ئیشکگری خانەوادەکان لە وان بەردەوامە: پێویستە دەنگمان زیاتر بەرزبێتەوە

بەرخۆدانی خانەوادەی زیندانیان لە سەندیکای پارێزەرانی وان بەردەوامە. ئەبرۆ گونەی وتەبێژی هەدەپە سەردانی چالاکوانانی کرد.

ئیشکگری دادپەروەری خانەوادەی زیندانیان نەخۆش و ئەو زیندانیانەی کە سزاکایان تەواو بووە، بەڵام ئازاد ناکرێن لە سەندیکای پارێزەرانی وان دوو مانگە بەردەوامە. وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و بەڕێوەبەرانی رێکخستنی هەدەپەی ناوچەی سارای وان سەردانی خانەوادەکانیان کرد.

سەیفەدین ئوزسۆی هاوسەرۆکی ڕێکخستنی هەدەپەی ناوچەی سارای وتی، " پێویستە ئایسەل توغلوک و هەموو زیندانیە نەخۆشەکان ئازاد بکرێن. ئەگەر هەموومان پشتگیری بکەین، دەتوانین دەنگی خانەوادەکان بە هەموو جیهان بگەیەنین. هەروەها هیچ زانیاریەک لەبارەی بەڕێز ئۆجالان بەدەسناهێنرێت. ئێمە ئەم ناحەقیە شەرمەزار دەکەین. لە فراوانکردنی تێکۆشان زیاتر هیچ ڕێگەیەکی دیکەمان نییە."

ئەبرۆ گونای وتەبێژی هەدەپە رایگەیاند، لە تورکیا دادپەروەری نیییە، زیندانەکان بوونەتە شوێنی مردن و وتی، " هەموو هەڤاڵانمان لە زینداندا لەدژی ئەم دۆخە بەرخۆدانێکی گەورە بەڕێوەدەبەن. خانەوادەکانیش بەرخۆدان دەکەن. داواکاری خانەوادەکان داواکاری ئێمەشە. ئێمە پێشێلکاریەکان قبوڵ ناکەین و لەدژی دۆخەکە تێدەکۆشین. بانگەوازیمان بۆ وەزیری داد ئەوەیە کە دەنگی خانەوادەکان ببیزێت، دەست بە سیاسەتی ئەشکەنجە هەڵبگرن و زیندانیە نەخۆشەکان ئازاد بکەن. بێ ئەوەی درەنگ بێت، پێویستە هەنگاو بنرێت."

ف.ق