ئەردەم: پەدەکە یاری بە ئاگر دەکات و دەیەوێت هێڵی خیانەت بگەیەنێتە لوتکە

سەلاحەدین ئەردەم، نووسەری کورد ڕایگەیاند، پەدەکە یاری بە ئاگر دەکات و دەیەوێت هێڵی خیانەت کە ساڵانێکە بەردەوامە، بگەیەنێتە لوتکە و ئیدارەی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەش ئامادەکاری بۆ هێرشی داگیرکاری نوێ بۆ سەر گارە دەکەن.

سەلاحەدین ئەردەم، لە دوایین وتاریدا کە لە ڕۆژنامەی "یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا" بڵاوبووەتەوە، تیشکی خستووەتەسەر پیلانگێڕییە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و خیانەتەکانی پەدەکە بۆ هێرشکردنە سەر گارە.

ئەردەم نووسیویەتی: دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ساختە، کە پێشتر ئەنجامەکەی دیاریکرابوو، تەیب ئەردۆغان سەرۆکی فاشیستەکان وتی: ئێمە زیاتر دژی تیرۆر دەجەنگین و لەسەر ئەم بنەمایە، پەرەی زیاتر بە کار و چالاکییە دیپلۆماسییەکان دەدەین.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، "ئەردۆغان سەرەتا چووە ئاستانە و هەوڵیدا ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت. پاشان چووە ناتۆ و ئەندامێتی سوید لە ناتۆی کردە پرسێکی بازاڕ. دیسان شەڕی ئۆکرانیای بەکارهێنا، باسی چوونە ناو یەکێتیی ئەورووپای کرد و داوای پشتیوانی لە شەڕی جینۆسایدی کوردستان کرد. لە ئەنجامدا سکرتێری گشتی ناتۆ لە بەیاننامەیەکدا پەکەکەی تۆمەتبار کرد و "هەماهەنگی شەڕی هاوبەش دژ بە تیرۆر" لەناو ناتۆ دامەزرا. لەو چوارچێوەیەشدا بۆ ئەوەی هێرشێکی نوێی لەشکرکێشی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام بدات، تەنانەت ئەگەر پشتیوانیشی وەرنەگرتبێت، زەمینەی پێویستی بۆ هێرشی ئاسمانی و تۆپخانە بەبێ پچڕان ڕەخساندووە".

ئەردەم ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بێگومان ئەو پشتگیرییەی کە پێشتر بۆ هێرشی داگیرکاریی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا هەیبوو، وەریگرتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە، بە هەموو ئامراز و شێوازێک تەنانەت بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراویش، هەوڵی زیادکردنی هێرشە سەربازییەکان دەدات".

 

ئەردەم لە درێژەی وتارەکەیدا سەرنجی بۆ سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ هەولێر و بەغدا ڕاکێشاوە و نووسیویەتی: ئیدارەی فاشیست و قڕکەری ئەردۆغان بووەتە بارگرانی بۆ دیپلۆماسیەتی عێراقیش. سکرتێری پێشووی میت و 'سندوقی ڕەش'ی ئەردۆغان، وەزیری نوێی دەرەوە، هاکان فیدان، ماوەی چەند ڕۆژێک لە بەغدا و هەولێر لەگەڵ لایەنەکان لە کۆبوونەوەدا بوو. سەرانی بنەماڵەی بارزانی لە باوەش دەگرت.

ڕوونیشیکردووەتەوە، "تا ئێستا بەڕاستی نازانین ئەجێندای گفتوگۆکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و عێراق چی بووە و چ ئەنجامێک بەدەست هاتووە. لە میدیاکانەوە دەبینرێت کە ئاوی دیجلە و فورات، بابەتی بازرگانی جیاواز، نەوت و گازی سروشتی باسکراوە. هەروەها باس لەوەش کراوە کە پرسی "خەباتی هاوبەش دژی پەکەکە" لە بەرنامەی کاردایە و لە لایەن تورکیاوە بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی لێوە دەکرێت".

ئەو نووسەرە کوردە جەختیشیکرووەتەوە، "بێ گومان دانوستانەکانی تورکیا و عێراق تەنیا بە پرسی ئابووری و بازرگانی سنووردار نین، بەڵکو بۆ تورکیا و ئیدارەی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە ئامانجی یەکەم شکستپێهێنانی گەریلا و نەهێشتنی پەکەکەیە و لەسەر ئەم بنەمایە، جینۆسایدی کورد بگەیەننە ئەنجام. واتە ئەجێندای سەرەکی ئەوان شەڕی جینۆسایدە، کە دژی هەبوون و ئازادی کورد بەڕێوەی دەبەن. بێگومان لە هەموو دەرفەتێکدا ئەمە دەهێننە بەرنامەی کار و هەوڵ دەدەن لەم بابەتەدا پشتیوانی هەموو لایەک وەربگرن".

دەشڵێت: کەواتە ئیدارەی ئەردۆغان لە پەیوەندی لەگەڵ ئەمەدا چی دەوێت؟ بەگوێرەی هەندێک لێدوان، ناوچە داگیرکراوەکانی خواکورک، ئاڤاشین، زاپ، مەتینا و هەفتانین وێران دەکات، هەوڵدەدات بیانخاتە ژێر دەسەڵاتی هەمیشەیی خۆیەوە و پاڵپشتی زیاتر بۆ هێرشەکانی دژی گەریلاکانی پەکەکە بەدەستبهێنێت.

 ئەردەم ئاماژەی بە پلانی نوێی هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەی گارە کردووە و نووسیویەتی: بێگومان دەوڵەت تورک ناتوانێت بە تەنیا هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئەو ناوچەیە ئەنجام بدات. لەم ڕووەوە پێویستی بە ڕەزامەندی و پشتیوانی ئیدارەی ئەمریکا و عێراق هەیە. سەرەکیترین شت ئەوەیە کە پەدەکە بچێتە ناو شەڕەکەوە. دەوڵەتی تورک ئەگەر گارەشی دەست بکەوێت ناتوانێت لە دەستی خۆیدا بیهێڵێتەوە، ناچارە بیدات بە پەدەکە. بەڵام هێرشکردنە سەر گارە کاتێک مومکین دەبێت کە پەدەکە بەشداری  شەڕ بکات و لە ئەنجامدا بیەوێت ئیدارەی خۆی لە گارە دامەزرێنێت.

سەلاحەدین ئەردەم ڕوونیشیکردووەتەوە، "ئەمەش بە واتای شەڕی نێوان پەدەکە و پەکەکە دێت. بۆیە دۆخەکە جدییە و ئیدارەی ئەردۆغان گەمەیەکی مەترسیدار دەکات. هەوڵ دەدات ڕاستەوخۆ پەدەکە لە شەڕی بەرامبەر بە پەکەکە بەشداری پێبکات. لێدوانەکانی دوای کۆبوونەوەکانی هەولێر ئەوە دەردەخەن کە پەدەکەش پشتگیری لە پیلانێکی لەو شێوەیە دەکات".

ئەردەم لە کۆتایی وتارەکەیدا جەختی کردووەتەوە، پەدەکە یاری بە ئاگر دەکات، دەیەوێت هێڵی هاوکاری-خیانەت کە ساڵانێکە بەردەوامە، بگەیەنێتە لوتکە و ئەوپەری. پێویستە هەموو خەڵکی عێراق و کوردستان و هێزە سیاسییەکان هەستیار بن و ڕێگە بەو هەڵوێستە نەدەن. گەلی تورکیا کە بەڕاستی باوەڕیان بە برایەتی تورک و کورد هەیە، ژنان و گەنجان، هێزە دیموکراسی و سۆسیالیستەکان، دەبێت دژایەتی ئەم لەشکرکێشی و هێرشە جینۆسایدانەی ئیدارەی فاشیستی ئەردۆغان و ئیدارەی هاوپەیمانی کۆمارییەکان بکەن. پێویستە پێکەوە تێکۆشان بۆ ئازادی و دیموکراسی پێشبخەین و لە دژی تیرۆری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە و هێرشە جینۆسایدییەکان سەربکەوین.

ژ.ن