ئیلدەم: با زیاتر خۆمان ڕێکبخەین

ڕەمەزان ئیلدەم، کە دوای ٣٠ ساڵ مانەوە لە زیندان ئازاد کرا، ڕایگەیاند، "با ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر خۆمان ڕێکبخەین، یەکێتی و یەکڕیزی خۆمان بونیاد بنێین".

ڕەمەزان ئیلدەم، مانگی تەمووزی ساڵی ١٩٩٣ لە ناوچەی قۆسەری مێردین دەستبەسەر و زیندانی کرا. هەرچەندە ئیلدەم سزای ٣٠ ساڵ زیندان، کە بەسەریدا سەپێندرابوو تەواو کردبوو و پێویست بوو لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا ئازاد بکرێت، بەڵام لەلایەن دەستەی کارگێڕی و چاودێری زیندانەوە ئازاد کردنی دواخرا.

دوێنێ ئیلدەم لە زیندانی جۆری تی لە بافرای ئازاد کرا. دوای ئازادبوونی ئیلدەم چووە ئیستەنبوڵ و بەرەبەیانی بە فڕۆکە گەیشتە شاری مێردین.

لە بەردەم فڕۆکەخانەی مێردین جەماوەرێک لەنێوانیشیاندا کۆمەڵەی پشتیوانی بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوان (توھای-دەر)، بێریتان گونەش ئاڵتن، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە بازنەی مێردین، نوێنەرانی هەدەپە و دەبەپە، پێشوازییان لە ئیلدەم کرد.

بانگەواز بۆ ڕێکخستن و یەکڕیزی

ئیلدەم داوای کرد ئەو پێشوازییە لێرەدا کۆتایی نەیەت و وتی: ھیوادارین ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر خۆمان ڕێکبخەین، یەکێتی و یەکڕیزی خۆمان بونیاد بنێین. ھەم لە دەرەوە و ھەمیش لە زینداندا ستەم بوونی هەیە. ھەڤاڵانمان کاتێک دەچنە نەخۆشخانە، هەندێک جار ناچارن بە پێی پەتی بڕۆن. هەموومان وەک ڕێبەرمان لە ژێر گۆشەگیریداین. ھەر بۆیەش با لە پێناو کۆمەڵگاکەمان، بە ڕێکخستنبوونمان، تێکۆشانمان خەبات بکەین و هەموومان ئەرک و بەرپرسیاری خۆمان ئەنجام بدەین.

دواتر ئیلدەم لەگەڵ جەماوەرەکە بەرەو ماڵی دایکی لە ناوچەی قۆسەر بەڕێکەوتن.

ژ.ن