"ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەهۆی خیانەتەوە خاکی باشوری کوردستان لەدەستدەدەین"
چاودێرێکی سیاسی دەلێت: "لە قوماری ڕیفراندۆم ٥١٪ی خاکی باشور لەدەستدرا ئیستاش بەشێکی دیکەی لەلایەن تورکیاوە داگیردەکرێت".
چاودێرێکی سیاسی دەلێت: "لە قوماری ڕیفراندۆم ٥١٪ی خاکی باشور لەدەستدرا ئیستاش بەشێکی دیکەی لەلایەن تورکیاوە داگیردەکرێت".
محەمەد نەسڕەدەین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەداری دیاری باشوری کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، سەبارەت بە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و هەوڵەکانی بۆ زیاتر داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان بەهاوکاری پەدەکە و نیگەرانییەکانی خەڵکی لەداگیرکردنی خاکەکەیان و چەند پرسێکی گرێداروی ئەو بابەتە دوا.
هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەدەستدانی خاکی هەریمی کوردستانە
سەبارەت بە داگیرکردن لەدەستدانی خاکی باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار، ئاشکرای کرد: "یەکێ لە مەترسییەکانی پیلانگێڕی و هێرشی ئەم جارەی دەوڵەتی داگیرکاری تورک بۆسەر باشووری کوردستان ئەوەیە ئەگەر ئەم پرۆسە سەربازییەی تورکیا ئەنجامی دەدات سەرکەوتووبێت ئەوە زیاتر لە ٧٠٪ی خاکی پارێزگای دهۆک بەتەواو دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، ئەمەش بۆ خۆی مەترسییەکی جدییە دیسانەوە لە دەستدانی بەشێکە لە خاکی هەرێمی کوردستان".
پێویستە لایەنە سیاسییەکانی باشور هەڵوێستی جدییان هەبێت لەبەرامبەر داگیرکاری تورک
سەبارەت بەبێ دەنگی حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان لەبەرامبەر داگیرکاییەکانی دەوڵەتی تورک، ئەو چاودێری سیاسییە وتی: "دەبینین حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەدەکە زۆر بێدەنگن بەتایبەتی ئەم داگیرکارییەی ئیستا لە سنووری دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەدەکە ئەنجام دەدرێ، دەوڵەتی داگیرکاری تورک تەنها لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵ زیاتر لە ٨٠٠ هێرشی ئاسمانی و زەمینی کردۆتە سەر خاکی باشوری کوردستان کە ئەمەش بە ڕاستی پێویستی بە هەڵوێستەی جدییە لە لایەن حزبە سیاسییەکانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان".
"پەدەکە ڕێگرە لەوەی حکومەتی عێراق دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەربکات"
محەمەد نەسڕەدین سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی، تیشکی خستسەرسەر هەڵوێستی پەرلەمانتارانی عێراق لە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و ئاشكرای کرد: " نەنگی و عەیبەیەکی گەورەیە دەنگی ئەندام پەرلەمان لەناو پەرلەمانی عێراق لە بەغدا بەرزەوەبێت دژی ئەم داگیرکارییە و لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تاوانبار بکرێن بەوەی کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەدەکە ڕێگرن" لەوەی کە عێراق بەکاری خۆی هەستێ بۆ دەرکردنی هێزی داگیرکاری تورکیا و پاراستنی سنورەکان".
لە ڕیفڕاندۆم بەشێکی خاکی کوردستان لەدەستدرا و ئیستاش بەشەکەی دیکە داگیردەکرێت
سەبارەت بە فراوان کردنی بوونی هێزی داگیرکەری تورک لە باشوری کوردستان، محەمەد نەسڕەدین ئاشکرای کرد: " ئەوەی ئێستا ڕوودەدا مەترسییەکی گەورەی جدییە لەبەرئەوەی بەشێکی گرنگ لە خاکی هەرێمی کوردستان لە دەست دەدرێ چۆن لە ڕیسک و قوماری ڕیفراندۆم ٥١٪ی خاکی باشور لەدەستدرا ئێستاش بەشێکی گرنگی خاکی پارێزگای دهۆک لە دەست دەدەین، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر بنکە و بارەگای نوێ دروست دەکات دەوڵەتی داگیرکاری تورک تەنها لە دوای ساڵی ٢٠١٧ تا ئێستا سەرووی ٦٤ بنکە و بارەگای سەربازی دەوڵەتی داگیرکاری تورک لە ناوچەیەکی گرنگەکانی باشوری کوردستان دروست کردووە، تورکیا بەم پرۆسەیەش دەیەوێ ژمارەی ئەو بنکەو بارەگا سەربازییانەی زیاد بکات، ئەمەش داگیرکردنی بەشێکی گرنگی خاکی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ لە پارێزگای داهۆک ڕوودەدات، ئەم مەترسییەی ئێستا هەیە فراوان بوونی دەسەڵاتی سەربازی تورکیا و زیاتر داگیرکردنی خاکی هەرێمی کوردستانە".
ئەوەی سوپای تورک دەیکات سووکایەتی کردنە بە هاووڵاتیانی ناوچە داگیرکراوەکان
ناوبراو باسی لە دۆخی هاووڵاتیانی ناوچە داگیرکراوەکان کرد و ڕایگەیاند: "ئەوەی کە جێی پرسیاری هەموو چاودێرانی سیاسی و خەڵکی هەرێمی کوردستانە بێدەنگ بوونی حوکمڕان و بەرپرسی سیاسی ئەو ناوچەیە بێدەنگ بوونی ئەو ناوچەیەیە لەئاست داگیرکارییەک کە بەشێکی زۆری شارەکەی داگیرکردووە، ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری تورک بازگەی داناوە لێپرسینەوە لە هاوڵاتییانی دهۆک دەکات ئەمەش جۆرێکە لە سووکایەتی کردن بەهاوڵاتیانەوە، بێدەنگ بوون لە ئاست ئەم داگیرکارییە جێگای هەڵوەستەیە کە پەدەکە خۆی بە حوکمڕان و دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە بزانێ و بێدەنگ بێت لەئاست داگیرکردنی ئەو ناوچەیە".
لە ئەنجامی هەڵەی سیاسی و خیانەت خاکی باشور لەدەستدەدەین
ئەو سیاسەتمەدارەی باشوری کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتیشی: "پێویستە لایەنی سیاسی و هاوڵاتیان هەڵوێستیان هەبێ لەسەر ئەم داگیرکارییە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە ئەنجامی هەڵەی سیاسی و خیانەتی سیاسی بەش بەش لە خاکی هەرێمی کوردستان لە دەست دەدەین بۆیە ئەمە بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستانە نابێ چیدیکە لەئاست لە دەستدانی خاکی هەرێمی کوردستان بێدەنگ بین".
ئەوانەی هاوکاری داگیرکەرن لەگەڵ لەدەستدانی خاک کۆتایی بە حزب و دەسەڵاتیان دێت
محەمەد نەسڕەدەین سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی، پەیامێکی ئاڕاستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و ووتی: "هەموو لایەنە سیاسییەکان چ ئەوانەی ئەمڕۆ بێدەنگن بەرامبەربە داگیرکاری دەوڵەتی تورک وچ ئەوانەی هاوکاریانن هەموویان دەبێت باش بزانن مانەوەی ئەو لایەنە سیاسیانە و قورسایی ئەو لایەنە سیاسیانە بە خاکی هەرێمی کوردستانەوە و خەڵکەکەیەوە بەستراوە کاتێک تۆ خاکەکەت لەدەستدا و خەڵکەکەت تەسلیمی ئیرادەی داگیرکەر کرد ئەبێ باش بزانی چارەنووسی ئەو لایەنە سیاسییەش "پەدەکە" کۆتایی هێنانە بە حزب و دەسەڵاتەکەی، نابێ لەژێر هیچ فشار بیانویەکە ڕێخۆشکەربین بۆ داگیرکەر و ڕێ بدەین داگیرکەر خاکمان داگیرکەربکات و سووکایەتی بە هاوڵاتیمان بکات".
هەموو لایەنە سیاسییەکانی باشور زەرەرمەند دەبن لەم داگیرکارییەی تورک
ئەو سیاسەتمەدارەی باشوری کوردستان، ڕاشیگەیاند: "هەر لایەنێکی سیاسی پێی وابێ بەرژەوەندییەکی سیاسی هەیە لەوەی خاکی داگیربکرێت هەڵە دەکات نەنگ و عەیبەیە پێی وابێ داگیرکردنی خاکەکەی بێ لەسەر خاکەکەی لێپرسینەوە لە هاوڵاتییان بکات، لەهەر داگیرکاری و هێرشێکی سەربازی بۆسەر هەرێمی کوردستان هەموو لایەنە سیاسییەکان زەرەرمەندن و هەر لایەنێکی سیاسی پێی وایە سوودمەند دەبێت ئەوە زەرەرمەندی یەکەم دەبێت لەبەرئەوەی دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵات و خۆشەویستی خەڵکیش لەدەستدەدات".
ئۆباڵی نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی پەدەکەیە
لە کۆتایی قسەکانیدا، محەمەد نەسڕەدەین سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ڕایگەیاند: "هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی زۆر ناسک و هەستیار تێدەپەڕێت ئێمە خاکێکی زۆرمان لە دەست داوە و ئابووریمان لەدەست داوە، ئەرکی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستانە کە ئەو خاکەی ماوە دەبێ دەستی پێوەبگرین و دەبێ هاوڵاتیانمان ئاشتکەینەوە، بەردەوام بوون لەسەر قوربانیدان بە خاک و قوربانیدان بە هاوڵاتییانی کوردستان ڕەنگە ڕووبەڕووی چارەنووسێکی مەترسیدارمان کاتەوە ئەوەش نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئۆباڵەکەشی لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە (پەدەکە) کە ئەمڕۆ ڕێخۆشکەرن بۆ داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا".
هـ. ب