ڕۆژنامەوانانی باشور هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر کارمەندانی ژن تیڤی شەرمەزار دەکەن
ڕۆژنامەوانانی باشوری کوردستان دەڵێن، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژنامە نوسان دەرخەری ئەوەیە، تورکیا لە هێزی ڕاگەیاندنی ئازادی ژن دەترسێت.
ڕۆژنامەوانانی باشوری کوردستان دەڵێن، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژنامە نوسان دەرخەری ئەوەیە، تورکیا لە هێزی ڕاگەیاندنی ئازادی ژن دەترسێت.
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر رۆژی ٢٣ ئەم مانگە بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان هیرشی کردە سەر ئۆتۆمبیڵێکی تیمی ڕۆژنامەوانی کەناڵی ژن تیڤی لە ئەنجامدا شۆفیری تیمەکە شەهیدبوو و ڕۆژانامەوانێک بەرینداربوو، لەو بارەیەوە ڕۆژانامەنوسان و میدیاکارانی باشوری کوردستان کە لە بوارە جیاکانی میدیا و ڕۆژنامەوانی کار دەکەن، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژنامەوانانی ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە.
"هێرشەکان پلانبۆداڕێژراو و ئامانجدارن"
هێڤی سەڵاح رۆژنامەوان وتی: "ئەگەر ئێمە چاوێک بخشێنین بەو هێرشانەی کە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دەیکاتە سەر کەسانی سڤیل و ڕۆژنامەوان، ئەوەمان پێ دەڵێت ئەوە کردارێک نیە بە هەڕەمەکی کرابێت، بەڵکوو دەبێت بگەرێنەوە بۆ مێژووی ئەو کردارانە کە پاشخانێکی بە هێزی لە پشتە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە گەلی کورد لە ناوبەرێت، هەر کەسێک کورد بێت و وەک وڵاتپارێز کار بکات تورکیا هەوڵی ئەوە دەدات لە ناویبەرێت جێاوازی ناکات لەوەی لە چی پارچەیکی کوردستانە و سەربازە یاخود مەدەنیە، گرینگ لای ئەو دەوڵەتە ئەوەیە کە کورد لە ناوبەرێت، بە تایبەتیش لە ئیستادا ڕۆژنامەوانان و ڕاگەیاندنی ئازاد بۆتە ئامانجی بۆردوومانەکانی تورکیای داگیرکەر.
"ئەو هێرشە وامان لێدەکات زیاتر پێداگری بکەین لەسەر کارەکانمان"
وتیشی: "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ترسێکی زۆری لە ژنان هەیە، بە تایبەتی ژنانی ڕۆژنامەوان، مەبەستی ئەو هێرشەش لەسەر ئەو ستافەی ژن تیڤی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەر ئەوەیە کە ڕۆژنامەوانان چاوترسێن بکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە ئێمە ئەوە دووپات دەکەینەوە لەسەر هەمان خەبات و هەمان ڕێباز بەردەوام دەبین ئەو هێرشانە وامان لێناکات بترسین، بەڵکوو بە پێچەوانەوە جدیتر و باشتر کاری خۆمان بەردەوامی پێ دەدەین".
"دەوڵەت لە هێزی ژنانی ڕۆژنامەوان دەترسێت"
هاوکات هەوار مەحمەدیش لای خۆیەوە وێڕای ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ تەواوی ژنە ڕۆژنامەوانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و کارمەندانی ژن تیڤی دەربڕی و وتی: " هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەوان لە لایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ئەوەمان پێشان دەدات ئەو دەوڵەتە لە هێزی ژنان دەترسێت بە تایبەتیش ژنانی ڕۆژنامەوان، لەبەر ئەوەی ژنان هەموو ڕاستیەکان ئاشکرا دەکەن."
"هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەوانان دوورە لە هەموو پێوانێکی یاسایی و مرۆیی"
شەیدا حەسەن یەکێکی ترە لە ڕۆژنامەوانەکانی باشوری کوردستان و وتی:" بە ئامانج گرتنی ڕۆژنامەنوسان بە تەواوی پێچەوانەی هەموو یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان و هەموو یاسا مرۆیەکانیشە. بە ئامانج گرتنی ڕۆژنامەوان نوسان لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەوەیە، کە ڕۆژنامە نوسانی ئازاد دەنگی حەقیقەتن، دەیەوێت ئەو دەنگە ئازادە کپ بکات و ڕاستیەکان نەگاتە خەڵک".
"دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایش و ڕێکخراوە جیهانییەکانی پاراستنی ڕۆژنامەوانان بێنە دەنگ"
هیمن مامەند کە یەكێکە لە قوربانیانی دەسەڵاتی پەدەکە لەسەر کاری میدیایی، ڕایگەیاند: "هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر هاوڵاتیەکان کە لە پێنجوێن شەهیدبوون و ئەو هێرشەی لە ڕۆژئاوای کوردستان کردیەسەر ڕۆژنامەنوسان ئەو ڕاستیە دووپات دەکاتەوە کە تورکەکان هەمیشە دەڵێن (ئەو کوردە لای ئێمە دڵسۆزە، کە کوردێکی مردووە) هاوکات هەموو ئاو پاساوانە بە درۆ دەخاتەوە کە میدیای خیانەت و میدیای پەدەکە/ خیانەت بۆ هێرشەکانی تورکیای دەهێنایەوە کە دەیانووت: پەکەکە هۆکارە. بەڵکوو هەموو ئەو کەسانەی لەم ماویە شەهیدبوون سڤیل و رۆژنامەوانن، بۆیە دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایش و ڕێخراوە جیهانییەکانی پاراستنی ڕۆژنامەوانی بێنە دەنگ لەسەر ئەم تاوانانەی تورکیا".
ژ.ن