ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال، ساڵیادی ڕزگارکردنی شەنگالی پیرۆز کرد
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال بە چالاکییەک نۆهەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شەنگالی پیرۆز کرد.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال بە چالاکییەک نۆهەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شەنگالی پیرۆز کرد.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال بەبۆنەی نۆهەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شەنگال لە دەستی داعش، لە گۆڕستانی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان ڕاگەیاندراوی خوێندەوە، بەشی زۆری دامەزراوە و ڕێکخراوەکان ئامادەبوون، مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان دەستی پێ کرد.
لەسەر ناوی بنەماڵەی شەهیدان پاکیزە جەلال بەخێرهاتنی میوانانی کرد، تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و ڕایگەیاند وەک دایکانی شەهید هەرگیز پاشەکشە ناکەن، ساڵیادەکەی لە شەڕڤانان و بنەماڵەی شەهیدان و گەلانی ئازادیخواز پیرۆز کرد.
"باشترین وەڵام گەڕانەوەیە بۆ شەنگال"
لەسەر ناوی مەخەدەشە نایف شەمۆ سوپاسی شەڕڤانانی کرد کە لە چیاکانەوە گەیشتنە هاواری شەنگال، گوتی: "لێرەوە پەیامی گەلەکەمان دەدەینە دوژمنان، با کەس خۆی فریو نەدات و خۆی لە شەنگال دوور نەخاتەوە. گەر ئەمڕۆ نەگەڕێینەوە سەر خاکەکەمان، سبەی ئەم دەرفەتەمان لەدەست دەچێت، گەر لەسەر خاکی خۆمان و لەنێو گەلی خۆمان نەبین، دەبینە کۆیلە و بەندە".
"کۆمەڵگەی ئێزدی خۆی باش دەناسێت"
شەمۆ گوتی: "وەک ڕێبەر ئاپۆ دەیگوت، ئێمە خۆمان ناسی. گەر خۆمان نەناسیایە. ئەمڕۆ نەماندەتوانی نۆهەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شارەکەمان پیرۆز بکەین. ئەمە پەیامی هەرە گرنگە بیدەینە دوژمن، ئەگەر بمانەوێت باشتر دوژمن بشکێنین و دڵیان خۆش نەکەین، دەبێت یەکێتی و یەکگرتنمان بەهێزتر بکەین. بێگومان ئەمەش لەسایەی فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و گەنجانی وڵاتپارێزەوە دێتەدی".
"ڕزگارکردنی شەنگال لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین"
شەمۆ لەکۆتاییدا گوتی: "دیسانەوە ڕزگارکردنی شەنگال لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین، بەو هیوایەی ئەم یادە ببێتە مایەی ئازادی ڕێبەرمان، دەڵێین: شەهید نامرن!".
وتەبێژی تاژێ ڕیهام حەجۆ ڕایگەیاند کاتێک داعش لە شەنگال لەناوبرا، زۆر لایەن و دەوڵەت لەنێویاندا دەوڵەتی تورک و دۆستەکانی شکستیان هێنا، بۆیە تا ئێستە قوربانی دەدەین و دەوڵەتی تورک هێرش دەکات و ڕۆڵەکانمان دەکاتە ئامانج.
"تۆوی ژیانێکی نوێ لە شەنگال چێنرا"
ڕیهام حەجۆ ڕایگەیاند بە ڕزگارکردنی شەنگال تۆوی ژیانێکی نوێ چێنرا، ڕزگاری شەنگال بە قارەمانەکانی وەک مام زەکی و عەگید جڤیان ڕاگەیاندرا، ئێمەش تا کۆتایی شوێنکەوتەیان دەبین.
"گەڕانەوە بۆ سەر خاکی شەنگال، لەناوبردنی خەونی دەوڵەتی تورکە"
هەروەها گوتی: "دوژمن بۆ دوورخستنەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی لە خاکەکەی هەموو جۆرە ڕێ و ڕێبازێکی قێزەون دەگرێتەبەر، بە تانک و تۆپ و فڕۆکە هێرش دەکاتە سەر گەلەکەمان و گەنجەکانمان دەکوژێت. بەڵام خاوەنداری لە شەنگال و گەڕانەوە بۆ سەر خاکی شەنگال خەون و خەیاڵەکانی دوژمن و دەوڵەتی تورک لەناودەبات".
هەروەها لە وەڵامی بەرپرسانی پەدەکە کە دەڵێن هێزی پەدەکە شەنگالی ڕزگار کردووە، گوتی: "پەدەکە چی بۆ ئێزدییەکان کردووە؟ ئەوەی پەدەکە بەرامبەر ئێزدییەکانی کردووە ڕوونە، شەنگالی فرۆشت و ڕادەستی چەتەکانی داعشی کرد. کچ و دایکەکانمان لە بازاڕەکان فرۆشران و تا ئێستەش بەم ئازارەوە دەژین".
ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" و "ژن ژیان ئازادی" کۆتایی هات.