ژنانی کورد هەموو ژنانی جیهانیان لە دڕندەیی داعش ڕزگار کرد

ژنانی کەمپی پەنابەرانی مەخموور ڕایانگەیاند کە ژنانی شۆڕشگێڕی کورد لە دژی دڕندەیی داعش شەڕیان کرد و ژنانی سەرتاسەری جیهانیان لە دڕندەیی ڕزگار کرد.

لە ساڵی ٢٠١٤چەتەکانی داعش هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ لەنابردن و کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد و کوردستان ئەنجامدا چەتەکانی داعش کۆمەڵگای ئێزیدی و گەلی ڕۆژئاوایان بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە کۆمەڵکوژ کرد لە هەمان کاتدا هەڕەشەیەکی گەورەیان بۆ سەر جیهان دروستکرد. بەڵام هیچ هێزێک له جیهاندا نەیتوانی له دژی ئەو چەتانە بجەنگێت و جیهان لە مەترسی ئەو دڕندانە ڕزگار بکات. گەریلاکانی ئازادیی بە پێشەنگایەتی ژنانی تێکۆشەر لە دژی چەتەکانی داعش شەڕیان کرد و مرۆڤایەتیان لە کۆمەڵکوژی ڕزگار کرد.

بەبۆنەی دەیەمین ساڵیادی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر مەخموور، ژنانی کەمپی شەهید ڕوستەم جودی (مەخموور) لەبارەی ئەو ڕۆژانەوە، قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.

ژنانی کورد چەتەکانی داعشیان تێکشکاند

مەدینە هلالی یەکێک لەو ژنانە لە سەرەتای قسەکانیدا بەڕێزەوە سەرجەم شەهیدانی سەردەمی هێرشەکانی داعشی وەبیرهێنایەوە و وتی: " لەگەڵ بڵاوبوونەوەی داعش جیهان تەماشاکەر بوو و تەنیا پەکەکە ڕووبەڕوویان بووەوە. کچان و کوڕانمان بەرەنگاری داعش بوونەوە و تێکیانشکاند. چەتەکانی داعش وتبویان نابێت لەلایەن ژنانەوە بکوژرێن، ژنانی کوردیش لەدوای ئەم قسانە هێزی خۆیان بەرفراوانتر کرد، لەتێکۆشان و لەناوبردنی داعشدا، ژنانی کورد ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا. نموونەی بەرچاو شەهید ئارین میرکانە. ئەردۆغان بە بنیاتنانی چەتەکانی داعش دەیویست ئێمەی کورد ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بکاتەوە بەڵام ژنانی کورد لە دژی ئەردۆغان و چەتەکانی بەرخۆدانی مێژووییان خۆڵقاندا  و وتیان: "لە پێناو ئازادی گەلەکەماندا گیانی خۆمان دەدەین."

هەروەها عەزیزە تەیمور یەکێکی تر لە ژنانی مەخموور قسەی کرد و تیشکی خستە سەر تێکۆشانی ژنانی کورد و وتی: " ژنانی کورد بە هەموو توانایەکیانەوە لە دژی چەتەکانی داعش شەڕ و تێکۆشانیان کرد. دڕندەیی داعش بەرامبەر بە ژنانی شەنگال تووڕەیی و ڕقێکی گەورەی لە دڵی ژنانی کورددا دروستکرد. لەبەر ئەوەی چەتەکانی داعش ترسێکی گەورەیان دروستکردبوو هەر کەس نەیدەتوانی لەبەرامبەر چەتەکان بوەستێتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەم ترس و خۆفە گەورەیە ژنانی شۆڕشگێڕی کوردی پەروەردە کراوی ڕێباز و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، هەم لە مەخموور و شەنگال و هەم لە ڕۆژئاوا و شوێنەکانی تریش بە توندی وەڵامی چەتەکانیان دایەوە، نموونە هەڤاڵ دەنیز کە لە بەرەکانی پێشەوە لە دژی داعش تا دوایی شەڕی کرد و شەهید بوو."

هێڤیدار خەلیل یەکێکی تر لە ژنانی مەخموور ئاماژەی بەوەشکرد کە چەتەکانی داعش دەیانویست لە ڕێگەی شەڕی دەروونییەوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا بکەن و وتی: "ژنانی شۆڕشگێڕی پەکەکە بە هەڵوێستی مێژووی خۆیانەوە لە دژی چەتەکانی داعشدا هێزی ژنانی کوردیان نیشانی هەموو لایەک دا و لەسەردەستی ئەو ژنە شۆڕشگێڕانە کە بەدیلێکی قورسیاندا چەتەکانی داعش کە بوونە هۆی دەستدرێژی، ڕفاندنی و کۆمەڵکوژیی ژنان و گەلانی ناوچەکە تێکشکان."