ڕۆژنامەنووسانی کوردی کەرکوک: "لەسەر بنەمای نەتەوە جیاوازیمان لەگەل دەکرێت"
ڕۆژنامەنووسانی کەرکوک: " ئیدارەی ئیستای کەرکوک، لەسەر بنەمای پێکهاتە جیاوازییەکی زۆر دەکات لە مامەلەکردن لەگەل رۆژنامەنووسان".
ڕۆژنامەنووسانی کەرکوک: " ئیدارەی ئیستای کەرکوک، لەسەر بنەمای پێکهاتە جیاوازییەکی زۆر دەکات لە مامەلەکردن لەگەل رۆژنامەنووسان".
چەند مانگێک لەمەوبەر سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراق بڕیاریدابوو زەوی بەسەر ئەندامەكانیدا دابەش بکات، دوای پێشکەش کردنی ناوەکان دەرکەوت کە بەشێكی زۆر لە رۆژنامەنووسانی نەتەوەی کوردی شارەکە بێ بەش کراون لەو مافەو جیاوازی دەکرێت لەنێوان نەتەوەکاندا، بۆیە بە فشاری بەرپرسانی کورد بڕیارەکە سڕ کرا و لەئیستادا هەوڵدەدەرێت بڕیارەکە جێبەجێ بکرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ، پێشتر لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراق ناوی زیاتر لە ١٤٠ رۆژنامەنووسی شارەکە رەوانە کردووە بۆئەوەی زەوییان پێ بدرێت کە زۆربەیان لە نەتەوەی عەرەب و تورکمانن، کە بەشێکیان لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعس زەوییان وەرگرتووە و ژمارەیەک لە عەرەبی هاوردەش لەنێو ناوەکان هەن، ئەمەش رۆژنامەنووسانی کوردی شارەکەی نیگەران کردووە کە وەکو هاووڵاتیانی ڕەسەنی شارەکە مافیان فەرامۆش کراوە.
هەر سەبارەت بەو پرسە ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسی کوردی شارەکە کۆبوونەوەیەکیان سازکرد و تیدا هۆشدارییان دایە ئیدارەی پارێزگای کەرکوک و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێبوون و چوار داواکارییان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە بریتیبوو لە:-
١- پێویستە ئەو کەسەی زەوی وەردەگرێ خەڵکی رەسەنی کەرکوک بێت و ١٩٥٧ی کەرکووک بێت.
٢- ئەو رۆژنامەنوسانەی زەوییان پێدەدرێ پێشتر سودمەند نەبوبێتن و رۆژنامەنوسی کارای گۆڕەپانەکەبن.
٣- تەنیا ئەندامێتی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق مەرجی وەرگرتنی زەوی نەبێت.
٤- هاوسەنگی پێکهاتەکان لەم پڕۆسەیدا هەبێت.
لەسەر بنەمای نەتەوە جیاوازییەک لەنێوان رۆژنامەنووسان دەکرێت
سۆران عەبدولکەریم کە رۆژنامەنووسێکی کوردی شاری کەرکوکە، سەبارەت بە نیگەرانیان وەکو رۆژنامەنووسانی کورد بەهۆی پەراوێزخستیان لە مافەکانیان لەسەر بنەمای نەتەوە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئەمە یەکەمجار نیە نیە وەکو رۆژنامەنووسانی کوردی کەرکوک کۆبوونەوە دەکەین سەبارەت بەم پرسە، پێشتریش بەیاننامەمان هەبووە و هۆشداریمان داوە بە ئیدارەی پارێزگای کەرکوک و سەندیگای رۆژنامەنووسانی عێراق کە ئەو پێوەرانەی داندراون ناڕەوان و شایستە نین بە رۆژنامەنووسان، ئەگەر ئەو لایەنانە بیانەوێت ئەو پێوەرە بسەپێنن بەسەر رۆژنامەوانان، ئێمەش مافی خۆمانە کە بەشدارین وەکو رۆژنامەوانانی مەیدانی کارا کە ماوەی چەندین ساڵە لەم شارە کاردەکەین بەڵام هەست دەکەین کە جیاوازییەک لەنێوان رۆژنامەنووسان دەکرێت".
حیسابی کەم بۆ کورد دەکرێت، پێویستە لەسەر مافی خۆمان بینە دەنگ
سۆران عەبدولکەریم ووتیشی: "هەوڵێک هەیە بۆئەوەی بەنهێنیەوە ئەم بابەتە بەڕێبخرێت و پەردەپۆش بکرێت وە ئەمەش دووەم هۆشداری ئێمە وەکو رۆژنامەنووسانی کوردی کەرکوک، پێشمان وایە ئەگەر وەڵامی ئەرێنی نەبێت بۆ داواکاری ئێمەی رۆژنامەوانانی کوردی کەرکوک، ئەوە ئێمە وەڵامێکمان دەبێت کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەهێنێتەسەر چۆک، ئێمە لەئیستادا بە زمانی برایەتی دەلین رۆژنامەنووسانی کورد لە کەرکوک مافی خۆیانە کە قوربانیان داوە و هەمووکات رۆڵیان هەبووە لە پتەوکردنی برایەتی لە شارەکە، بۆیە مافی خۆمانە کە هەر شایستەیەک بە رۆژنامەنووسانی تورکمان و عەرەب پێویستە بدرێت بە کوردیش، نامانەوێت ئەم بابەتەش بە دەردی دامەزراندنەکان دیکەی کەرکوک بچێت کە رێژەیەکی زۆر کەم بە کورد دەدرێت و حیسابێکی کەمی بۆ دەکرێت ئێمە رۆژنامەنووسین پێویستە لەسەر مافی خۆمان بینە دەنگ".
تەنها ماف دەدرێت بەوانەی کە لەبەرژەوەندی ئیدارەی ئیستای کەرکوک کاردەکەن
ئاسۆ ئەحمەد رۆژنامەنووسیکی دیکەی شاری کەرکوکە و سەبارەت بەو جیاوازییەی لەنێوان رۆژنامەنووسانی کورد دەکرێت لەسەر بنەمای نەتەوە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "بەداخەوە رۆژنامەنووسی کورد لە شاری کەرکوک جگە لەوەی کە قوربانی ئەو ڕووداوانەیە کە لە ڕابردوو و ئیستادا ڕوویانداوە، کێشەکانی پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک بۆ ئێمەی کورد بەهای هەواڵی هەیە بەڵام بەداخەوە ئیدارەی ئیستای پارێزگای کەرکوک سەبارەت بە مامەلە کردن لەگەل رۆژنامەنووسان لەسەر بنەمای پێکهاتە جیاوازییەکی زۆری دەکرێت، لەئیستاشدا هەواڵی ئەوە بڵاوبۆتەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنووسان سوودمەند بن لە وەرگرتنی زەوی ئەوەی ئێمە ئاگادارین کە لیستی ئیستا بۆ وەرگرتنی ئەو مافانە تەنها ئەو رۆژنامەنووسانەن کە لەبەرژەوەندی ئیدارەی ئیستای شارەکە مایکەکانیان بەکارهێناوە، وە دەبینین رۆژنامەنووسانی کورد پشتگوێ خراون لەم بابەتە، ئێمە دەمانەوێت هەموو پێکهاتەکان بە مافی خۆیان بگەن بەبێ جیاوازی".
ئیدارەی کەرکوک بەرپرسیارە لە تێکدانی برایەتی و پێکەوەژیان
هەروەها سەبارەت بە دەرئەنجامی جیاکاری کردن لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک لەسەر بنەمای نەتەوە، ئەو رۆژنامەنووسە ڕایگەیاند: "بێ بەش کردنی رۆژنامەنووسانی کورد لەهەر سود و مافێک لە ئیستادا زیانێکی گەورە دەگەینێت بە ئاشتی و ۆێکەوەژیانی نێوان نەتەوەکان و جیاوازی نەتەوەیی دروست دەکات، بۆیە بێ بەشکردنی رۆژنامەنووسانی کوردی کەرکوک لە مافەکانیان دەبێتە هۆ تێکدانی ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان نەتەوەکان دەبێت و ئیدارەی ئیستای کەرکوک لی بەرپرسیار دەبێت".
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاسۆ ئەحمەد رۆژنامەنووس، سەبارەت بە هەوڵەکانی بۆ بێبەش کردنی کورد لە شارەکە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "لەئیستادا هەوڵێک هەیە بۆ بێ بەشکردنی کورد لە مافەکانی لە شاری کەرکوک، ئێمەش داواکارین لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرانی کوردی کەرکوک لە بەغدا کە هەوڵبدەن ئەو رۆژنامەنووسانە سوود مەندبن کە رۆژانە لەناو خەڵکن و کێشە و گرفتی هاووڵاتیان دەگوازنەوە و بنەمای کارایی بوونی رۆژنامەنووس بکرێتە پێوەر نەک کەسانێک کە ئیدارەی شارەکە مەبەستی بێت تەنها ئەو رۆژنامەنووسانە قازانجیان پێ بگات کە خۆیان مەبەستیانە کە لەبەرژەوەندی ئیستای ئیدارەی شارەکە کار دەکەن".
هـ . ب