لەشکرکێشی سوپای تورکی قڕکەر و داگیرکەر بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان هەڵوێستیان نەبووە وگەلی باشوور نیگەرانن لە بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکدا. هەر یەک لە مامۆستا جوتیار فەقێ سڵێمان و فەرمانبەر حەیدەرعلی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.
' ئەردۆغان دەیەوێت بە هەرجۆرێک بێت کورد لە ناوبەرێت '
مامۆستا جوتیار فەقێ سڵێمان باسی لەوە کرد داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژووی هەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانی و وتی: " ئۆردۆغان خەونی زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی هەیە و دەیەوێت ئەم خەونەی لەسەرخوێنی گەلانی ناوچەکە بەدی بهێنێت، بۆ نمونە ئەو داگیرکارییەی لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات. ئەم داگیرکارییەی تەنها داگیرکاریی سەربازی نیە بەڵکو ئابووری و کلتوری و هەمەجۆرە، بە باوەڕی من ئەردۆغان کورد و گەریلا وەک نەبوونێک دەبینێت و هەموو هێزی خۆی بە کاردێنێت بۆ لە ناوبردنی کورد و گەریلا بە هەرشێوەیەک بێت."
' گەریلا بەرگری لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات '
مامۆستا جوتیار فەقێ تیشکی خستەسەر ئەوەی ئۆردۆغان وەک نازی نوێ دەبینرێ و شێوەی گرتووە و گوتی: " لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی ئۆردۆغان، تەنها گەریلایە پشتیوانی کورد دەکات، دەبێت کوردان لە هەرکوێی دونیابن پشتیوانی گەریلا بکەن. لە هەر چوار پارچەی کوردستان تەنها گەریلایە بەرگری دەکات و شکۆی کورد دەپارێزی لە بەرامبەر داگیرکەردا. بەداخەوە لەم کاتەدا ئەوەی جێگەی خەمە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان جگە لەوەی بێدەنگە، بووە بە داردەست و ڕێنیشاندەری ئەم داگیرکارییەی ئۆردۆغانی داگیرکەر و پەدەکەش هاوکاری دەکات، ئێمە ئەو ڕاستیە دەزانین لایەنێک بووە بە هێڵی خیانەت. بەڵام بەداخەوە لایەنەکانی تر و میدیاکان و کۆمەڵگاش لەم کاتەدا بێدەنگن. لەم سەردانیکردنەی کۆتایی ئۆردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگۆی ئەوە بڵاو بوویەوە کە ڕێککەوتنی ئەمنی ئەنجام دراوە، وە بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەوە زانیارییانە پشت ڕاست دەکەنەوە کە ڕێکەوتن کراوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا مامۆستا جوتیار فەقێ گوتی: " دەسەڵاتی ئەم وڵاتە و بە ئۆپزسیۆنیشەوە، بێدەنگیان نیشانەی قبوڵکردنی ئەم لەشکرکێشیەی ئۆردۆغانە، پێویستە کوردان لە هەرشوێنک بن، لە هەر پێگە و دەسەڵاتێک بن دەبێ ئیدانەی ئەم لەشکرکێشییە بکەن."
'هێرش و داگیرکارییەکان لەسەر باشووری کوردستان گەشتۆتە حاڵەتێکی مەترسیدار'
فەرمانبەر حەیدەر علی سەبارەت بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان وتی: "ساڵانێکی زۆرە هێرش وداگیرکاریی لەسەر باشووری کوردستانە، بەڵام لە ئێستادا گەشتۆتە حاڵەتێکی زۆر مەترسیدار، لەگەڵ ئەوەشدا هێرش و داگیرکارییەکان بۆ سەر سەروەریی عێراقیشە، بەداخەوە بەغداد و هەولێریش زۆر بێ هەڵوێستن. داگیرکەر گەشتۆتە ئاستێک خاک و وڵاتمان دەسووتێنێت، ئەوەی جێگەی داخە کۆمەڵێک خەڵکی بەناو ڕۆشنبیر و سیاسی و نوخبە زۆر بێ هەڵوێستن. لە ڕاستیدا داگیرکارییەکان بە بیانوی پەکەکەوە ڕاست نیە و گەر بگەڕێنەوە بۆ مێژوو سەدان ساڵە تورک هەوڵی داگیرکردنی خاکی کوردانی داوە، دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد بووە."
' پەدەکە هەمیشە خیانەت دەکات '
حەیدەر علی باسی لەوە کرد لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا لایەن هەیە نەک دژی داگیرکەران نیە بەڵکو هاوکارییان دەکات و وتی: " لە بادینان کارەسات ڕوودەدات، دەوڵەتی تورک گوند و چیاکان دەسوتێنێت، سەرەڕایی ئەوەش پەدەکە وەک کاری هەمیشەی خیانەت دەکات کە لە مێژووشدا هەر خیانەتی کردووە و پێش سوپای تورک کەوتووە، ڕێگری لە ئەنجامدانی چالاکی وڵاتپارێزان دەکات، ڕێگری لە گەریلاکان دەکات کە بەرەنگاری دووژمن دەبنەوە. ئەمە قۆناغێکی زۆر مەترسیدارە ئەزموونی هەرێمی کوردستان و خوێنی هەزاران شەهید کە دراوە لە پێناو ئەم وڵاتەدا لە مەترسیدایە کە بەهۆی داگیرکارییەوە لە ناوبچێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا حەیدەر علی داوای لە هەموو توێژ و بەشەکانی جڤاک کرد دژی داگیرکارییەکان بووەستنەوە و وتی: " داواکارم لە لایەنە سیاسییەکان و حکومەت هەڵویستی جدیان هەبێت و ڕۆشنبیران و مامۆستایان بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر داگیرکارییەکان."
هـ. ب