ژنانی باشوری کوردستان بانگەوازیان بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی ١٥ی شوبات کرد

ژنانی باشوری کوردستان داوا لە سەرجەم ژنان و دامەزراوە و حزب و لایەنەکانی باشوور دەکەن، بە هەموو ئامادەییانەوە بەشداری لە چالاکییەکانی شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی ١٥ی شوبات بکەن.

لەشاری سلێمانی ژنانی باشوور داوایان لە هاوڵاتیان و حزب و لایەنەکان کرد، بەشداری لە چالاکییەکانی شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵتی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بکەن.

شەهێن محەمەد بە نوێنەرایەتی ژنانی چالاکوانی سیاسی لە باشوری کوردستان لە لێدوانێکی میدیایدا ڕایاگەیاند: ٢٤ ساڵ تێ دەپەڕێت بە سەر دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد و مرۆڤایەتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، ئەو پیلانگێڕیە شەرمەزار دەکەین و داواکارین ژنان و حزب و لایەنە سیاساییەکانی باشوری کوردستان دەکەین، ئەو چالاکییانەی بۆ شەرمەزارکردن و وەستانەوە لە دژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدرێت بەشداری تێدا بکەن.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەماوەی مانەوەی لە ئیمڕاڵی، بەرامبەر سەرجەم ئەو پیلانگێڕی و دژایەتی کردنەی گەلی کورد، بەرخودانێکی بێوێنەی ئەنجامداوە.

وتیشی: ئێمە ژنانی باشوری کوردستان دەمانەوێت یەک ڕەنگ و یەک دەنگ لەدژی ئەو پیلانگێڕییە بووەستینەوە و هەڵوێست نیشان بدەین.

لە کۆتایی وتەکانیشیدا وتی: خاوەندارێتی کردن لە فکر وفەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، خاوەندارێتی کردنە لە پرسی نەتەوەی کورد، ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ بەسەر ڕێککەوتن نامەی لۆزان، ئەوەش وادەکات خەبات و تێکۆشانمان بۆ ئازادی جەستیەیی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر بکەین، چونکە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ سەرکەوتنی تێکۆشانی لەمێژینەی گەلی کوردە.

جێی باسە، سبەینێ، ٢٤ی تەواو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر گەورەترین پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە مێژوودا، كە دژی ڕێبەری گەلی كورد، عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا، ئەو پیلانگێڕییە لە ٩ی تشرینی یەكەمی ساڵی ١٩٩٨ دەستیپێكرد و لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ بە ڕفاندنی لە كینیا و ڕادەستكردنەوەی بە توركیا كۆتایی پێهات، لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ، ڕێبەری گەلی كورد لە زیندانی ئیمراڵیدا گۆشەگیركراوە.

ف.ق