تورکیا بە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەچوارچێوەی پیلانگێڕییەک دا لە رۆژی ١٤ی نیسان بۆردوومانەکانی بۆ داگیرکەری تورک دەستیپێکرد و لە رۆژی ١٧ی نیسان هێرش و لەشکرکێشی بەهاوکاریی پەدەکە دەستپێکرد و تا ئێستا بەردەوامی هەیە.
بەپی زانیارییەکان پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەکە) لە روی هەواڵگری و لۆجستییەوە پشتیوانی لە سوپای تورك دەكات لە هێرشەكانی دژ بە پەكەكە لە باشوری كوردستان، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەڕێگەی هێزەکانی (زێرەڤانی، پێشمەرگەی رۆژ و هێزی بارزان کە سەر بەخودی مەسعود بارازنییە، شان بەشانی سوپای داگیرکەری تورک بەشداری شەڕی دژ بە گەریلا دەکەن.
سەبارەت بەناڕەزایەتییەکانی چین و توێژە جیاوازەکانی گەلی باشوری کوردستان دژ بەداگیرکاری و هاوکاریی داگیرکەران و مەترسی سەر ژنان لەمیانەی پرۆسەی داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان و چەند پرسێکی دیکە، ژنانی شاری کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان.
تورکیا بە هاوکاریی پەدەکە لەشکرکێشی دەکات
دلڤان ئەکڕەم چالاکوانی بواری مافی ژنان سەبارەت بە هێرشە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی فاشستی تورکیا وتی: "ئاگادارین دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەستیان بە لەشکرکێشی و هێرش کردووە بۆسەر خاکی باشوری کوردستان، ئێمە وەکو چالاکوان لەبواری مافی ژنان بەتوندی ئیدانە و شەرمەزاری ئەو لەشکرکێشی و هەوڵە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی فاشستی تورک دەکەین کە بەهاوکاریی پەدەکە ئەنجامی دەدات بۆ داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان".
تورکیا چاوی بڕیوەتە سەروەت و سامانی باشور
سەبارەت بە ئامانجی لەشکرکێشی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، دلڤان ئەکڕەم وتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بوونی پەکەکە تەنها وەکو پاساوێک بەکاردەهێنێن، چونکە ئامانجی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورکیا داگیرکردنی تەواوی باشوری کوردستانە، پرۆژەکەی تورکیا تەنها داگیرکردنی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو هەوڵدەدات پارێزگای موسڵ و کەرکوکیش داگیربکات، تورکیا چاوی بڕێوەتە سەروەت و سامانی ئەم خاکە".
قوربانی یەکەمی داگیرکاری ژنانن
سەبارەت بەکاریگەری داگیرکاری لەسەر ژنان، ئەو چالاکوانەی بواری ژنان ڕایگەیاند:" ئەم هیرش و داگیرکارییانە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر ژنان چونکە لەکاتی شەڕدا ژنان دەبنە قوربانیی یەکەمی هەموو شەڕ و ململانێیەک، کە لە جیهاندا ڕوودەدات، بۆیە داواکارین لە کەسایەتیی رۆشنبیر، چالاکوان، ماف پارێزان و تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، کە هەڵوێست بنوێنن و بێ دەنگ نەبن بەرامبەر ئەم داگیرکاری و لەشکرکێشییەی دەوڵەتی فاشستی تورکیا".
لە داهاتوویەکی نزیکدا مەترسییەکی گەورە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە
لەدرێژەی قسەکانیدا ئەو ژنە چالاکوانە باسی لە مەترسییەکان کرد و وتی: "ئەگەر لە ئێستادا بێ دەنگی هەڵبژێرین لەبەرامبەر داگیرکاری ئەوە لە داهاتوویەکی نزیکی ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەبینەوە کە سادەترینیان لەدەستی دانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە کە بەخوێنی دەیان هەزار شەهید دروستبووە، ئەگەر پیلانگێرییەکەی دەوڵەتی تورکیا سەربکەوێت ئەوە هەمان سینارێۆی داگیرکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان دووبارە دەبێتەوە".
بەهۆی پەدەکەوە زیان بەدۆزی ڕەوای گەلی کورد دەگات
سەبارەت بەهاوکارییەکانی پەدەکە بۆ تورکیا و کاریگەری لەسەر دۆزی نەتەوەیی کورد، ناوبراو وتی: "هاوکارییەکانی پەدەکە بۆ تورکیا کاریگەری خراپی لەسەر هەرچوارپارچەی کوردستان هەیە، وە بەهۆی پەدەکەوە زیانی گەورە بەدۆزی ڕەوای گەلی کورد دەگات، وەکو ژنانی کەرکوک داوا دەکەم لە تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەکو پەرلەمانتاران و سەرۆک وەزیران و تەواوی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کە بێ دەنگ نەبن بەرامبەر پێشێلکاریی سەوەری عێراق و هەرێمی کوردستان".
تورکیا بەپارەی دزراوی گەلی کورد، کورد شەهید دەکات
لە کۆتایدا دلڤان ئەکرەم چالاکوانی بواری مافی ژنان وتی: "بەداخەوە دەبینین لە ئێستادا حکومەتی عێراقی بێ دەنگی هەڵبژاردووە و لەهەمان کاتدا حکومەتی هەرێم هاوکاریی تورکیا دەکات لە ڕێگەی پارەی نەوت و سەروەت و سامانی هەرێمی کوردستان و بە پارەی دزراوی گەلی کورد تورکیا کورد شەهید دەکات".
بەداخەوە حکومەتی عێراق بێ دەنگی هەڵبژاردووە
خەڵات شوانی ژنە رۆژنامەنووسێکی شاری کەرکوکە، دەربارەی هێرشە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی فاشستی تورک بۆسەر گەلی کورد وتی: "گەلی کورد گەلێکی ئاشتی خوازە و هەمیشە دەستی ئاشتی درێژکردووە بۆ پێکهاتەکانی ناوچەکە، گەلی کورد چاوی لەخاکی هیچ نەتەوەیەک نەبووە و دژیەتی هیج لایەنێکی نەکردووە، دژی هەموو ستەمێک وەستاوینەتەوە، جێگای دڵگرانیە حکومەتی عێراق بێ دەنگی هەڵبژاردووە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا، تورکیا بەبیانوی جیاواز شەرعیەت دەدات بەخۆی بۆ ئەوەی نەتەوەکانی ناوچەکە لەناوبەرێت".
بەرپرسانی تورکیا بەئاشکرا باس لە داگیرکردنی باشوری کوردستان دەکەن
هەروەها خەڵات شوانی دەربارەی پیلانگێرییەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی خاکی اشوری کوردستان ڕایگەیاند: " بەرپرسانی تورکیا هیچ کات نەیانشاردووەتەوە، کە ئامانجیان داگیرکردنی تەواوی خاکی باشوری کوردستانە، کە بەولایەتی موسڵ باسی دەکەن، کە خەونی عوسمانی نوێ گەڕانەوەی ئەو ویلایەتەیە بۆسەر تورکیا، گەلی کورد لەباشوری کوردستان لەبەردەم قۆناغێکی زۆر مەترسیدارە کە داگیرکەران و دوژمنانی کورد هەوڵدەدەن تەواوی مافەکان لە کورد بسەنەوە".
نەفرەت لە پەدەکە دەکەین کە هاوکاری داگیرکەرە
لەکۆتایدا خەڵات شوانی دەربارەی هاوکاریکردنی تورکیای داگیرکەر لەلایەن پەدەکەوە وتی: "تورکیا هیچ بیانویەکی نییە بۆ لەشکرکێشیەکانی تەنها ئامانجی داگیرکردنی باشوری کوردستانە و نەفرەت لە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەکەین، چونکە بۆ لێدان لە بەرژەوەندیی گەلی کورد هاوکاری داگیرکەر دەکات بۆ داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان".
ژ.ت