ڕۆژنامەنووسانی گەرمیان: لە سنووری پەدەکە ئەوانەی بیروڕای جیاوازیان هەیە ڕاپێچی دادگا دەکرێن

سەبارەت بە رفاندن و دواتر سەپاندنی سزای سێ ساڵ زیندان بە سەر رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، رۆژنامەنووسانی گەرمیان رایانگەیاند، "لە سنوری پەدەکە تۆمەتی ناڕەوا بۆ کەسانی ئازادیخواز و ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دروست دەکرێت."

ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، سڵێمان ئەحمەد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگەڕێتەوە لە دەروازەی فیشخابور لە لایەن ئاسایشی پەدەکە دەڕفێنرێت و ماوەی ٢٨٦ ڕۆژە لە زیندانی ئاسایشی دهۆکە و لە ٢٩ی تەمووزی ئەمساڵدا سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە. لەو بارەیەوە هەر یەک لە ڕۆژنامەنووسان؛ زمناکۆ یەحیایی و شاهۆ ئیبراهیم بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

'بەهۆکاری نەبوونی ئازادی لە سنووری پەدەکە ڕۆژنامەنووسان هەڵدێن'

ڕۆژنامەنووس زمناکۆ یەحیایی ئاماژەی بەوەکرد ڕۆژنامەنووسانی سنوری پەدەکە بەهۆی نەبوونی ئازادییەوە زێدی خۆیان بەجێ دێڵن و دێنە شارەکانی تر و گوتی: "ڕۆژنامەنووسانی سنووری بادینان، هەولێر و دهۆک بەهۆکاری بەرتەسکبوونی کاری ڕۆژنامەوانی و نەبوونی ئازادی لەو سنوورانە و سەرەڕای ئەوەش لە دادگاکانی پەدەکە تۆمەتی ناڕەوا و نابەجێیان بۆ دروست دەکرێت. هەربۆیە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی ئەو سنورانە ناوچەکانی خۆیان بە جێ دێڵن و ڕوو دەکەنە سلێمانی."

'لە سنووری پەدەکە ئەوانەی بیروڕای جیاوازیان هەیە ڕاپێچی دادگا دەکرێن'

 هەروەها ڕۆژنامەنووس شاهۆ ئیبراهیم باسی لەوە کرد لە سنوورەکانی پەدەکە تۆمەتی ناڕەوا و نابەجێ بۆ ڕۆژنامەنووسان دروست دەکرێت بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "تاوەکو ئێستاش نازانم سڵێمان ئەحمەد لەسەر چی دەستگیرا کراوە، بەداخەوە لەو سنورانەی کە پەدەکە دەسەڵاتی بە دەستە سیناریۆ دروستکردن زۆر ئاسانە هەرکەسێک بیروڕای جیاوازی هەبێت سیناریۆی بۆ دروست دەکەن ڕاپێچی دادگای دەکەن و دادگاکانی ئەوێش سەربەخۆنین و بڕیارەکانی سیاسیین."

لە کۆتایدا وتیشی: "لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا ئاگاداری دەستگیرکردنی سڵێمان ئەحمەدین بەڵام تاوەکو ئێستاش نەمانزانیووە کە لەسەر چی دەستگیرکراوە. لە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەدا ئەم هەرێمە دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، ئەوان وەک سیناریۆی حیزبێک لێی ناڕوانن سەیری وێنە گەورەکە دەکەن کە هەرێمی کوردستانە."