ژنانی شەنگال: پێویستمان بەو هێزانە نییە کە بەجێیانهێشتین

ژنانی شەنگال دژ بە ڕێککەوتنی هەولێر – بەغدا ڕێپێوانیان ئەنجامدا و جەختیانکردەوە، کە خەڵکی شەنگال پێویستیی بە پاراستن و بەڕێوەبردنی ئەو هێزانە نییە، کە لەکاتی فەرماندا شەنگالیان بەجێهێشت.

ڕێپێوانەکە، ئەمڕۆ لەلایەن تەڤگەری ژنانی ئێزدی-تاژێ و یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزدی-یەوە ڕێکخرا و لەبەردەم شارەوانیی گەل لە شارەدێی سنونێ دەستیپێکرد، بە وتنەوەی دروشم دژ بەو ڕێککەوتنەی لەسەر شەنگال ئەنجامدراوە، تاکو سەر ڕێگای گوندی کەرەس بەردەوم بوو، لەوێ ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ڕای گشتیی خوێندەوە.

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن سوهام دەخیل-ەوە خوێندرایەوە، کە تیایدا هاتبوو: سەرەڕای هەموو فەرمان و سەختیی و زەحمەتییەک، خەڵکی ئێزدی بەرخۆدانی کرد و خۆی بەڕێکخستن کرد و بوو بە هێز، ئەمڕۆ شەنگال بە هێزی خۆی خۆی بەڕێوەدەبات و خۆی پارێزێت، لە دژوارترین کاتدا ئێمە خاوەندارییمان لە شەنگال کرد، لە فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، بە بەرچاوی جیهانەوە ٧٠٠٠ هەزار پێشمەرگەی پەدەکە شەنگالیان چۆڵکرد و هەڵهاتن، حکومەتی عێراقیش لەبەرامبەر ئەو هێرش کۆمەڵکوژییە بێدەنگ بوو، لە ئەنجامی ئەو خیانەتەدا فەرمان پێکهات و بە هەزاران ژن و منداڵ، گەنج و پیر کەوتنە دەست چەتەکانی داعش.

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا تیشک خرابووە سەر ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمی نێوان بەغدا و هەولێر و تیایدا هاتبوو:”ئەو ڕێککەوتنە بەگوێرەی بەرژەوەندیی کۆمەڵگای ئێزیی و بە ئامانجی ئارامکردنەوەی دۆخی شەنگال نییە، بەپێچەوانەوە بۆ دووبارەکردنەوەی فەرمان و کۆمەڵکوژکردنەوەیەکی دیکەی ئێزدییەکانە”.

جەختیشکرایەوە، کە ئەوان ڕێککەوتنە قبوڵ ناکەن”ئەمڕۆ شەنگال بە هێزی خۆی خۆی بەڕێوەدەبات و خۆی دەپارێزێت، کۆمەڵگای شەنگال پێویستیی بە پاراستن و ئیدارەدانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە، پێویستمان بەو هێزانە نییە، کە لەکاتی فەرماندا بەجێیانهێشتین، هیچ بڕیارێک بە بێ ئیرادەی خەڵکی ئێزدیی، قبوڵکراو نییە”.

لە کۆتاییشدا بانگەوازیی کرابوو، کە هەر کەسێکی ئێزدیی لەدژی ئەو ڕێککەوتنە بێتە دەنگ و خاوەن هەڵوێست بێت.

ف.ق