ژیان و بەرخۆدانی سارا

هاوڕێ سارا گوێی لە بڕیارەکانی دڵ و عەقڵی دەگرت. بڕیاری عەقڵ و دڵی ئاپۆیی، هەر بۆیە بە بەرخۆدان و فیداکارییەکی لەم شێوەیەوە شەهید بوو.

هاوڕێ سارا (لەیلا ئایکوت)م لە کاتی ئۆپراسیۆنی ئاڤاشین، لە تونێلەکانی شەڕی شەهید دۆغان لە سیدای بینی. کۆتا یادەوەری سارا کە لە دڵ و بیری هەموو کەسێکدا جێگەی گرت، هەواڵەکانی ئێوارەی ستێرک تیڤی بوو. دووژمن تەرمی سارای بردە باکوور و دوای چەند ڕۆژێک دایەوە بە بنەماڵەکەی لە شڕناخ. گەریلایەکی ژن کە یەکێک بوو لە فەرماندەکانی گروپێکی گەریلا و نزیکەی ٣ ساڵ لە دژی سوپای تورکی فاشیست خەباتی دەکرد، لە بارودۆخی زۆر سەختی شەڕی تونێلەکاندا لە بری تەسلیمبوون بەرخۆدانی هەڵبژارد، بەڵام لە شەوێکی تاریکی شڕناخدا بە ئامادەبوونی چەند کەسێکی کەم بە شێوەیەکی بێدەنگ بەخاکسپێردرا.

هاوڕێ سارایش وەک دەیان قارەمان کە لە سەرتاسەری وڵاتدا مێژوویان نوسیەوە، شایەنی مەراسیمێکی جەماوەری بوو بە بەشداری سەدان هەزار کەس. لەبەر ئەوەی بەرخۆدان و شەڕێکی گەورەی ئەنجامدابوو. دەبوایە بە ملیۆنان کەس خاوەنداری لێکردبایە. لە کاتی تەماشاکردنی هەواڵەکەدا  ئەوەی دەهاتە خەیاڵم، تابوتی سارایە بە ئاڵای پەکەکەوە پێچراوە، بە دروشم و هەڵهەڵەی هەزاران کەس لە بەخاکسپاردنەکە بوو. بەشێوەیەک کە شایستەی بەرخۆدانی ئەوبێت... هەرچەندە لە مێژووی گەریلادا نازانرێت، بەڵام هاوڕێ سارا یەکێک بوو لە فەرماندەکانی شەڕی شەهید دۆغان ژیرکی  و بەرخۆدانێکی دژواری ئەنجامدا، لە ناو بێدەنگیەکی گەورەدا بەخاکسپێردرا.

هەرگیز لە نیوەڕێدا هاوڕێ بریندارەکانی جێنەدەهێشت

هاوڕێ سارا لە یەک کاتدا گەریلا و دکتۆریش بوو. لە زاگرۆسدا هەمووان پییان دەگوت 'دکتۆر سارا' ئاوا دەناسرایەوە. لەو جوگرافیادا کە گەریلایەتی هەرخۆی زۆر زەحمەت بوو، وێڕای ئەوەش لە ژینگەیەکی پڕ لە شەڕدا پزیشکبوون زۆر زەحمەتتر بوو. هاوڕێ سارا لە دژی هەموو جۆرە زەحمەتییەکاندا بەشێوەیەکی زۆر بەهێز جوڵایەوە و لە هەرێمی ئاڤاشین کە ماوەی دوو ساڵ هێرشەکانی دووژمن بەردەوامی هەبوو، تێکۆشانی گەریلایەتی و دکتۆری دەکرد. لە بارودۆخێکی زەحمەتی لەو شێوەیەدا دکتۆریکردن و حەقپێدانی فیداکاری و فیدای بوونە. ڕۆشتنە گۆڕەپانێک کە بۆردومانی لەسەربێت و بە بەردەوامی فرۆکەی جەنگی و سیخوری بەسەردا بسورێتەوە، گەیشتن بە برینداران بە بەردەم بارەگای دووژمن و خۆ گەیاندن بە هاوڕێ نەخۆشەکانی ئاسان نیە.

هاوڕێ سارا تەژیبوو لە ڕۆحی فیدایەتی، بۆ ئەوەی لەو چیایانەدا کاری دکتۆری بکا، بۆ ئەوەی خۆی بگەیەنێت بە هاوڕێ بریندارەکانی و چارەسەرییان بکات، هێرشەکانی فرۆکەی جەنگی، فرۆکەی سیخوڕی، بارودۆخی زۆر زەحمەتی چیا و بنەکەکانی دووژمنی تێپەڕدەکرد. دکتۆر سارا دکتۆرێکی لەو شێوەیە بوو کە خۆی دەڕۆشتە لای نەخۆش و بریندارەکانی. هەرگیز رۆژێک نەیگوت 'بشڕۆم ناتوانم کارێکی بۆ بکەم، هیچم لەدەست نایەت'. دکتۆرێکی لەو شێوەیە نەبوو کە هاوڕێ نەخۆشەکانی بێ هیوا بکات، بە پێچەوانەوە هەمیشە هیوای دەبەخشییەوە بە هاوڕێ بریندار و نەخۆشەکانی. بەڵێ، دکتۆر سارا بەو شێوەیە لە زاگرۆس دەناسرایەوە.

باوەڕی فیدایکردن لە پێناو بەهاکاندا هەبوو

خۆفیدایکردن لە ئایدۆلۆژیاوە سەرچاوە دەگرێت. تەنها ئەوانەی خاوەنی ئایدۆلۆژییان، ڕوانگەی ژیانن، خاوەنی یوتۆپیان دەتوانن گیانی خۆیان بەختکەن لە پێناو بەهاکانینادا. ئەوەی تەوژم و باوەڕی لە هاوڕێ سارادا بەگەڕ دەخست فەلسەفەی ئاپۆیی بوو. هەموومان ڕیبەرێتی دەخوێنینەوە و گوێی لێدەگرین، لە پەرەوەردە ڕۆژانەیەکانماندا خوێندنەوەی ڕێبەری بوونی هەیە، بەڵام وەک خۆم یەکەمجاربوو ببینم لە کەسێتی هاوڕێیاندا هاوڕێ سارا بە عەشقێکی زۆرەوە گوێی لە شیکارییەکانی ڕێبەرێتی دەگرت. وەک ئەوەی ڕێبەرێتی دەریایەک بوو و سارا لەو دەریایەدا ئارامی، عەشق و حەقیقەتی دەبینییەوە. تابلێتێکی زۆر کۆنی هەبوو، شاشەکەی شکابوو، هەرچەندی دەمانگوت 'چیتر سودی نەماوە' بەڵام پێداگیری دەکرد و دەیگوت 'هێشتا دەنگی هەیە و بەسوودە' لەسەر ئەو تابلێتە گوێی لە شیکارییەکانی ڕێبەرێتی دەگرت، کاتێک حەزی لە بابەتێک دەبوو، رووخۆشی لە ڕوومەتیدا دەدروشایەوە وەک ئەوەی شتێکی نوێی دۆزیبێتەوە، لەو ساتانەدا دڵخۆشی هەموو ڕۆحی دەگرتەوە.

کاتێک هاوڕێ سارا گوێی لەو شیکارییانە دەگرت، بەشێوەیەک دڵخۆش دەردەکەوت دەمانزانی شتێکی نوێی لە شیکارییەکانی رێبەرێتیدا دۆزیوەتەوە. دواتر لەگەڵ هەڤاڵانیدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرد. دیسپلێنێکی زۆری لەخۆدا ئاواکردبوو، نزیکەی ٥ مانگ لە تیمێکدا لە ئەشکەوتی شەهید دۆغاندا پێکەوە بووین، دەمانبینی چۆن ڕۆژانە وەک میلیتانێکی ئاپۆیی خۆی نوێ دەکاتەوە. هەمیشە بێداربوو، ئەتوانین بڵێن هەرگیز هاوڕێ سارام نەبینوە بخەوێت. هەمیشە کاتژمێرەکەی لەسەر ٠٤:٣٠ بەرەبەیان دەنایەوە. بۆیە زۆر کەم دەخەوت هەمیشە شەوان باگابوو و گوێی لە شیکارییەکانی ڕێبەرێتی دەگرت.

هاوڕێ سارا هەمیشە مانایەکی ڕۆحی دەدا بە ئەشکەوتەکان و تەنها وەک شوێنێک خۆپاراستن لە هێرشەکان لێی نەدەڕوانین.

بە دەربرینێکی دیکە؛ ژیانکردنی لە ئەشکەوتدا وەک ناچارییەک وەرنەدەگرت. هەموو بەیانییەک لە تونێلەکەدا وەرزشی دەکرد. هەموو جوڵەیەکی مانایەکی مەعنەوەی پێ دەدا، ئەوەی لە تونێلەکەدا وەرزشی دەکرد هەم وەک وەرزش و هەمیش لە دژی وتەی 'گەریلا لە جوڵە بڕاوە'ی دووژمن بوو، کە پروپاگەندەی ئەوەی دەکرد گەریلا لە تونێلەکاندا بەگیرهاتووە و ناتوانێت بجوڵێتەوە. بۆیە ئەو کاتانەی وەرزشی دەکر دەیگوت، 'دووژمن ئەوەندە پروپاگەندەمان بەرامبەر دەکات، بۆیە پێویستە لەدژی دووژمن لایەنی جەستەیی خۆمان بەهێزی بهێڵینەوە."

ئیدی بۆ من هیچ شتێک وەک پێشوو نامێنێتەوە

لەدوای دووساڵ پراکتیک لە ئاڤاشین، هاتە گۆڕەپانی سیدا. ئەمجارەیان هەم دکتۆر و هەمیش فەرماندە بوو. لە کامپی شەهید دۆغان ژیرکی بەڕێوەبەری هاوڕێییان ژن بوو. لەو کاتەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە هەرێمی زاپ ئۆپراسیۆن دەستیپێکرد، گۆڕەپانی سیدا هێشتا دووربوو لەو شوێنە سەرەکییەی کە دووژمن بۆی دەڕۆشت. بەڵام هاوڕێ سارا هیچ کاتێک نەیدەگووت 'دووژمن نایەتە ئەم شوێنە' یان نەیدەگووت 'ئێمە دکتۆرین، کاتێک دووژمن هات با هاوڕێیانی دیکە شەڕبکەن، کاری ئێمە جیاوازە'. هاوڕێ سارا دوای ئەوەی دووژمن لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٢دا سوپای لە کوڕە ژارۆ جێگیرکرد، تێگەشت لە مەبەستی دووژمن و بە گوێرەی ئەوە لە تونێلەکانی شەڕدا دەستی بە ئامادەکارییەکی گەورەکرد. هاوڕێ سارا زۆر بە بەرخۆدانەکانی ئەشکەوتەکانی مام ڕەشۆ و وەرخەلێ کاریگەربوو. لە وەرخەلێ بە پێشەنگایەتی هاوڕێ جومالی و چاوڕێ بەرخۆدانێکی ١٢٠ ڕۆژە لە مێژوودا نوسرایەوە. ١٧ هاوڕێ لە ئەنجامی بەکارهێنانی گازی کیمیاوی دووژمندا لەو سەنگەرە شەهید بوون.

کاتێک زانیاریمان لەبارەی شەهادەتی وەرخەلێوە وەرگرت، لە یەکتر کۆبووینەوە، ئەو ڕۆژە بۆ یەکەمجار هاوڕێ سارام بینی دەگریت. دەستی بە ڕوومەتییەوە گرتبوو و ئەو ڕۆژە وتی، 'ئیدی هیچ شتێک بۆ من وەک پێشتر نیە' لە ڕاستیشدا هەروابوو. لە ئەیلولی ٢٠٢٢دا ئیدی دووژمن نزیکی تونێلەکانی شەڕی شەهید دۆغان بوویەوە و لە تونێلەکاندا بەرخۆدان دەستیپێکرد. هاوڕێ سارا مانادارییەکی زۆری دا بە شەڕی ئەو ڕۆژانە. تونێلەکانی شەڕ بۆ سارا تەنها جێگەیەک نەبوو کە لێیانەوە فیشەک بە دووژمندا بتەقێنێت، هاوکات بۆ هاوڕێ سارا کە دڵ و جیهانی مەعنەوییان هێندەی دەریاییەک گەورەبوو، دەریایەکی حەقیقەت بوو.

بۆئەمەش لە یەکێک لە نوسینەکانی ئەو رۆژانەیدا ئەم شتەی نووسیوەتەوە، 'ئەم جێگەیەی بەرخۆدانە دەتوانێت ببێت بە مام ڕەشۆ و دەتوانێت ببێت بە وەرخەلێ. ئیرادە هەمان ئێرادەیە، باوەڕداری هەمان باوەڕدارییە. گەر هەموو شتێک بە هەمان شێوەیە، بۆچی لێرەدا قارەمانێتییەکی مەزن ئەنجام نەدرێت؟ بۆچی لێرەدا داستانێک نەنوسرێتەوە؟ ئەوان میراتییەکیان بۆ بەجێهێشتین و ئێمەیش وەک مرۆڤ ئەو بەرخۆدانەمان لێ وەرگرتووە، ئەرکێکمان بۆ خۆمان هەڵبژاردووە. خۆم بۆ ئەو ئەرکە ئامادەکردووە و لە هەموو کاتێک زیاتر هەست بە بەهێزی خۆم دەکەم لەبەرامبەر دووژمن. ئەو ساتەی کە لەگەڵ دووژمندا ڕووبەڕوودەبمەوە، لەبیری ئەوەدام کە چی بکەم. ڕەنگە ئەزموونێکی زۆری شەڕکردنم نەبێت، ڕەنگە هەموو کاتێک لە گۆڕەپانی دکتۆرییدا کارم کردبێت، بەڵام زۆر بەباشی دەزانم من هاوڕێی ئەو کەسانەم کە خەبات دەکەن. بۆ بەرخۆدان دڵ یەکەم شتی بنەڕەتییە نەک چەک. دڵ و ئەقڵم بڕیار دەدات بۆ ئەوەی ببم بە فیداییەک. ئەم بڕیارە لە تونێلەکانی شەڕدا بەئەنجام دەگەیەنم."

لە شوێنی درووست ژیان و لە شوێنی درووست مردن

لەو جەنگەی ماوەی سێ ساڵ  شەهید دۆغان تێدا بەشداربوو و خۆراگریکرد، دووژمن چیکرد و چی نەکرد؟ دووژمن تانکەکانی خۆی دەبردە بەردەم دەرگای ئەشکەوتەکان و بە تانک لە ناو ئەشکەوتەکەی دەدا، هەوڵیاندا ئاشکەوتەوە لەسەرەوە هەڵەوشێنەوە بەڵام نەیانتوانی، دواتر شۆفڵیان هێنا بۆ  تێکدانی ئەشکەوتەکە بەڵام نەیانتوانی، لە لاپاڵەکانی سەر ئەشکەوتەکەوە بە گوریس تەقەمەنی قەدەغەکراوەیان بەرەو ئەشکەوەتەوە شۆردەکردەوە و دەیان تەقاندەوە و گازی ژەهەراویان بەکاردەهێنا. دوای ئەوەی لە هەموو ئەو ڕێبازە دڕندانەیە ئەنجامیان نەگرت. بە شێوازێکی نا مرۆڤانە چەندین مانگ ئاویان بەردایە ناو ئەشکەوتەکە، بەمەش دەوڵەتی تورکیا ڕووی هەرە دڕندانەی لە ئەشکەوتی شەهید دۆغان پێشاندا.

لە ناو ئەشکەوتکە چێ ڕوویدا؟ لە ناو ئەشكەوتەکە ئەو گەریلایانەی لە ژێر فەرماندەی هەڤاڵی فەرماندە ئالان ملازگر و سارا تۆڵهەڵدان شەڕیان دەکرد، بریاریاندابوو ئەنجامی شەر هەرچی بێت ئەوان هەر خۆڕاگری بکەن، بەو تێکۆشانە خۆیان کردە هاوڕی تێکۆشانی وەرخەلێ و دەیانگوت:" لەبەرامبەر هەرهێرشێکدا، لە نموونەی شمشێرێک ئێمە زیاتر تیژ دەبین" یەکێک بوو لەو بەردخوانە مێژوویانەی کە تێدا مرۆڤ سنورە تەنگەکانی مرۆڤ بوونی تێپەراند. یەکێک لەو بەرخودانانە بوو کە پێشانی دەدا سوپای تورک چەند دڕندە و زاڵمە.هاوڕی سارا  گویی لەو فەرمانە گرت کە بەمێشکیدا هات. فەرمانی مێشک و دڵێشی ئاپۆیی بوو. هاوڕی سارا تەنها بەرخودان و فیداکاریکی لەو شێوەی بە شایستەی خۆی دەبینی. لە ڕاستیدا، ئەوە بەس نیە تەنها لە جێگایەکی درووست بژیت، بگرە مردنیش لە جێگای درووست گرنگە. هەموو کەس ناتوانێت وەک هەڤاڵ سارا هەنگاوی وا لە دوای خۆی بەجێبهێڵێت. لە ساتەکانی پێش شەهیبدوونیدا کاتێک بەرەو شەهیدبوون دەچوو. دەبێت چێ بە مێشکیدا هاتیبێت؟ پێشبینیکردنی ئەوە زەحمەت نیە. ساتەکانی پێش شەهیدبوونی ئەو هەستی بەوە دەکرد کە ئەوە شەهید دەبێت و هیچ کاتێک لەبیر ناکریت  بە شکۆ و سەربڵندییەوە چاوەکانی داخست.