ڕۆژنامەوان سەید ئەڤران لە کۆتا چاوپێکەتنی ڕۆژنامەوانیدا باسی خیانەتی پەدەکەی کردبوو

ڕۆژنامەوان-نوسەر سەید ئەڤران بە ماوەیەک پێش شەهیدبوونی لە ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٣دا دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی فاشیستی تورک و پەدەکە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دابووەوە.

ڕۆژنامەوان-نوسەر سەید ئەڤران بە ماوەیەک پێش شەهیدبوونی لە کۆتا چاوپێکەوتنی خۆیدا داوای لە هەموو کوردێک کرد؛ داردەستەیی، خیانەت و سات و سەوداکانی لەسەر کوردان کە لەلایەن پەدەکەوە بەڕێوەدەبردرێت لەقاوبدەن و ڕسوای بکەن و ناڕازیبوونی خۆیان دەرببڕن.

شڕۆڤەکانی ڕۆژنامەوان-نوسەر سەید ئەڤران بۆ پرسیارەکانی ANF بەم شێوەیە:

هاکان فیدان سەردانی هەولێری کرد و سوپاسی تایبەتی هەڵوێستەکانی پەدەکەی کرد. هاوکات لە دژی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هێرش ئەنجام دەدرێت. هەڵسەنگاندی ئێوە چیە لەم بارەیەوە؟

لە ڕاستیدا ئەم سەردانە زیاتر دیپلۆماسی شەڕ بوو. دیپلۆماسیەکی شەڕ لە بەرانبەر کوردانی ئازاد و کوردانی ئازادیخواز، بۆ ئامانجی سات و سەودای پیس ئەنجامدرا. تەماشاکەین؛ بڕیارەکانی بەردانەوەی ئاو بە پێی پەیماننامە نێونەتەوەییەکان بۆ عێراق و سوریا جێبەجێناکات، ئەمە دەکاتە بابەتی بازاڕی و سات و سەودا. ئاو و گواستنەوەی پەترۆڵ لە بەرانبەر پەکەکەدا وەک بابەتی بازاڕی بەکارهێنا. دەڵێت کاتێک ئێوە پەکەکەتان خستە لیستی تیرۆرەوە ئەو کاتە منیش ئاو بەردەدەمەوە. لە ڕاستیدا هەر بۆ ئەمە رۆشتە عێراق و چاوپێکەوتنەکانی ئەنجامدا. تاوەکو ئیستا دیارنیە ئەوەی بەدەستهێناوە لە عێراقەوە یان نا. وەزیری دەرەوەی عێراق، پەدەکەییە. لەبەر ئەوە دەتوانێت لە راگەیەندراوەکەیدا ئەو پەیامە بدات کە تورکیا دەیەوێت.

لە بەرامبەر کورداندا هاوکارییان لە سەدامەوە وەرگرت

خاڵێک هەیە کە زۆر نایبینین. لێرەدا کاتی سەردانەکە زۆر گرنگە. تاریق عەزیز لە ٣١ی تەمموزی ١٩٩٦دا دەرکەوت و ڕاگەیاندراوێکیدا، لەو ڕاگەیاندراوەدا ئاشکراکرا مەسعود بارزانی لە نامەیەکەدا بۆ سەدام حوسێن نوسیوێتی بە مەبەستی وەستاندنی گەشەکردنی یەنەکە وەرە "کوردستان داگیر بکە." تاریق عەزیزیش دەڵێت لە دوای ئەو نامەیەوە دەستییان بە داگیرکردنی هەولێرکرد لە ١ی ئابدا هەولێرییان لەدەستی یەنەکەوە رادەستی پەدەکە کرد. هەڵبەتە پێش ئەوەش خیانەتەکانی پەدەکە لەگەڵ سەدامدا بەردەوامی هەیە. لە ساڵانی دیکەدا دەکەوێتە پێشی دەوڵەتی تورک و بەشداری ئۆپراسیۆنەکان دەکات. لە ساڵی ١٩٩٥دا ئۆپراسیۆنی چەلیک ئەنجام دەدەن. لە ١٩٩٧دا ئۆپراسیۆنی زاپ ئەنجام دەدن. هەروەها لە ساڵانی نێوان ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٥یش هەمان شێوەیە.

کاتی سەردانەکەش پلانکراوە

هەربۆیە ئەمە لە مێژووی ئەواندا هەیە. هاکان فیدان لە ٢٣ی ئابدا سەردانی دەکات، چونکە پێشتر پلانی سەردانەکە دانرابوو، ٢٣ی ئاب ساڵوەگەڕی شەڕی چاڵدێرانە. دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەش لە ساڵی ٢٠١٦دا لە هەمان ڕیککەوتدا لە دژی دابک، ترابلوس، باب و عەزاز دەست بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەکات. سەردانەکەی هاکان فیدانیش لە هەمان ڕێککەوتە. ڕێکەوتێکی هاوبەش هەیە. هەر لەو کاتانەدا دەوڵەتی تورک لە برادۆست کۆمەڵکوژی ئەنجامدا. هێرشی سەر ڕۆژئاوای کرد.

وەک دەزانرێت وەزیری دەرەوەی ئەو کاتە مەولود چاوشئۆغلۆ بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بوو. دەوڵەتی تورک لەو ڕۆژەدا بە ئامانجی قوڵتکردنەوەی داگیرکارییەکانی لە برادۆست، تەواوی ڕۆژەکە شاخی شەکیفی بۆردوومانکرد.  بەڵێ هەموو ئەم ڕێککەوتانە پلانڕێژی بۆ کراوە.

ئایە کۆبوونەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسعود بارزانی و قوباد تاڵەبانیدا مانای جیاوازی هەیە؟

بنەماڵەیەکی دژ بە کوردانن. شێخ عەبدولسلام لە دژی عوسمانیەکان وەستایەوە، گیرا و لەسێدارە درا، کەچی لە ئێستادا بنەماڵەی بارزانی دەکەونە پێش دەوڵەتی تورک و دەیهێننە ناوچەی بارزان. هەڵبەتە ناکۆکی لە نێوانیاندا هەیە بەڵام لە دژی کوردان دەبنە یەک. خاڵێکی دیکە؛ ئەردۆغان پەیوەندییە کۆیلایەتییەکانی ئەوان بەشێوەیەکی زۆرباش دەزانێ کە بە کۆیلایەتی بەراوردیان دەکات بە یەکتر. کاتێک لەگەڵ یەکێکیاندا چاوپێکەوتن ئەنجام دەدات و ئەوی دیکەیان ئەمە قبوڵ ناکات. هەوڵدەدات لە ناو ئەو دۆخەدا هاوسەنگی ڕاگرێت و بەراورد بەیەکییان بکات.

ئەو حکومەتەی باس دەکرێت حکومەتی پەدەکەیە

چاوپێکەتن لەگەڵ قوباد تاڵەبانییدا دۆخێکی جیاوازە، خواستەکانی ئەوان دیارە. هیشتاش گەشتەکانی بە ڕووی فرۆکەخانەی سلێمانیدا داخستووە. هەندێکی تریش دەیانەوێت وا پیشانی بدەن کە "لەگەڵ حکومەت کۆبوونەتەوە" لە ڕاستیدا شتێکی لەم شێوەیە لە واقعدا بوونی نیە، ئەو حکومەتەی باسی لێوەدەکرێت حکومەتی پەدەکەیە. هۆکاری چاوپێکەوتنی ئەو لەگەڵ قوباد تاڵەبانیدا ئەوەیە کە قوباد تاڵەبانی وەک جێگری مەسرور دەبینرێت. هەروەها خواستە جیاوازەکانی خۆی ڕاگەیاند. لە ڕاستیدا زۆر یەنەکە بە هەند وەرناگرێت.

لە لایەکەوە دەوڵەتی تورک گەنجانی کورد دەکوژێت لە کوردستاندا، لەلایەکی دیکەوە وێنەکانی هاکان فیدان و نێچیرڤان بارزانی وەک مانشێت بڵاوکرانەوە. هەڵوێستی گەلی کورد لە بەرانبەر ئەو وێنانە چۆن دەبینرێت؟

چەندین کەسی پەدەکەیی ناڕازیبوونیان بەرامبەر ئەوە پیشاندا. هەندێک لەوانە هەڵوێستی زۆر باشییان پیشاندا. ئیتر ڕوونبوویەوە کە پەدەکە هیچ پەیوەندییەکی بە نەتەوە و یەکێتی نەتەوەییەوە نەماوە. ئەم ناڕەزایەتییەم لە چەندین لایەنەوە بینی. هەر بۆ ئەمەش خەڵکێکی زۆر بچوکترین هیوایان لە کوردایەتی پەدەکە نەماوە. بێگومان کەسانێکی زۆر ناچار بە بێدەنگی ماونەتەوە، چونکە هەرێم لەژێر کۆنترۆڵی پەدەکەدایە.

لەناوخۆیاندا هاوبەشیکردنیان دروستکردووە

لە ئێستادا لە دهۆک دەترسن. تەماشاکەین لە ئێستادا لە نێوان خۆیاندا هاوبەشیکرنیان دروستکردووە. هەولێرییان بۆ مەسرور بارزانی جێهێشتووە. هەرخۆی نێچیرڤانیان هاویشتەدەر. لە ئێستادا نێچیرڤان پشت بە دهۆک دەبەستێت. دهۆک یەکێکە لەو جێگایانەی کە پەدەکەی تێدا لاوازە. لەبەر ئەو هۆکارانە بە تایبەت میت یەكێک لەو گۆڕەپانەی خۆی تێدا بەڕێکخستن کردووە دهۆکە. دهۆک واری ئەو هۆزانەیە کە لە تەواوی مێژوودا لە دژی دەوڵەتی تورک وەستاونەتەوە و دەسەڵاتدارییان قبوڵنەکردووە. وێڕای ئەوەی زێباری مامی ئەوانە، بەشێکی گەورەیان لە دژی ئەوان وەستاوەتەوە و ناوەندی ئەوانیش دهۆکە. وە بەشێکی گەورەی برادۆستی لە دهۆکە، دۆسکی، سورچی و گوری لە دهۆکن. هەر بۆیە دەیانەوێت لەوێ خۆیان بەڕێکخستن بکەن و نێچیرڤان بارزانیش پشت بەوەدەبەستێت. لە نێوان خۆیاندا هاوبەشیکردنیان دروستکردووە. کوردستان تەنها هەولێر و دهۆک نیە، لە ئێستاشدا لەگەڵ سلێمانیدا ناجوڵێنەوە. چونکە سلێمانی هاوکاری نەدا بە خیانەتەکانیان و لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا نەچوونە گۆڕەپانەکانی گەریلا. بۆیە دەربارەی ئەو وێنانە گەل کە پەدەکە باش دەناسن وتییان؛ چاوەڕێی هەموو شتێک لە پەدەکە دەکرێت."

' داگیرکەران لۆژیکی بەکاربهێنە و فڕێی بدە-یان هەیە'

 ڕۆژنامەوان سەید ئەڤران باس لەوە دەکات ئەوەی ئێستا دەوڵەتی تورک لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە دەیکات تەنها بەکارهێنانیانە و دواتر یەکەم کەسێک کە فرێییان دەدات خودی ئەو کەسانەیە، ئاماژەش بەوەدەکات نمونەی ئەمە لە مێژووی دەوڵەتی تورک زۆرە وەک چۆن ئەوەی بینیمان لە سەرهەڵدانی شێخ سەعیددا یەکەم کەسێک کە دەوڵەتی تورک فڕێیدان ئەو کەسانەبوون کە خیانەتیان لە شێخ سەعید کردبوو. داگیرکەران لۆژیکی 'بەکاربهێنە و فڕێی بدە'یان هەیە.

دۆخێک هەیە کە هێزی پارتەکان تێپەڕدەکات

لە کۆتایی قسەکانیدا شەهید ئەڤران ئاماژە بەوەدەکات گەل زۆر باش دەزانێت ئەوە پەدەکە دەیکات لە بەرژەوەندی گەل و بەهاکانی گەل نیە و دەڵێت: "هەربۆیە پێویستە کورد خیانەت و هاوکاری بارزانییەکان لە هەموو جێگەیەک ناوزەڕ و ڕسوابکات. پێویستە کوردان ئەوە پیشان بدەن کە ئیدی هیچ کەسێک ناتوانێت بازرگانییان پێوەبکات. دۆخێک هەیە پارتەکان تێپەڕ دەکات."