ڕۆژ بە ڕۆژ ژیان لە کەمپەکاندا ژیان سەختتر دەبێت: تەنانەت ئاویش دابین ناکرێ

١٠ساڵ بەسەر فەرمان(کۆمەڵکوژی)ی ٢٠١٤ سەر کۆمەڵگای ئێزدیدا تێدەپەڕێت. وەک ساڵی یەکەم بارودۆخی ژیان لە کەمپەکانی باشووری کوردستان زەحمەتە.

دۆخی ئاوارەکان لە کەمپەکانی باشوور

لە ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی فەرمان بەسەر شەنگالدا، گەلی ئێزدی لە باکور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوبووەوە. زۆربەیان لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بوون و لە کەمپەکاندا جێگیر کران.

یەکێک لەو کەمپانەی کە زۆرینەی گەلی شەنگاڵی تێیدا نیشتەجێ بوون، کەمپی قادیە ١-٢ لە زاخۆی پارێزگای دهۆکە.

بە سەدان بنەماڵەی شەنگاڵی لە کەمپی قادیە نیشتەجێ کران. لە ساڵی ٢٠١٤ تا ئەمڕۆ ئەم کەمپە دەیان جار ئاگری لێکەوتووتەوە و جارێکیش لەلایەن فڕۆکەوە بۆردومان کراوە.

دانیشتوانی ئەم کەمپە ئەوە دە ڕۆژە بێ ئاون و ژیانیان زۆر زەحمەت تر بووە. دوای ئەوەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیاریدا سەرجەم کەمپەکان لە ٣٠ی حوزەیران دابخات و سەرجەم ئاوارەکان بگەڕێننەوە شوێنی خۆیان، ئێستا حکوومەتی باشوور هەموو پێداویستییەکانی ژیانی لە گەل بڕیوە و تەنانەت ئاوی کەمپەکان دابین ناکات و ڕێگە نادات ئاو بە فرۆشتنیش بگاتە دەستی دانیشتوان.

لەم دواییانەدا وەزارەتی کۆچبەران ڕایگەیاند کە هەرکەسێک پێش ٣٠ی حوزەیران بگەڕێتەوە شوێنی خۆی هاوکاری وەردەگرێت، ئەوانەی لە دوای ٣٠ی حوزەیران بگەڕێنەوە هاوکاری وەرناگرن.

حکوومەتی باشووریش هەوڵی ئەوە دەدات ڕێگری لەگەڕانەوەی ئاوارەکان بکات بۆ شوێن و ماڵی خۆیان.