ئۆزتورک: لە هەڵبژاردنەکان وەڵامی دوژمنانی کورد دەدەینەوە

کاندیدانی پەرلەمانی پارتی چەپی سەوز لە ئامەد پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا. هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (کەجەدە) و کاندیدی ئامەد، بەردان ئۆزتورک گوتی: «لەم هەڵبژاردنە مێژووییەدا، وەڵامی دوژمنانی کورد دەدەینەوە».

لە ئامەد، چالاکییەکی بەرفراوان ڕێکخرا بۆ پێشوازی لە کاندیدەکانی پارتی چەپی سەوز. کاندیدەکان لە دووڕیانی دنیا لە ناوچەی پیاس پێشوازییان لێ کرا و دەیان ئۆتۆمبیل هاتنەڕیزی کاروانی پێشوازییەکەوە. کاندیدەکان سڵاویان لە ئامادەبووان کرد و پاشان نووسینگەی هەڵبژاردنیان لە شەقامی هونەر کردەوە. کاندیدەکانی پارتی چەپی سەوز لە ئامەد، بەردان ئۆزتورک و خالیدە تورک ئۆغلۆ و جەنگیز چاندار و عەدالەت کایا و سەرحەد ئارین و محەمەد کاماج و گەیلان ئەکچا و محەمەد ئەمین ئەکتار و ئازاد بارش و سورگوڵ ئەفشار و سەمەد مەنگوج؛ هاوشان لەگەڵ ئەندامانی هەدەپە و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەشێک لە هاوڵاتییان لە کردنەوەی نووسینگەکە بەشداربوون. ئۆتۆمبیلەکان بە ئاڵای پارتی چەپ ڕازێنرانەوە و بە ناوچەکانی پیاس و ڕێزان بە سروودی هەڵبژاردنەوە دەسووڕانەوە. گەلی بایەخێکی زۆریان دەدا بە کاندیدەکانی پارتی چەپی سەوز. لە هەندێک شوێندا، هاوڵاتیان بە ماتۆرسکیلەکان شوێنی کاروانەکە دەکەوتن و پشتگیرییان دووپات دەکردەوە. ژنان لە پەنجەرەی ماڵەکانەوە بە هێمای سەرکەوتن و هەلهەلە پێشوازییان لە کاروانەکە دەکرد.

پاشان کاندیدانی پارتی چەپی سەوز و بەشێک لە هاوڵاتیان ڕوویان کردە نووسینگەی هەڵبژاردنەکە لە شەقامی هونەر. هەرچەن پۆلیس ویستی ئاستەنگ لەبەردەم کاندیدان و جەماوەر بخوڵقێنێت، بەڵام گەل بە دەرووشمی «فشار ئێمە ناوەستێنێت» وەڵامی دانەوە. گۆرانی کوردی و تەپڵ ئەڵقەی هەڵپەڕکێ بەسترا. هەروەها بەردەوام درووشمی «ژن، ژیان، ئازادی» دەگوترایەوە.

وتەبێژی پارتی چەپی سەوز، عەباس شاهین لەبەردەم نووسینگەی هەڵبژاردن گوتی: «ئەو ناسۆرەی سەدان ساڵە دەیچێژین لە ئێستاوە دەوەستێت. هەرچەن دەستبەسەر کراین، بەڵام بێدەنگ نابین. دووەمین سەدەی کۆمار دەگۆڕین بۆ کۆمارێکی دیموکراتی. لەگەڵ گەل و کاندیدەکانمان ئەم ئامانجە بەدی دەهێنین».

پاشان هاوسەرۆکی کەجەدە و کاندیدی ئامەد، بەردان ئۆزتورک گوتی: «ئامەد بەم گردبوونەوەیە قسەی خۆی کرد. ساڵانێک بەڵێنی لەناوبردنی کوردیان دەدا بەگوێماندا، حکومەتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە ویستیان کورد لەناوببەن. ڕووبەڕوو بەندکردن و کوشتن بووینەوە. هەموو شتێکمان بەسەر هات. بەڵام ئەم سیاسەتە گەندەڵە کۆتایی دێت. ئەم هەڵبژاردنە مێژوویی دەبێت. دەبێت ئامەد لەم هەڵبژاردنە وەڵامی دوژمنانی کورد بداتەوە بە ڕێژە 12 بەرامبەر بە 0. سیاسەتی خۆیان لەسەر قڕکردن و پاکتاوکردنی کورد داڕشت، بەڵام سەرنەکەوتن».

«ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێگەی دانوستانە»

ئۆزتورک ئاماژەی کرد بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: «ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێگەی دانوستانە. تاکە چارەسەر هەر دانوستانە. چەندین کوشتا ڕوویدا و کورد لەناو نەچوو. گەلی ئامەد لەم هەڵبژاردنە وەڵام دەداتەوە. ئێمە بەگوێرەی ڕێگەی سێیەم دیموکراسی بنیات دەنێین. دەبێت هەموو ئەوانەی خوازیاری ئاشتی و دیموکراسی و ژیانی یەکسانن دژی ئەم سیاسەتە سەد ساڵییە بدەنەوە».

«پێکەوە، نوێ بنیات دەنێین»

خالیدە تورک ئۆغلۆ، بە نوێنەرایەتی دوانزە وەکیل بەهۆی هەموو ئەوەی لێێان دزراوە، گوتی: «ویستیان ئیرادەمان بدزن، بەم ڕێکخستنە وەڵاممان دایەوە و سەلماندمان خاوەنی ئیرادەین. ئێمە نابینە ئەو «کوردی عاقڵ»ـەی بەسەرماندا دەیسەپێنن. ئێمە گەرەنتی کوردبوونێکی دیموکراتیین. کوردبوونی ئێمە ئەوەیە داوای لێپێچینەوە دەکەین و نوێ بنیات دەنێین، دیسان ئێمە، دیسان سەرکەوتن».

ف.ق