگەری گەورەیەكی لە ئاسایشی هەمیشەیی وڵات هەیە.
بەڵام دیار نییە باس لەكامە ئاسایش دەكات؟ لەتەقەكردن لەكۆڵبەران و سووتەمەنیبەرەکان بگرە، تا ئەشكەنجە و ئێش و ئازاری نیشتەجێیان ئەو هەرێمانە بگرە تا ئەشكەنجە و شوێن بزركردنی بەرهەڵستكاران لەدۆسیەی هێزەكانی رژێمی ئێران لەناوچە سنوریەكاندا بوونی هەیە. هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتیەكانی رژێم تەنانەت چالاكییە مەدەنیەكان سەركۆت دەكەن. رێگە بەپەروەردە بەزمانی دایكی لەقۆتابخانەكاندا نادەن و لەژێر سێبەری سیلاحەكاندایە. هەرشێوە هەڵسوكەوتێكی هێزەكانی رژێم سەركۆتگەر و داگیركەرانەیە.
بودجە و میزانیەیەكی زۆر بۆ دابینكردنی كەل و پەلی ئیلكترۆنی و كڕینی فرۆكەی بێ فرۆكەوان پێویستە. بەخەرجكردنی ئەو هەموو پارە بێ كەڵكانە، كە هیچ قازانجێكی بۆ مرۆڤ نییە، دەتوانن دەرفەتەكان كار بۆ گەنجان دابین بكەن كە بەهۆی بێكارییەوە ناچار بەكاری كۆڵبەری نەبن.
عەلی گودەرزی نموونەی زۆر لەو وڵاتانەی هێناوەتە، كە چۆن چۆنی سنورەكانیان توندوتۆڵ و داخستووە و ویستوویەتی بەمشێوەیە رەوایەتی بەكارە ناڕواكانی رژێم بدات، بەڵام لەبیرچووبوو، كە بیرۆكە پێشكەوتووە جیهانیەكان سنوورەکان تەنها شکڵین و سنوور بۆ دابڕاندنی مرۆڤ و کۆمەڵگەکان و کوشتنی مرۆڤەکان نییە، بەتایبەتی بیرۆكەی كۆنفیدرالیزمی دیموكراتیكی كوردەكان کار بۆ لەناوبردنی هێدی هێدی سنورە دەستكردە دروستكراوە دژ بە مرۆڤەکان دەکات.
ژ.ت