ڕۆژنامەنووسانی کەرکوک ئیدانەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکەن لەلایەن تورکیاوە

ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی شاری کەرکوک، بەکارهێنانی چەکی کیمیایان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەتوندی ئیدانە و شەرمەزار کرد.

لە ماوەی ڕابردوودا بابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن سوپای تورک دژی هێزەکانی گەریلا لە ئاڤاشین و مەتینا بووەتە بابەتی رۆژ، بە پێ لێدوانی هەپەگە "لە شەش مانگی رابردوودا تورکیا لانیکەم ٣٢٣ جار دژی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان چەکی کیمیایی بە کارهێناوه".

بەکار هێنانی چەکی کیمیایی بە پێ رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان وەک تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت و گەلی کورد لە سەد ساڵی رابردوودا، بەردەوام قوربانی ئەم چەکە بووه، کورد یەکێکە لە قوربانیە سەرەکییەکانی چەکی کیمیایی لەجیهاندا.

پێش زیاتر لە سێ دەیە کە بۆردومانی کیمیایی گەلی کورد لە لایەن رژیمی سەدام حوسێن ئەنجامدرا، کارەساتی گەورەی بۆ گەلەکەمان بەدوای خۆیدا هێنا، دوای زیاتر لە ٣٣ ساڵ دیسان جارێکتر باشوری کوردستان بووەتە ئامانجی چەکی کیمیایی سوپای تورک و هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدراڵ لەئاستی ئەم تاوانە بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورک دژی بزوتنەوە ئازادیخوازەکان و خەڵکی ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان و کاریگەری ئەو چەکە لەسەر ناوچەکە و خەڵکی ناوچەکە، رۆژنامەنووسانی شاری کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد و تیدا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیایان ئیدانە و شەرمەزار کرد و بەکاریکی نا مرۆڤانەیان لەقەڵم دا.

چەکی نایاسایی دژی گەلەکەمان بەکاردێنێت

بەختیار محەمەد رۆژنامەنووس و چالاکوان ، سەبارەت بەهێرشەکانی دەوڵەتی تورک دژی گەلی کورد، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات  (ANF)ی ووت: "ساڵانێکی زۆر دەوڵەتی تورکیا دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکات و بەدرێژایی میژوو دەوڵەتی تورکیا دژایەتی ماف و خواستی گەلی کوردی کردووە، وە لە ساڵانی دوایشدا هەوڵە دوژمنکارەکانی دەوڵەتی تورک دژی گەلی کورد چڕبۆتەوە، دەوڵەتی تورکیا لەدژی گەلی کورد لە باشور و رۆژئاوا و گوندە سنورییەکان دەیان ڕێگە و ئامارازی و چەکەی نایاسایی دژی گەلەکەمان بەکاردێنێت."

ئیرادەی گەلی کورد سەردەکەوێت

هەروەها بەختیار محەمەد،  بۆ ڕێگری کردن لەو هێرش و پێشەڵکاریانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ووتیشی: " چەندین جار داوامان کردووە و داواشی دەکەینەوە، کە پێویستە لەسەر هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراق هەوڵەکانیان چر بکەنەوە بۆ ڕێگری کردن لەو پێشەڵکاریانەی تورکیا ئەنجامی دەدات بەرامبەر گەلی کورد، دڵنیاشم لەکۆتایدا ئیرادەی گەلی کورد سەردەکەوێت."

ئەو بێدەنگیە بووەهۆی پەڵەیەکی ڕەش بەنێوچەوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی

سەبارەت بە مەترسییەکانی بێ دەنگیبوون لەبەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، ئەو رۆژنامەنووسە ئەەشی ووت: "نابێت بێ دەنگی هەڵبژێردرێت لەبەرامبەر ئەم هێرشانە، لەساڵی ١٩٨٨ کاتێک کە هێرشی کیمای کرایە سەر شاری هەڵەبجە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێ دەنگی هەڵبژارد و پاشان ئەو بێدەنگیە بووە هۆی پەشیمانیەکی گەورە و پەڵەیەکی ڕەش بەنێوچەوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هیوادارین هەمان مێژوو و هەمان چارەنووس جارێکی دیکە خۆی دووبارە نەکاتەوە، بێ دەنگ بوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جیهانیەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیای دژی گەلی کورد تاوانی جەنگە چونکە کرداری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەتاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت."

تەنها هەوڵوێست بەس نیە

لەکۆتایدا سەبارەت بە هەڵوێستی خۆی لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، بەختیار محەمەد رۆژنامەنووس ڕایگەیاند: " من وەکو رۆژنامەنووسێک بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەم کە لەلایەن تورکیاوە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت، وە پێویستە دەوڵەتی تورکیا دەستبەرداری ئەم تاوانە نا مرۆڤانەیانە بێت، وە پێویستە تەواوی ئازادیخوازنی جیهان بێ دەنگ نەبن لەبەرامبەر ئەم تاوانانە، تەنها هەوڵوێستیش بەس نیە بەڵکو پێویستە کردار ئەنجام بدرێت بۆ ڕێگری کردن لە هێرشەکانی تورکیا."

سەرەتا بەتوندی ئیدانەی بێ دەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم

هاوار فارس کچە رۆژنامەنووسێکی شاری کەرکوکە، سەبارەت بەهێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر گەلی کورد ووتی: " من وەکو رۆژنامەنووسێک سەرەتا بەتوندی ئیدانەی بێ دەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە بێ دەنگە لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژی گەلی کورد ئەنجامی دەدات، پاشان ئیدانەی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا دەکەین بۆسەر ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان کە لەئیستادا چەکی کیمیایی دژی نەتەوەی کورد بەکاردەهێنرێن لەلایەن تورکیاوە."

بەهۆی بێ دەنگی لایەنە کوردییەکان هەمان سیناریۆی هەڵەبجە دووبارە دەبێتەوە

هەروەها ئەو کچە رۆژنامەنووسەی شاری کەرکوک ووتیشی: " لەڕابردوودا گەلی کورد قوربانی چەکی کیمیایی بووە کە لەلایەن رژیمی بەعس لەو سەردەمەدا کورد کیمیاباران کراوە، لەئیستاشدا بەهۆی بێ دەنگی لایەنە کوردییەکان هەمان سیناریۆی هەڵەبجە دووبارە دەبێتەوە و جارێکی دیکە گەلی کورد چەکی کیمیایی لەدژی بەکاردەهێنرێت ئەم جارەش لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوەیە، بێ دەنگ بوونی لایەنە سیاسیە کوردییەکان پاڵنەر تا دوژمنان لەهەر چوارپارچەی کوردستان هێرش بکەنە سەر نەتەوەکەمان."

بێ دەنگی بشکێنرێت

لەکۆتایدا سەبارەت بە هەڵوێستی خۆی، هاوار فارس کچە رۆژنامەنووسی شاری کەرکوک ئەوەشی ووت: " وەکو رۆژنامەنووسێکی شاری کەرکوک، تەواوی ئەو هێرش کیمیایی و تۆپبارانانەی کە دەوڵەتی تورک ئەنجامی دەدات بۆ سەر هەرچوارپارچەی کوردستان ئیدانەی دەکەم، و هیوادارم بێ دەنگی بشکێنرێت چونکە دەرئەنجامی کیمیابارانمان بینی."

لەسەر ئەم تاوانانە بێ دەنگ نەبن

هەروەها هەڵمەت حەسەن، رۆژنامەنووسێکی دیکەی شاری کەرکوکە، سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ووتی: " بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە یەکلاکردنەوەی شەرەکان بەدرێژایی مێژوو کارەساتی لیکەوتووتەوە و بەکارێکی دژە مرۆڤ هەژمار دەکرێت، لەمێژووی گەلی کورد زۆرجار تووشی کۆمەڵکوژی بۆتەوە، پێویستە لەسەر لایەنی حکومی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم تاوانانە بێ دەنگ نەبن."

دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگەوە

لەدرێژەی قسەکانیدا ئەو رۆژنامەنووسە ووتیشی: " هەر وولات و لایەنێک چەکی کیمیایی دژی گەلێک یان وولاتێکی دیکە بەکاربهێنێت ئەوە دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگەوە جا ئەو چەکە کیمیایە دژی گەلی کورد بەکاربهێنرێت یان دژی هەر ووڵاتێکی دیکە بێت و بەهەموو شێوەیەک ئیدانەی دەکەین."

تاوانە دژی تەواوی مرۆڤایەتی

لەکۆتایدا هەڵمەت حەسەن رۆژنامەنووس، دەربارەی لیکەوتەکانی بێ دەنگی بوون لەبەرامبەر هێرشەکان ووتیشی: " لەدژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نەک تەنها کورد بەڵکو پێوتستە هەمووان دژی بوەستنەوە، چونکە بەکارهێنانی چەکی کیمیای تاوانە دژی تەواوی مرۆڤایەتی و بە چەکی کۆمەڵکوژ هەژمار دەکرێت."

ژ.ت