یەرەکە: هەڵوێستی گەلەکەمان تەنیا ڕێگەی ڕاوەستاندن و تێکشکاندنی داگیرکەرانە

فەرماندەیی (یەرەکە) ئاماژەی بەوەکرد، کە هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر لە رێگەی فرۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆ سەر ناوچەکانی ئاسۆس و پێنجوێن چڕتربوونەتەوە، جەختیشی دەکاتەوە، هەڵوێستی گەل تاکە رێگەی تێکشکاندنی داگیرکەرانە.

لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) باسی لە زیاتر بوونی هێرشی فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر ناوچەکانی ئاسۆس و پێنجوێن کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو کە بە هۆی ئەو هێرشانەوە زیانی زۆر بەر رەز و باخی دانیشتوانی ئەو ناوچانە کەوتووە.

یەرەکە داوای لەسەرجەم چین و توێژەکان کردووە کە ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو هێرشانە دەرببڕن و رایگەیاند: ". بێگومان هەڵوێست و دژایەتی گەلەکەمان بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان تەنیا ڕێگەی ڕاوەستاندن و تێکشکاندنی داگیرکەرانە".

دەقی راگەیەندراوەکە

بۆ ڕای گشتی و گەلەکەمان!

هێرش و پەلامارە ئاسمانیەکانی ئەڕتەش و دەوڵەتی فاشیستی تورکیە بۆ ناوچەکانی ئاسۆس و پێنجوێن زیاتربووە و خەسارێکی زۆری مادی بە گوندنشینانی ئەو هەرێمانە گەیاندووە. وەکو ناوەندی فەرمانداری یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(ی.ر.ک) ئەو هێرشانە بە توندی شەرمەزار دەکەین. 

کاتژمێر یەک بۆ یەک و نیوی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٢٤ی ئاگوست(تەباخ)، داوێنی چیای پشت گوندی ساڵیاوای پێنجوێن لە هەرێمی کوردستان لەلایەن فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە بۆمباردوومان کرا. لە ئەنجامی ئەو بۆمباردوومانە مەرتەع و باخ و ڕەزی گوندنشینان و دارستانی گوندەکانی ساڵیاوا، کانی میرانی مەلیک و بناویان ئاگریان تێبەربوو و بەداخەوە خەسارێکی گەورە بەر هاووڵاتیانی ئەو گوندانە کەوتووە. بەداخەوە ئاگری دارستانەکە ئەوە ماوەی سێ ڕۆژە بەردەوامە و بەرەو گوندی ڕەنگینە لەو ناوچەیە بەڕێوەیە و هاوکات خولانەوەی فرۆکە سیخوڕییە بێ فرۆکەوانەکانی ئەڕتەشی فاشیستی تورکیە لە ئاسمانی پێنجوێن بەردەوامە و ئەگەری هێرشی دووبارە، هەڕەشەیە لەسەر گیان و ماڵی گوندنشینان.

وەکو ناوەندی فەرمانداری یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ی.ر.ک) ئەو هێرشە ئاسمانیانەی ئەڕتەشی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە بە تووندی شەرمەزار دەکەین و جەخت دەکەینەوە کە ئامانجی دەوڵەتی فاشیستی ترکیە لەو هێرشانە، بەردەوامیدانە بە شەڕی هەمەلایەنە دژی گەلی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان. بێگومان هەڵوێست و دژایەتی گەلەکەمان بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان تەنیا ڕێگەی ڕاوەستاندن و تێکشکاندنی داگیرکەرانە. بەو بۆنەیە داوا لە هەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان دەکەین بە ناڕەزایەتی دەربڕین لە مەیدانەکاندا، پیلانگێڕی داگیرکەران پوچەڵ بکەنەوە. دڵنیاین تێکۆشانی گەلەکەمان و هێزەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بەرامبەر داگیرکەران دەگاتە سەرکەوتن.

ناوەندی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ی.ر.ک)

هـ . ب