یوکسەل گەنچ بەڕێوەبەری دەزگای راپرسیی سامەر: هەدەپە رۆڵی چارەنوسساز و یەکلاکەرەوە دەگێڕێت

یوکسەل گەنچ بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای راپرسیی سامەر لێکدانەوەى بۆ راپرسیی ٢١ تا ٢٨ی حوزەیرانی دەزگاکەى لە تورکیا کرد و رایگەیاند، هاوپەیمانی جمهور و ئەردۆغان دابەزیون و هەدەپە و دەنگدەرەکانی رۆڵی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوە دەگەڕێن.

ناوەندی لێکۆڵینەوەى سۆسیۆ پۆلەتیک بۆ راپرسی (سامەر / SAMER) راپرسییەکی لەبارەی خواستی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردن و دەنگیان بە لایەنەکان لە نێوان ٢١ بۆ ٢٨ی حوزەیران لە شارەکانی ئیستەنبول، ئیزمیر، ئەنقەرە، ئەدەنە، ئاگری، ئێلح، بەدلیس، ئامەد، دیلۆک، قەرس، مێردین، مێرسین، رحا، وان، ئەنتالیا، قۆنیا، بورسا، موغڵا، سامسون و ئارتین راپرسییەکی ئەنجامداوە. لە راپرسییەکەدا ١٠٠٨ (هەزار  هەشت کەس) بە تەلەفون رایان وەرگیراوە و ئەنجامەکانی ئەو راپرسییە لە هەفتەی رابردوودا بڵاوکرایەوە.

پرسیارەکان بۆ بەشداربووان لە ٣ بەش پێکهاتبوون. لە بەشی یەکەمدا بۆ دەستنیشانکردنی دۆخی سۆسیۆ – ئیکۆنۆمیک پرسیار لەبارەی باری دیمۆگرافییەوە کرا. لە بەشی دووەمی پرسیارەکاندا لەبارەی کێشە بنەڕەتییەکانی تورکیا و رۆژەڤەکانەوە پرسیار کراون. لە بەشی سێیەمدا لەسەر خواست بۆ هاوپەیمانییەکان، هەڵبژاردنی گشتیی چاوەڕوانکراو، خواستی دەنگدەران لەباەری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییەوە، پرسیار کراون. سەدا ٥٤.٦ی بەشداربوان ژن بوون و سەدا ٤٥.٤ی تری بەشداربوان پیاو بوون.

بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە، هاوپەیمانی جمهور (ئاکەپە و مەهەپە) دەنگەکانیان دابەزیوە  و دەنگەکانی ئۆپۆزسیۆن زیادیانکردووە. لە وەڵامی پرسیاری "ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردنی گشتی (پەرلەمان) بەڕێوەبچێت ئێوە دەنگ بە کام حیزب دەدەن؟". لە وەڵامدا

سەدا ٢٩.٣ وتیان دەنگ بە ئاکەپە،

 سەدا ٢٧ دەنگ بە جەهەپە،

 سەدا ١٢.٦ دەنگ بە ئییی پارتی،

 سەدا ١١.٦ دەنگ بە هەدەپە،

سەدا ٦.٥ دەنگ بە مەهەپە،

 سەدا ٢.٩ دەنگ بە دەڤا پارتی،

 سەدا ١.٢ دەنگ بە گەلەجەک پارتی

و سەدا ٠.٢ دەنگ بە حیزبی سعادەت دەدەن.

یوکسەل گەنچ بەڕێوەبەری گشتیی سامەر شیکاریی بۆ ئەنجامەکانی راپرسییەکەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

یوکسەل گەنچ رایگەیاند، رای گشتی بە قورسی و بە زۆری هەم لە سیاسەتی دەسەڵات و هەم لە سیاستی ئۆپۆزسیۆن ناڕازین، بەڵام سەرباری ئەوەش تەنها دەنگی دەسەڵات کەم دەکات و لە بەرامبەردا دەنگی ئۆپۆزسیۆن زیاد دەکات، چونکە جەماوەر لایەنگری گۆڕانکاری لە سیستمی ئێستادان و وتی، دەنگدەر داوا لە ئۆپۆزسیۆن دەکات، کە بە رۆڵێکی سەرەکی و بەهێز هەستێت.

دەنگدەر هیوای بە دەسەڵات نەماوە

یوکسەل گەنچ وتی، "لە بابەتی چارسەرکردنی کێشەکاندا ئەوەمان بینی، کە دەنگدەر تاوەکو ئێستا لە ئۆپۆزسیۆن ناڕازییە. بە زۆری داوای ئەوە لە ئۆپۆزسیۆن هەیە، کە لە ئێستا بە دواوە سیاسەتی ئەرێنی بئافرێنێت. بۆ نمونە بەپێی ئەنجامی راپرسییەکەمان، پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) هیچ کێشەیەکی لە تێپەڕاندنی بەربەست دا نییە و سەدا ١١.٦ی دەنگەکان بە دەست دەهێنێت. هەروەها لە سەدا ١٩.٩ی دەنگدەران لە سیاسەتی هەدەپە رازین. لەم قۆناغەدا کە قەیران هەیە، دەنگدەران داوای هەنگاوێکی نوێ و سیستمێکی نوێ دەکەن. لەبەر ئەوەش سەدا ٦٠ی دەنگدەران سیاسەتی دەسەڵات و سیستمی سەرۆکایەتیی کۆمار بە راست و دروست نازانن و ئەو رێژە زۆرە هیچ هیوایەکیان بە دەسەڵات نییە".

دەبێت ئۆپۆزسیۆن خاوەنداری لە ئەرکی خۆی بکات

یوکسەل گەنچ  رایگەیاند، گەندەڵی، بێکاری و نیگەرانی لە ناو کۆمەڵگەدا هەڵبژاردنی دەنگدەر دیاری دەکات و وتی، "گەندەڵی و بەکارهێنانی دام و دەزگا و سەرچاوە گشتی و جەماوەرییەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە وایکردووە، کە دەنگدەر دەسەڵاتی ئێستا بە هۆکاری سەرەکیی کارە نایاساییەکان و کێشەکان بزانێت. دەنگی ناڕەزایەتی و چاوەڕوان، لە دژی دەسەڵات روو لە ئۆپۆزسیۆن دەکەن. دەبێت ئۆپۆزسیۆن لەو راستییە وەک خۆی تێبگات. لە بری ئەوەى بوترێت، 'ئۆپۆزیۆن سیاسەتێکی زۆر باش بەڕێوەدەبات، کێشەکان چارەسەر دەکات، ئیدی دەنگدەر دەنگی پێدەدات، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت بە هۆی ئەو سیاسەتانەوە، کە ئێستا لەلایەن دەسەڵاتەوە بەبڕێوەدەبرین دەنگدەرەکان روو لە ئۆپۆزسیۆن دەکەن. لەبەر ئەوەش دەبێت ئۆپۆزسیۆن ئەو جۆرە دەنگە تێکەڵ و ئاڵۆزانە بە گەرەنتی بۆ خۆیان نەزانن. پێویستە ئۆپۆزسیۆن ئەرک و بەرپرسیاریی خۆی و ئەو بەڵێن و پەیمانەى دەیدات و پێی دەدرێت، بە شێوەیەکی راست لێکدانەوەى بۆ بکات و بیخوێنێتەوە و خاوەنداریی لێ بکات".

دەنگدەری تێگەیشتوو خۆی لە بەرەی نەتەوەپەرست دووردەخاتەوە

یوکسەل گەنچ رایگەیاند، لە دەرەوەی هاوپەیمانی جمهور و میللەت، هاوپەیمانییەکی تر بۆ دەنگدەران گرنگ دەبێت و دەبێتە خاوەن  پێگە و وتی، "لە سەدا ١٦ی دەنگدەران، کە زۆربەیان لە جەماوەری دەنگدەری جەهەپە و حیزبی دەڤا بوون، دەیانەوێت هەدەپە، جەهەپە و دەڤا هاوپەیمانییەکی نوێ دروست بکەن، چونکە دەنگدەرانی تێگەیشتوو ئەوەیان قبوڵ کردووە، کە هەدەپە و کورد لە داڕشتنەوە و دیزاینکردنی ئۆپۆزسیۆن دا رۆڵی یەکلاکەرەوە و چارەنووسساز دەگێڕێن. لەبەر ئەوەش دەنگدەر روو لە ئەڵتەرناتێڤی جیاواز دەکات، کە ئەو رۆڵە یەکلاکەرەوەیەی زیاترتیادا چالاک بێت. دەنگدەر ئیدی  ئەو ئەڵتەرناتیڤەشی خستووەتە بەردەم ئۆپۆزسیۆن. ئەو دەنگدەرانە وەک ئەڵتەرناتیڤ لە هاوپەیمانیی میللەت ناڕوانن، چونکە ئییی پارتی بە ئاشکرا رێگا بە بەشداریکردنی هەدەپە نادات و جەهەپەش بە ترسنۆکی شەڕ دەکات، بۆیە لە گەڕاندان بە دوای هاوپەیمانییەکی نوێدا، کە هەدەپەی تیادا بێت. ئەو گروپە لە دەنگدەرن دەیانەوێت هاوپەیمانیی نوێ دابمەزرێت، کە جەهەپە، دەڤا و هەدەپەى تیادا بێت و بە دوور بێت لە نەتەوەپەرەستی".

ئاکەپە سەدا ٢٩ی دەنگەکان بە دەست دەهێنێت و مەهەپەش لە خوار بەربەستەکەوە دەمێنێتەوە

گەنچ رایگەیاند، بەپێی ئەنجامی راپرسییەکەیان، ئەستەمە هاوپەیمانییەکانی جمهور و میللەت بە تەنها بتوانن بە دەسەڵات بگەن، بۆیە پێویستیی هەر دوکیان بە هاوپەیمانیی لەگەڵ هەدەپە و دەنگدەرەکانی هەیە و وتی، "سەلماندن و دەستنیشانکردنی کەمبوونەوەى دەنگەکانی ئاکەپە و مەهەپە سەلماندێکی نوێ نییە. لەم دوو ساڵەى دوایدا هەندێکجار دەنگەکانیان کەم دەکات و هەندێکجاریش زیاد دەکات، بەڵام بە تایبەتی لەم ساڵەی دوایدا بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و پەرەسەندنی هەژاری، دەنگەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. هەروەها ئاشکراکردنی زۆر زانیاری و دانپیادانان لەلایەن سەدات پەکەرەوە لەم دوو مانگەى رابردوودا بووەتە هۆی ئەوە دڵنیایی کۆمەڵگە لە دەسەڵاتی ئێستا بشکێت. هەروەها بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە لە هەڵبژاردنی گشتیی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ەوە ئەوە دەبینین، کە دەنگەکانی ئاکەپە روویان لە دابەزین کردووە. ئێستاش سەرباری بڕیار نەدانی بەشێک لە دەنگدەرەکان  دەنگەکانی ئاکەپە دابەزیوە بۆ سەدا ٢٩ و دەنگەکانی مەهەپەش دابەزیوە بۆ سەدا ٦ و مەهەپە ناتوانێت بەندی هەڵبژاردن تێپەڕێنێت".

ئاکەپە لە کوردستان بە رێژەى سەدا ١٣ دەنگەکانی کەمیکردووە

یوکسەل کۆچ رایگەیاند، شیکاریکردن بۆ نیاز و هۆکاری کێشەکانی کۆمەڵگە لە کوردستان و تورکیادا هەندێک جیاوازییان هەیە و وتی، "بەپێی کۆمەڵگەى کوردستان، سەرباری قەیرانی ئابوروی و بێکاری، کێشەى بنەڕەتی و سەرەکی کێشەى کوردە و دەنگەکانیش بەپێی چۆنیەتیی نزیکببوونەوە لە کێشەی کورد بە لایەنەکان دەدرێن. هەروەها دوای دانپیادانانەکانی سەدات پەکەر، حیزبی دەسەڵاتدار لە رۆژئاوای تورکیا دەنگەکانی بە رێژەى ٨-٩ کەمیکردووە، بەڵام لە هەر ئەو حیزبە دەسەڵاتدارە دەنگەکانی لە ناو دەنگدەرانی کوردستاندا بە رێژەى سەدا ١٣ کەمیکردووە".

دەنگدەرانی هەدەپە لە دژی عەقڵییەتی ئێستای هاوپەیمانیەکانن

یوکسەل گەنچ رایگەیاند، لە راپرسییەکانی ئەمساڵانەى دوایدا ئەوە دەبینرێت، کە دەنگدەرانی هەدەپە لە پێگەیەکی تایبەتدان و وتی، "ئێمە دەبینین، کە نزیکایەتی و کارکردن بۆ رێگانەدان بە بەشداریکردنی هەدەپە لە ناو هاوپەیمانییەکاندا بە شێوەیەکی راست و دروست لە ناو دەنگدەرانی هەدەپەدا لێکدانەوەى بۆ کراوە، بەڵام ئەوەش بە مانای رەتکردنەوەى ریشەیی هەموو شتێک نییە. بۆ نمونە لە کاری ئەمدواییەى خۆماندا بینیمان، کە سەدا ٨٠ی دەنگدەرانی هەدەپە دەڵێن، دەبێت هەدەپە لە ناو هاوپەیمانییەکاندا جێگای هەبێت  بەشدار بێت. بەشێکی زۆر ئەو جەماوەرە، کە سەدا ٨٠ی دەنگدەرەکانی هەدەپەن بە شێوەیەکی ریشەى بەشداریکردن لە هاوپەیمانییەکاندا رەتناکەنەوە. دەیانەوێت حیزبەکەیان لەگەڵ هەر کەسێکدا هاوپەیمانی بکات، دەبێت شێوازی سیاسەت و ئایدۆلۆژیا و هۆکارەکانی سیاسەتکردنیان قبوڵ بکات، ئەگەر وەک بناغەى بنەڕەتیی یەکسان جێگای خۆی لە ناو سەرلەنوێ بونیاتنانەوەى تورکیادا بگرێت، ئەو کاتە دەیانەوێت لە ناو هاوپەیمانییەکاندا بەشداری بکات. ئەو دەنگدەرانە لەو بوارەدا زۆر بڕوایان بە خۆیان هەیە. هەدەپە دابخەن، یان دای نەخەن، دەنگدەرانی هەدەپە ئەو هۆشیارییەیان هەیە، کە رۆڵی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەی خۆیان بگێڕن".

ژ.ت