فەرماندەیی یەرەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "وەک دەزانرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قۆناغێکی شەڕی جیهانی سێهەم لەئارادایە. لەم قۆناغەدا وەک گەلی کورد بە پرۆسەیەکی مێژوویدا تێپەڕدەبین. گەلە خۆڕاگرەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات بەشێوەی بێهاوتا تێدەکۆشێت. لەم کاتەدا گەلەکەمان لە هەموو کات زیاتر لە سەرکەوتنەوە نزیک بووەتەوە.
سەرکەوتنی گەلی کورد داگیرکەرانی کوردستان و خیانەتی کوردە خۆفرۆشەکان بەرەو بنکەوتن و سکست دەبات و ئەو سەرکەوتنە لەلایەن داگیرکەرانەوە هەرس ناکرێت.
پاڕادایمی رێبەر ئاپۆ چەندە مەزن و جیهانی دەبێت، بەو رادەیە بۆ کێشەکانی جیهان و مرۆڤایەتی چارەسەری دەدۆزێتەوە. هێزی ئەندێشەی رێبەر ئاپۆ هێزە پیلانگێڕ، داگیرکەر و خیانەتی کوردە خۆفرۆشەکان دەخاتە ناو ترس و تۆقینەوە. بۆ ئەوەی ئەندێشە و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ نەچێتە دەرەوە و بۆ مرۆڤایەتی نەبێتە مایەی چارەسەری، ئەو هێزە تاریکانە هەموو شێوازێکی گۆشەگیری توندکراو لەسەر رێبەر ئاپۆ پەیڕەو دەکەن.
ماوەی ٢٥ ساڵە لە دژی رێبەر ئاپۆ سیستمی ئەشکەنجەی توندکراو و چڕ پەیڕەو دەکرێت. بەتایبەتی لەم سێ ساڵەی دوایی دا هیچ هەواڵێکی رێبەر ئاپۆ نازانرێت، گۆشەگیری رەها لەئارادایە. لە بەرامبەر ئەم گۆشەگیریە توندکراوەدا رێبەر ئاپۆ بەرخودانێکی بێ هاوتای گرتووەتە بەر. گەلی کورد و گەریلاکانی ئازادیی کوردستانیش بێ پسانەوە چاویان لە بەرخودانی رێبەر ئاپۆیە و ئەوانیش خۆڕاگری دەکەن.
لە رۆژی ئەمڕۆماندا داگیرکەری تورکیا ئاڵۆزیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەک هەلێک قۆستووەتەوە و دەیەوێت پلانەکانی نیۆ-عوسمانی و ئامانجەکانی میساقی میللی بهێنێتەدی. بەتایبەتی کۆنسێپتی ١٠ ساڵی دوایی بۆ لەناوبردنی گەلی کورد بە پاساوی پەکەکە جێبەجێ دەکات.
لە ساڵی ٢٠٢٤ دا بە هاوکاری خیانەتی بنەماڵەی بارزانی هێرشی داگیرکەرییان بۆ سەر گۆڕەپانی مەتینا دەستپێکرد. لەم دواییەدا لە ٣ی تەمووز لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر گۆڕەپانی مەتینا، سەرگەلێ، ئامێدی، دێرەلوک و شێلادزێ گەیاندیانە قۆناغێکی نوێ.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە تایبەتیش لە ماوەی ئەم ساڵدا هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سەر گۆڕەپانی مەتینا بە بەردەوامی فرۆکەی سیخوڕی بەسەر گۆڕەپانەکانی هێزەکانی رۆژهەڵات دەسوڕێنەوە. بە گشتی لە سەر گۆڕەپانەکەمان لە پێنجوێن بێ وەستان سوڕانەوەی فرۆکەی سیخوری داگیرکەری تورک هەیە. لە هەمان کاتدا ٥ جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش ئەنجامدراوە؛ ١ جار گۆڕەپانی ئاسۆس کراوەتە ئامانجی ئەو موشەکانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە هەڵدراون و هەروە گۆڕەپانەکەمان ٣ جار بووەتە ئامانجی هێرش بە فرۆکەی شەڕ.
گەلە وڵاتپاڕێزەکەمان بەردەوام بووەتە شایەتی ئەو بۆردومانانە و لە ئەنجامدا زۆر جار باخ و رەز سوتێنراون. زیانێکی گەورەی ماددییان لێکەوتووەتەوە. هەروەها لەو هێرشانەدا ژینگەی کوردستانیش بووەتە قوربانی و زیانی بەرکەوتووە.
لەم دواییەدا بەردەوام سوڕانەوەی فڕۆکەی سیخوری بەسەر گۆڕەپانی پێنجوێن هەبووە. لە ١٤ی تەمووزدا فڕۆکەی شەڕ لە کاتژمێر ١٨:٠٠ و ١٨:٣٠ دا سێ جار گۆڕەپانەکەمانی بۆردومان کرد. یەکینەیەکمان لەو کاتەی لەسەر ئەرکە شۆڕشگێڕییەکەیان بوون، بوونە ئامانجی ئەو بۆردومانانە و لە ئەنجامدا سێ هەڤاڵمان شەهیدبوون.
سەرەخۆشی لەگەلی کوردستان بە تایبەتی بنەماڵەی شەهیدانی قارەمانمان دەکەین. لێرەدا جارێکی دیکە رایدەگەینین، لە پێناو سەرکەوتن لەسەر رێگەی ئەو شەهیدانە تا دوا دڵۆپی خوێنمان هەنگاو دەنێین و ئاواتەکانی ئەو هەڤاڵانەمان دەگەیەنینە سەرکەوتن.
ناسنامەی شەهیدان بەم جۆرەیە:
ناو و پاشناو: هیدایەت رەسوڵی
ناسناو: جەنگاوەر میکایل
کات و شوێنی بەشداربوون: ٢٠٢٠-مەریوان
کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٤-٧-٢٠٢٤/ پێنجوێن
*
ناو و پاشناو: عومەر فرات
ناسناو: ئاندۆک تۆڵهەڵدان
کات و شوێنی بەشداربوون: ٢٠٢٠-فەرەنسا
کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٤-٧-٢٠٢٤/ پێنجوێن
*
ناو و پاشناو: عیرفان زەندی
ناسناو: رامان رێناس
کات و شوێنی بەشداربوون: ٢٠٢٢-بانە
کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٤-٧-٢٠٢٤/ پێنجوێن
**
جەنگاوەر میکاییل
جەنگاوەر میکاییل رۆڵەیەکی سەرهەڵدێری رۆژهەڵاتی کوردستانە. ساڵی ١٩٩٥ لە شاری مەهاباد، شاری قازی محەمەد چاوی بە دنیا پشکووتووە. لەسەرەتای گەنجیدا و لەو کاتەی خوێندکاربوو ئەندێشە و فەلسەفەی رێبەری ئاپۆی ناسی. لە رێگەی ناسینی ئەندێشە و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ هیواکانی ژیانی خۆی گەورەتر دەکات. لەبەر ئەوەش دەیەوێت ببێتە خەباتکاری ئافراندنی ژیانێکی پڕاوپڕ لە واتا کە هەموان هیوا و ئازادی تێدا دەبینن. لە ساڵی ٢٠٢٠ دوای ئەوەی بزوتنەوەی ئازادی ناسی ئەو پەیجوریەی قووڵتر کرد و بووە مایەی ئەوەی بەشداری لە ریزەکانی گەریلادا بکات. هەڤاڵمان جەنگاوەر هەموو کات لە ناو ریزەکانماندا بە رەنجدەری و لەخۆبوردەیی بێهاوتا خەباتی دەکرد. بێ لێکدانەوە و دوودڵی لە هەر شوێنێک پێویست بووایە ئامادەبوو بچێت، بۆ هەموو ئەرکەکانی شۆڕش خۆی ئامادەکردبوو. بە کەسایەتی ساکار و دڵگەرمی خۆی جێگەی لەناو دڵی هەموو هەڤاڵانیدا کردبووەوە. لەو بڕوایەدابوو کە تەنیا بە هزر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت بەرامبەر کردەوەکانی دەوڵەتی ئێران بوەستێتەوە.
ئاندۆک تۆڵهەڵدان
هەڤاڵمان ئاندۆک تۆڵهەڵدان خەڵکی شاری رحای باکوری کوردستانە، وەک هەموو منداڵێکی کورد ژیانێکی تاڵ و پڕ چەرمەسەری هەبوو. کاتێک لە کوردستان دووردەکەووێتەوە زیاتر راستی خۆی دەناسێت. دوای ناسینی هزر و ئەندێشەی رێبەر ئاپۆ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەبێتە کەسایەتیەکی خاوەن بڕیار و بەناوی ئاندۆک تۆڵهەڵدانروودەکاتە ناو ریزەکانی گەریلا. لە ناو ریزەکانماندا هەموو کات دەیویست ببێتە جەنگاوەرێکی پێشەنگ کە لە رێبەر ئاپۆ تێبگات و لە ژیاندا بیکاتە کردار. کەسایەتیەکبوو کە لە ژیاندا تا سەر رەنجدەر، خاوەن هەوڵی گەورە و بەزیندوویی راگرتنی هەڤاڵێتی بوو. بە خۆشەویستیەوە هەموو کارێکی بەئەنجام دەگەیاند.
رامان رێناس
رێهەڤاڵمان رامان رێناس لە رۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە جیهان هەڵێنا. وەک هەموو کەس ستەم، زۆرداری و ئەو کوشتارەی بە چاوی خۆی بینی کە داگیرکەری ئێران ئەنجامی دەدات و بووە شایەتی ئەوە. بەڵام وەک هەموو کەس ئەوە قەبوڵ ناکات و بە ناسینی بزوتنەوەی ئازادی ئەو وەڵامە دەدۆزێتەوە کە دەیەوێت بۆ رزگاربوون لەو ناکۆکیەی لەناو کۆمەڵگادا تێیدا دەژی، پێی بگات. بۆ ماوەیەک لە ناو کۆمەڵگادا کار و خەبات بەرێوەدەبات. لەگەڵ دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ئەوەی ببێتە هێز پێویستە خۆی بەرێکخستن بکات و بەو بڕیارەوە روودەکاتە ناو ریزەکانی گەریلا. دوای ئەوەی ژیانی گەریلا دەناسێت ئەم وتانە دەخاتەڕوو: ژیانی من تا پێش ئێستا هەموو پڕ لە کۆیلایەتی بوو، بەشداربوونم بۆ ناو ریزەکانی گەریلا بۆ من لەدایکبوونەوەیەکی نوێیە.
بانگەواز
لە کۆتاییدا رایدەگەیەنین کە بەتایبەتی گەلەکەمان لە رۆژهەڵآتی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بێدەنگ نەبن و خاوەن هەڵوێست بن. داوا لە هەموو گەلە وڵاتپارێزەکەمان دەکەین کە لەبرامبەر ئەو هێرشانەدا هەمووان خاوەنداری لە ئەرکی وڵاتپاڕێزییان بکەن. جارێکی دیکە ئێمە سەرەخۆشی لە هەموو گەلی کورد و بنەماڵەی ئەو سێ هەڤاڵەمان دەکەین. بەڵێن دەدەین کە تا کۆتایی لە سەر رێبازی شەهیدانمان هەنگاو بنێین و بە دڵنیاییەوە ئامانجەکانیان بپێکین".
هـ. ب