ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە ڕانیە یادکرانەوە
ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە ٢٣ ی ئاب لە ناوچەی سەیدسادقی سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهیدکران، لە مەراسیمێکدا یادکرانەوە.
ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە ٢٣ ی ئاب لە ناوچەی سەیدسادقی سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهیدکران، لە مەراسیمێکدا یادکرانەوە.
دەوڵەتی تورک لە ٢٣ ی ئاب لە ناوچەی سەیدسادقی سلێمانی لە باشووری کوردستان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئۆتۆمبیلێکی کردە ئامانج و ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهیدکران. ئەم ئێوارەیە لەبەردەم باخی گشتی ڕانیە بە بەشداری چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و خەڵکی ئیدارەی ڕاپەڕین دژی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسەکان چالاکی ئەنجامدرا.
لەسەر ناوی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی ڕانیە، دیڤان سیهاد ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە، ڕایگەیاند، وەکو ئاشکرایە دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوور لە هەموو پێوان و یاسایەکی نێودەوڵەتی شەڕی لەناوبردنی گەلی کورد دەکات و سڵ لە هیچ ناکاتەوە، گوتی: "لە مەیدانی جەنگدا چەکی قەدەغەکراو بەکار دەهێنێت و ڕەزوباخ و ژینگە تێکدەدات لە گوند و شارەکانیشدا هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج و شەهید دەکات".
هەروەها ئاماژە بەوە کرا حکومەتی عێراق و هەرێم لەم هێرشانە و ڕژانی خوێنی ڕۆژنامەنووسان بەرپرسن، گوتی: "ئەم کردەوە تیرۆرستییە دژ بە هەموو یاسا و پێوانە نێودەوڵەتییەکانە و تاوانی جەنگە، دەبێت بکەرانی و هاوکارە خیانەتکارەکانیان سزابدرێن و ڕیسوابکرێن، بێهەڵوێستی حکومەتی هەرێم و بێدەنگی ڕای گشتی بووتە هۆکاری بەردەوامبوونی ئەم تیرۆر و پێشێلکارییەی دەوڵەتی تورک بەرامبەر هەر ئازادیخوازێکی کورد."
داوا لە ڕێکخراوە نیودەوڵەتییەکان، مافی مرۆڤ، سەندیکاکانی ڕۆژنامەنووسانی عێراق و جیهان کرا لە ئاست ئەو تاوانە دژە مرۆڤانەیەدا بێدەنگ نەبن و کاری جدی بکەن بۆ فشارخستەنە سەر دەوڵەتی تورک.
لەکۆتاییدا جەختکرایەوە لەسەر درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، دووپاتکرایەوە تا سەرخستنی ئیرادەی ئازاد تێدەکۆشن.