ئەو فیشەکەی ژیانی بونیاد نا
هەڵمەتی ١٥ی ئاب، کە بە پێشەنگایەتی فەرماندەی ئەفسانەیی (مەعسوم کۆرکماز) لە ساڵی ١٩٨٤ دەستیپێکرد، هەڵمەتێکی مێژووی بوو بۆ ژیانەوەی ئەو گەلەی حاشا لە بوونی دەکرا.
هەڵمەتی ١٥ی ئاب، کە بە پێشەنگایەتی فەرماندەی ئەفسانەیی (مەعسوم کۆرکماز) لە ساڵی ١٩٨٤ دەستیپێکرد، هەڵمەتێکی مێژووی بوو بۆ ژیانەوەی ئەو گەلەی حاشا لە بوونی دەکرا.
کاتێک کە بیر لە فیشەک دەکەینەوە هەمیشە کوشتن و کۆتای هاتن بە ژیان دێتە خەیاڵ و دیدەمان، بەڵام بۆ یەکەمین جار لە مێژووی کوردستان، پەکەکە پێناسەی فیشەکی گۆری بۆ ژیان، واتا پەکەکە فیشەکی بکوژی کرد بە فیشەکی ژیانەوەی گەلێک، بێگومان ئەو گۆرانکارییە بۆ پەکەکە ئاسان نەبوو و بەچەند قۆناغێکدا تێپەری. ئەو گۆرانکارییە تەنیا لەڕووی جەستەیی نەبوو، بەڵکو گۆرانکاری واتا پیدان و هزری بوو.
"کۆچی مەزن بۆ دەرەوەی وڵات"
دوای ئەوەی کەسێک بە ناوی "شاهین" لە ناو ڕیزەکانی پەکەکە خیانەت دەکات و ناوی ئەندامانی پەکەکە بۆ دەوڵەت ئاشکرا دەکات، لە کاتی کودەتای کەنعان ئەڤەرەن لە ساڵی ١٩٧٩ و سەرەتای ساڵی ١٩٨٠ لە تورکیا، ئەندام و بەرپرسیارانی پەکەکە لە باکوری کوردستان ڕووبەڕوونی کوشتن، گرتن و ڕاپێچکردن بۆ ناو زیندانەکان دەکرێن، بۆیە لەو کاتەدا پەکەکە بڕیاد دەدات کە سەرۆکی گشتی پارتەکە، عەبدوڵا ئۆجەلان و بەشێک لە کادرەکانی بنێرێتە دەرەوەی خاکی باکووری کوردستان و تورکیا بە مەبەستی پاراستنی پەکەکە و ڕێخستنەکە. جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە پەرتوکی مێژوویک لە ئاگر، ئەو دەرچوونەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بە "کۆچی مەزن بۆ دەرەوەی وڵات " ناودێر کردووە.
هەر لەو بارەیەوە جەمیل بایک دەڵێت: "ئەو بریارە تەکتیکی بوو، کە سەرۆک لە ڕێی سوریاوە خۆی گەیاندە لوبنان، بێگومان بەو بڕیارە هەنگاویک بۆ دواوە، بەڵام هاوکات دوو هەنگاوە بۆ پێشەوە چووین"، مەبەستی هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوبەری کەجەکە ئەوەیە، کە ڕێبەری گەلی کورد چوونە دەرەوەی وڵاتی کردە دەرفەتێک بۆ ئەوەی لە لوبنان و فەڵەستین جێگای خۆی بۆ دروستکردنی ئاکادیمیای سەربازی و فکری بکاتەوە و ئامادەکاری بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات بکات.
واتا ئەوەی لێرە بۆمان دەردەکەوێت، هەڵەمەتی ١٥-ی ئاب تەنها سەرهەڵدانێکی عەفەووی و لە خۆڕا نیە، بەڵکوو هەڵمەتێکی فکری، ڕێخستنی و ڕۆشنبیرە و ئینجا چەکداری، پێش ئەوەی فەرماندە ئەفسانەیی تەڤگەری پەکەکە دەست بەو هەڵمەتە بکات، ئامادەکاری گەورە و گرینگی بۆ کرابوو، لە بوارەکانی پێگەیاندنی کادر، ڕاستکردنەوەی چەمکە هەڵەکان، هەڵمەتی ڕاگەیاندنی و ڕۆشنبیری گەل لە ڕێگەی ڕۆژنامەی سەرخۆبوون و ڕێکخستنکردنی گەل.
"ڕاستکردنەوەی چەمکی هەڵە"
لە دوای ئەوە پەکەکە هیجرەتی کرد بۆ لوبنان و لە کەمپی فەڵستینەکان جێگای خۆیکردوە، تورکیا هەوڵیدا لە ڕێگەری خزاندنی چەند سیخوڕێک بۆ ناو کەمپەکە مێشکی کادرانی پەکەکە ئاڵۆزی بکات و ئاراستەیان بەرو ئەوروپا بگۆرێت و دەستبەرداری شۆڕش ببن، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا ڕێبەری گەلی کورد هەڵمەتێکی ڕۆشنبیری ڕاگەیاند، بۆ بەرپەچدانەوەی چەمەکە هەڵەکان و ئاراستەی کردنی کادری پەکەکە بەرەو شۆرشگێری و گەڕانەوەیان بۆ وڵات، ئەم هەڵمەتەش نزیکەی ساڵ و نیوەیکی خاید، تاکوو ڕێبەر ئاپۆ توانی چەمکە هەڵەکان ڕاستبکاتەوە و کادر ئاراستەی گەرانەوە بۆ وڵات و هەڵمەتی شۆرشگێری بکات.
ڕۆڵی ڕؤژنامەی سەرخۆبوون لە هەڵمەتی ١٥ی ئاب
بێگومان بواری ڕاگەیاندن یەکێک لەو بوارانەیە، کە پەکەکە هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە گرنگی پیدا، بەهۆی ئەوەی کادرانی پێشەنگی پەکەکە کەسانی خوێندەوار و خوێندکاری زانکۆ بوون، بۆیە لە بواری نووسین، لێکۆڵینەوە هەوڵێکی زۆریان دەدا و ئەنجامەکانیان بۆ گەل لە ڕۆژنامەی سەرخۆبوون بڵاودەکردەوە، ئامانجیشی ڕۆشنبیری گەل و جۆشدانیان بۆ شۆڕش بوو، لە هەڵمەتی ١٥ی ئاب-یش ڕۆژنامەی سەرخۆبوون ڕۆڵی گرینگی هەبوو، بە تایبەتی ماوەیکی زۆر پێشوەخت بە بڵاوکراوە و نوسراو هانی گەلی دەدا، بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی چەکداری و ناوەرۆکی شەڕێ چەکداری بۆ گەل ڕوون دەکردەوە و بەهۆی ئەو ڕۆژنامەوە گەنجان زیاتر شۆڕشیان دەناسی و بەشداری ڕێزەکانی گەریلا دەبوون.
هـ.ب