لەگەڵ بەرفراوانبوونی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان، هێرشەکانی سەر راگەیاندنی ئازادیش زیاتر دەبن، وەک هێرشەکانی پێشوو؛ لە ٢٣ی ئابدا لە هێرشی دەوڵەتی تورک بۆسەر خەباتکارانی راگەیاندنی ئازاد لە ناوچەی سەیدسادقی پارێزگای سلێمانی هەردوو ڕۆژنامەوان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهید بوون. زیاتر بوونی ئەم هێرشانە هاوکاتە لەگەڵ ڕێککەوتننامەکانی نێوان حکومەتی بەغداد و ئەنقەرە. لەم بارەیەوە ڕۆژنامەوان ئیبراهیم ئێزدی کە لە شەنگال کاری ڕۆژنامەوانی دەکات بۆ ئاژانسەکەمان قسەیکرد و هێرشەکانی سەر راگەیاندنی ئازادی وەک دەرنجامی هاوکارییەکانی حکومەتی سودانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک بۆ شەڕی قڕکردنی گەلی کورد هەڵسەنگاند.
'ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات لەبەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکاندا بێدەنگن'
لەسەرەتای قسەکانیدا ئیبراهیم ئێزدی ئاماژەی بەو شەڕە بەرفراوانەی داگیرکەری تورک بە هاوکاری پەدەکە کرد، کە چەندین ساڵە لە دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەڕێوەدەچێت و وتی: "تەڤگەری ئازادی کوردستان زۆرجار ئاماژەی بە بەرفراوانی ئەم هێرشانەکردووە. بەڵام ڕای گشتی لەبەرامبەر ئەم هێرشانەدا بێدەنگە. لەو چوارچێوەیەشدا ڕاگەیاندنی سەر بەدەسەڵات بێدەنگییان هەڵبژرادووە. ئەم شەڕە دژ بە سیستەمی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی و ئایدایی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆیە. هەر بۆیە ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات بێدەنگن. لەم ساڵانەی دوایدا راگەیاندنی ئازاد خاوەنداری لە حەقیقەتی شەڕی ئازادی کرد. بەم کارەی ڕێگری لە جێبەجێکردنی چەندین پلانی پیسی داگیرکاری گرت. هەربۆیە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە شەنگال و کۆتاجاریش لە پارێزگای سلێمانی بوون بە ئامانجی هێرشە داگیرکارییەکان. چەندین کێشەی ئاڵۆز لە باشووری کوردستاندا هەیە، ڕوونە کە ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەسەڵات خۆیان لەو کێشانە نادەن، بۆیە راگەیاندنی ئازاد بە باسکردنی ئەو کێشانە دەبنە ئامانجی هێرشەکانی دەسەڵات."
'پێویستە یەنەکە هەڵوێستی بەهێزتر پیشان بدات'
لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەو ڕۆژنامەوانە ئاماژەی بە هێرشەکانی سەر پێشەنگانی کۆمەڵگەی ئێزدی بە دەستی پەدەکە کرد و ڕەخنەی لە کەم هەڵوێستی یەنەکە گرت و وتی: "ئەنجامدانی هێرشێکی لەم شێوەیە لە سلێمانیدا کە لەژێر دەسەڵاتی یەنەکەدایە جێگەی گومانە. تاکو ئێستا چەندین ڕۆژنامەوان، وڵاتپارێز، ڕۆشنبیر کە وەک پەنابەر لە سلێمانیدا دەژیان بوون بە ئامانجی دەزگای سیخوڕی میت. دوای بینینی ئەم ڕووداوانە لە کەم هەڵوێستی یەنەکە نیگەرانین. ئەم بێدەنگیانە لە لایەن حکومەتی عێراقیشەوە جێگەی نیگەرانییە. ڕوونە حکومەتی سودانی بە ڕێککەتنەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا هۆکاری زیاتر بوونی هێرشەکانی سەر رۆژنامەوانان و داگیرکارییەکانن."
'پێویستە ڕۆژنامەوانان دەنگی ناڕازیبوون بەرزتربکەنەوە'
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕۆژنامەوان ئیبراهیم ئێزدی باسی لەوەکرد پێویستە راگەیاندنی ئازاد لەبەرامبەر هێرشەکاندا ڕاستی و حەقیقەت پیشان بدات و بەم شێوەیە لە قسەکانیدا بانگەوازی یەکگرتووی لە ڕۆژنامەوانان کرد: "لە هەر جێگەیەک هێرش لەسەر ڕۆژنامەوانان ئەنجام بدرێت، ئێمە ئەو هێرشانە بەرامبەر بە خۆمانی دەبینین. پێویستە ڕۆژنامەوانان لە هەموو جێگەیەک لەگەڵ یەکتردابن و لە دژی هێرشەکانی دەسەڵاتداری بووەستنەوە. بێدەنگی ڕۆژنامەوانان دەبنە هۆکاری زیاتربوونی هێرشەکان. پیویستە ڕۆژنامەوانان دەنگی ناڕازیبوون بەرزتربکەنەوە."