ئەو خێزانە باکوریەی کە پەدەکە لە هەولێر دەریکرد، داوایەکی ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد

ئەو خێزانەی هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە لە هەولێر شاربەدەر کران، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن بەئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و “ئەو ناهەقییەی بەرامبەریان کراوە قبوڵ نەکرێت”.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێکی دیکە حەسەن کاچار و خێزانەکەی لەبەردەم نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، جەختیانکردەوە، تا یەکلابوونەوەی دۆسیەکەیان بەردەوام دەچنە بەر نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

حەسەن کاچار لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز داوای لە نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و وتی: داوا دەکەین نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگ نەبێت بەرامبەر ئەو ناهەقییەی کە لەئێمە کراوە و ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، چونکە ئێمە لێرە پەنابەری سیاسیین.

کاچار جەختیشیکردەوە، کە تا کۆتایی بەو “ناهەقییە” نەیەت کە بەرامبەریان کراوە، بەردەوام دەچنە بەردەم نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ڕۆژی ٢٣ی ١١ی ٢٠٢١ خێزانی کاچار لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە لە هەولێر شاربەدەرکران بەرەو سلێمانی، حەسەن کاچار خەڵکی باکووری کوردستانە و پێشتر ١٢ ساڵ حکومدراوە، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە پەنای بۆ باشووری کوردستان هێناوە و لە هەولێر نیشتەجێ بووە.

ف.ق