ئەردۆغان و ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لەیەک خاڵدا هاوبەشن، کە ئەویش پیاوە نەخۆشەکەیە

شارەزایەکی مێژوویی دەربارەی خەونی ئەردۆغان بۆ زیندوکردنەوەی ئیمپڕاتۆریەت دەلێت: " تەنها خاڵی هاوبەشی ئەردۆغان و عوسمانیەکان ئەوەیە ئەردۆغانیش پیاوە نەخۆشەکەیە و بەرەو نەمان دەچێت."

دەوڵەتی تورک بە سەرکردایەتی ئەردۆغان لە چوارچێوەی سیاسەتی نەئۆ عوسمانی واتە پڕۆژەی فراوانکردنی خاکی عوسمانی، بە شێوەیەکی نوێ دەیەوێت ئیمپراتۆری عوسمانی نوێبکاتەوە و هەرێمە ستراتیژیەکان داگیربکات، لە شەوی ٢٣ی نیسانەوە دەوڵەتی تورك شاڵاوێكی مەزنی داگیركاری لە دژی باشووری كوردستان دەستپێكرد و ئامانجی دەوڵەتی تورك لەم شاڵاوە داگیركارییە سڕینەوەی هەموو دەستكەوتەكانی گەلی كورد و لكاندنی باشووری كوردستانە بە دەسەڵاتی عوسمانی نوێ بوو.

 بەدەر لە هەڵوێستەكانی تورك لە سووریا و عێرا ق هەڵمەتە سەربازییەكانی لەدژی كورد لەو ناوچانە، ئەو دەیان هەڵوێستی تری هەیە لەدژی كورد لە هەر شوێنێك و لەدژی نەیارانی رەوتە ئیخوانییەكەی و كەسیی ئەردۆغان، جگە لەو هەڵوێستانەی لەگەڵ ناسیۆنالیستی تورك و رەچەی فرەوانخوازی بە میرات بۆماوەی دەوڵەتی عوسمانی لە ناوچەكە و لە سەرانسەری دنیا هەیەتی، هەوڵە فراوانخوازییەکانی دەوڵەتی تورک بەسەرکردایەتی ئەردۆغان کە خۆی بە پاشای عوسمانی نوێ دەبینێتەوە، لەماوەی ڕابردوو چەندین ئۆپراسیۆن و هەنگاوی نا بۆ فراوانکردنی هەژموون دەسەڵاتی تورک لەناوچەکە، وەکو ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن و ناردنی سوپا بۆ لیبیا، سوریا، عێراق، ئازەربایجان و چەندین کاری وەکو گەران بەدوای سەرچاوەی وزە لە دەریای ناوەراست کە ئەمەش وڵاتانی ئەوروپی نیگەران کرد.

سەبارەت بە هەوڵەکانی فرانخوازییەکانی ئەردۆغان بۆ زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی نوێ، عەبدولستار جەباری نووسەر و مێژووناس، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا و وتی : "ئەردۆغان و ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لەیەک خاڵدا هاوبەشن. ئەویش ئەوەیە کە چۆن ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی پیان دەوت پیاوە نەخۆشەکە و لەناوچوو، ئیستاش ئەردۆغان پیاوە نەخۆشەکەیە و لەناوچوونی نزیکە".

جێگای باسە لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهاندا، ئیمپڕاتۆریەتی ئیبگلیز بە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی دەوت پیاوە دەوڵەمەندە نەخۆشەکە، بەحوکمی ئەوەی کە دەوڵەتی عوسمانی تەواوی سەروەت و سامانی ولاتی ژێر دەستی لە تورکیادا کۆکردبوەوە و لەکۆتا رۆژەکانی دەسەڵاتی بوو بەهۆی لاوازبوونیەوە، بۆیە ئینگلیزەکان ناسناوی"پیاوە نەخۆشە دەولەمەندەکە" لە دەوڵەتی عوسمانی نابوو.

ئاینی ئیسلامیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنا

عەبولستار جەباری نووسەر و مێژووناس، سەبارەت بەخۆسەپاندنی ئەردۆغان وەکو خەلیفەیەکی ئیسلامی و عوسمانی وتی: "ئەردۆغان لەخەون و خەیاڵێکی نەزۆکدا دەژێت، چونکە خەڵکی ئیستا بەراورد بە سەردەمی عوسمانی هۆشیارترن، لەسەردەمی کۆندا دەوڵەتی عوسمانی ئایینی ئیسلامیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنا. خەڵکیان وا پەروەردە کردبوو کە ئەگەر هەڵەیەک بەرامبەر دەوڵەتی عوسمانی ئەنجام بدەی واتە هەڵە لە بەرامبەر ئیسلام ئەنجامدراوە و دەچیتە دۆزەخەوە، بەڵام لەئیستادا ئەو قۆناغی ناهۆشیاریەی خەڵکی تێپەری."

تەنانەت کەسە نزیکەکانی ئەردۆغان ناڕازین لە سیاسەتیەکانی

هەروەها عەبولستار جەباری، دەربارەی پشتیوانخوازان لە هەوڵە فراونخوازییەکانی ئەردۆغان دەڵێت، " لەئیستادا نەک تەنها کورد و گەلانی ناوچەکە نیگەرانن لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هەوڵە فراوانخوازییەکانی تورک، بەڵکو لەناوخۆی تورکیادا نیگەرانییەکی زۆر هەیە. تەنانەت کەسە نزیکەکانی ئەردۆغان و ئەوانەی رۆژانێک دۆست و هاوبەشی بوون لەئیستادا ناڕازین لەسیاسەتیەکانی و ناوخۆی تورکیا درکیان بە مەترسییەکانی فراوانخوازی کردووە، کە یەکێک لەو لیکەوتانەی فروانخوازییەکانی ئەردۆغان داڕمانی ئابوری وڵاتەکەیە کە تورکیای تووشی قەیرانێکی ئابوری کردووە، بۆ نموونە عەلی باباجان دەلێت"پێش وشکبوونەوەی عارەقەی نیوچەوانمان پارتەکەمان بزر دەبێت".

خاڵی هاوبەشیان تەنها ئەوەیە کە ئەردۆغانیش پیاوە نەخۆشەکەیە

سەبارەت بە گۆشەگیربوونی تورکیا لەلایەنی دبلۆماسی لەناوچەکدا، ئەو شارەزایەی مێژوو ڕایگەیاند: " پێشتر ئەحمەد داودئۆغلۆ دۆست و هاوبەشی کۆنی ئەرۆگان دەیوت، ئێمە تورکیا بنیاد دەنیینەوە و لەناوچەکە ئاشتی دروست دەکەین، بەڵام لەئیستادا تورکیا لە خراپترین دۆخی دبلۆماسیدایە و بەجۆرێک بە تەواوی وڵاتانی کەنداو و ولاتانی درواسێ لەهەڵسوکەوت و لە دەستێوەردانەکانی نیگەرانن، بۆیە ئەگەر ئەرۆدغان خۆی بە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بەراورد بکات ئەوە لە یەک خاڵدا هاوبەشن ئەویش پیاوە نەخۆشەکەیە و ئەرۆدغان نزیکە لەکۆتایی."

تا بە خەڵکی بلێت ئێمە ئیمپڕاتۆریەتین

کاتێک ئابوری تورکیا بەهێز بوو ئەردۆغان بەهەلی زانی دەوڵەتی عوسمانی نوێ دروست بکاتەوە، بەجۆرێک کە ئەردۆغان لەیەکێک لەشارەکانی تورکیا کۆشکی عوسمانی بنیادنا لەماوەی ڕابردووش هەفتانە لە شوێنە گشتیەکان لە تورکیا بە بڕیاری ئەردۆغان بەخۆڕایی نمایشی کلتوری سەردەمی عوسمانی نمایش دەکرێت تا بە خەڵکی بلێت ئێمە ئیمپڕاتۆریەتین، هەروەکو فیرعەون کە چۆن خۆی بەخاوەنی تەواوی زەوی ناوچەکە دەبینی، ئەدۆغانیش بەهەمان شێوەیە بیر دەکردەوە بەڵام سەرکەووتوو نەبوو."

دەرچوون لەم قەیرانە ئاسان نیە و ئەستەمە

سەبارەت بە باردۆخی ئیستای دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان ئەو نووسەرە  شارەزاەیی مێژوو ئاماژەی بەوەدا: "لەئیستادا ئەردۆغان کەوتۆتە نێو قوڕاوێکی سیاسی کە رزگاربوون لی ئەستەمە، کەسە نزیکەکانی ئەردۆغان هەوڵدەدەن لەئیستادا ئەرۆغان رزگاربکەن و ڕازی بن بەوەی کە ماویانە بەڵام دەرچوون لەم قەیران و قوڕاوە سیاسیە ئەوەندە ئاسان نیە."

ئەمەش هۆکاری ڕق و کینەی تورکە بەرامبەر بە کورد

سەبارەت بە ڕق و کینەی تورک بەرامبەر گەلی کورد، عەبدولستار رایگەیاند " لە کاتێکدا کە تەواوی نەتەوەکانی تورکیا خۆیان کرد بەتورک، بەڵام کورد بەردەوام بوو لە پێداگیری لە نەتەوە بوونی خۆی، ئەمەش هۆکاری ڕق و کینەی تورکە بەرامبەر بە کورد، ئەو پێداگیریەی کورد لە نەتەوەکەی خۆی لە بۆ دایکە گەرورەمان(نەفەرتیتی)یەوە بۆمان ماوەتەوە، کاتێک دایکە (نەفەرتیتی)خێزانی فیرعەون دان بە خوابوونی فیرعەون نانێت و دەلێت "خوا خۆرێکی یەکتا هەیە دەبێت بیپەرستن" و دان بە فیرعەون نانیت وەکو خودایک بەوهۆیەوە خۆی و کوڕەکەی دەکوژرێت."

ئەردۆغان کار لەسەر سڕینەوەی مێژوو و ڕەسەنایەتی کورد دەکات

هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا عەبدولستار جەباری وتی: " گەلی کورد هەمیشە ئامادەیە قوربانی بدات لەپێناو پاراستنی نەتەوەبوونی خۆیدا، بۆیە ڕق و کینەی تورک بەرامبەر کورد لە دڵیان ماوە، لەئیستاشدا ئەردۆغان کار لەسەر ئەوە دەکات کە مێژوو و ڕەسەنایەتی کورد بسڕیتەوە، بەڵام هەرگیز ئەو هەوڵانە سەرکەوتوو نابن، چونکە گەورەترین خەزینە و سەرمایەی کلتوری و فۆلکلۆری کوردی لە باکوری کوردستان هەیە."

ف.ق