ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکەی مێردیندا گیانیان لەدەستدا گەیشتە ٥ کەس

لە هێرشەکەی مێردیندا ژمارەی ئەو کەسانەی ژیانیان لەدەستدا گەیشتە ٥ کەس. هاوکات چوار کەسیش دەستگیرکراون.

شەوی رابردوو کاتژمێر ٠٠:٣٠ لەو کاتەیدا ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری تابلۆی عێراق لە سەر رێگەی ئاوموشی مێردین بوو، لەلایەن هەندێک کەسەوە کە ناسنامەیان دیار نییە تەقەیان لێکرا. لە هێرشەکەدا گولـلە بەر ٥ هاوڵاتی کەوت. لەو کەسانەی لە ئۆتۆمبێلەکەدابوون هەندرێن عەبدوڵا ساڵح (٣٩)، وەحیدە حەیدەر جاسم (٦٣)، عەبدوڵا ساڵح مستەفا (٦٩) و چیمەن شەهین خالید (٧٥) هەر لەو شوێنەدا ژیانیان لەدەستدا. ئەحمەد جەلالەدین ئیبراهیم (٤٥)یش بە سەختی برینداربوو. ئیبراهیم دوای فریاگوزاری سەرەتایی رەوانەی خارپیت کرا و لەوێ ژیانی لەدەستدا. بنەماڵەی ئەو کەسانەی ژیانیان لەدەستداوە دوای رووداوەکە هاتنە مێردین. بنەماڵەکان لەبەردەم نەخۆشخانەی لێکۆڵینەوە و فێرکاری مێردین چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی تەرمەکانن.

بنەماڵەکان هاتنە مێردین

یەک لە بنەماڵەی ئەو کەسانەی ژیانیان لەدەستداوە نیهاد میکائیل ئەمین، باسی لەوەکرد کە دوای ئەوەی بە رووداوەکەیان زانیوە هاتوون بۆ سآرەکە و باسی لەوەکرد کە ئەو کەسانەی کوژراون بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی روویان لە تورکیا کردبوو. ئەمین باسی لەوەکرد کە تائێستا ئەوانیش لەبارەی رووداوەکەوە هیچ زانیارییەکیان نییە و بە گوێرەی زانیارییەکان کە لە بەرپرسان وەریان گرتووە "ئەو ئۆتۆمبێلەی هێرشی کراوەتەسەر لە نسێبینەوە لەلایەن ئۆتۆمبێلێکی دیکەوە چاودێری کراوە و هێرشەکە لەلایەن ئەو کەسانەوە کراوە کە لەو ئۆتۆمبێلەدا بوون". ئەمین ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو ئۆتۆمبێلەی چاودێری کردوون ٤ کەسی تێدابووە و بە گوێرەی زانیارییەکانمان تائێستا ٢ کەسیان دەستگیرکراون. ئەمین وتی، دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکان دەگەڕێنەوە بۆ دهۆک.

٤ کەس دەستگیرکراون

والیگەری مێردین سەبارەت بە رووداوەکە رایگەیاند، کە ٤ کەسیان بە تۆمەتی تێوەگلان لە هێرشە بە ناوەکانی م. ش، ف.ئا، ئا. ی و ئا. ک دەستگیرکردووە.

هـ . ب