زیلان ڤەژین: ژنان لە رێگەی ژنۆلۆژیەوە وشیاربوونەوە- نوێکراوەتەوە
زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) رایگەیاند: "لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، ئەوەی هەموو ژنان و گەلانی بەدەوری یەکدا کۆکردەوە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بوو.
زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) رایگەیاند: "لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، ئەوەی هەموو ژنان و گەلانی بەدەوری یەکدا کۆکردەوە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بوو.
زیلان وەژین هاوسەرۆکی پەژاک سەبارەت بە دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند پرسێکی پەیوەست بە هێڵی ئاپۆیی، پەیوەندی پەژاک و پەکەکە، بارودۆخی کۆمەڵگای ئێران، دۆخی تێکۆشانی ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، خەباتی چەکداری و ئەو دواوادەیەی دەوڵەتی ئێران بۆ چەکداماڵینی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن دیاریکردووە و هەروەها گرنگی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" قسەی بۆ بەشی فارسی کەناڵی بی بی سی کرد، کە دەقەکەی بەم جۆرەیە:
*سەبارەت بە هاوسەرۆکایەتی، بۆچی هاوسەرۆکایەتی و بۆچی ئەم سەرۆکایەتیە یەک کەس نییە و بۆچی ژنێک و پیاوێک و لە بنەڕەتدا بۆچی دەستەیەک یان ئەنجومەنێکی سەرۆکایەتی نییە؟
ئێمە لەو بڕوایەداین کە رێبەرایەتیمان لەسەر بنەمای سیستمێکی ئایدۆلۆژی و فکری و فەلسەفیە، سەرچاوەی ئەندێشەی ئەم فەلسەفەیە لە پێکهاتەیەکی هزری ئایدۆلۆژی و فەلسەفەیە، سیستمی سەرۆکایەتیمان دەستەی سەرۆکایەتیە کە تیایدا ژن و پیاو یەکسانن، واتە پەنجا بە پەنجا هاوسەنگی رەگەزی لە ناو دەستەی سەرۆکایەتیماندا هەیە. لە سەرجەم بوارەکاندا و لە تێکۆشاندا ژنان و پیاوان یەکسانن.
* واتە لەسەرجەم بەش و ئاستەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان هەموو شتێک و لە بوارە سەربازی و سیاسییەکاندا بە رێژەی لەسەدا ٥٠ بە یەکسانی لەنێوان ژنان و پیاواندایە؟
بەڵێ، لە بەشی سەربازیدا ئەم بابەتە تائاستێک جیاوازە، بەڵام لە بەشی سیاسی، مەدەنی و رێکخستنیدا هەر هەمووی پەنجا بە پەنجایە، چونکە لەو بڕوایەداین کە ئەگەر ژن و پیاو لە سەرجەم بوارەکان و گۆڕەپانە جیاجیاکانی تێکۆشاندا بەشدارییان نەبێت و کارەکان بە هاوبەشی بەرەوپێش نەبەن، ناتوانن بە شێوەیەکی ئەرێنی و کاریگەر رێبەرایەتی کۆمەڵگا بکەن. ئەگەر لە سەرجەم بوارەکانی دەوڵەت وردببنەوە، تاک چەق و ناوەندە، زیاتر پیاوان بوونیان هەیە و لە بنەڕەتە دەسەڵات بە دەست پیاوەوەیە و ئەمەش ئەنجامی دەسەڵاتی تاک-تەوەر و رەگەزپەرستە. لە حزبەکەماندا یەکسانی هاتووەتەدی و سیستمی هاوسەرۆکایەتی جۆرێکە لە تێکۆشان لە دژی هەڵاواردن و جیاکاری رەگەزی.
*لە حزبەکەتاندا ژمارەیەکی زۆر پیاو بوونیان هەبووە، ئایا ئەم پرۆسەیە بۆ ئێوە ئاسان بووە کە وەک سەرکردایەتی و رێبەرایەتیتان قەبوڵ بکرێت؟
بە دڵنیاییەوە ئێمەی ژنان بۆ سەلماندنی خۆمان و بوونمان بە کەسانێکی کاریگەر لەناو ئەو حزب و سیستمەی کە دامانمەزراندووە، تێکۆشانێکی درێژخایەنمان هەبووە و هەندێک کەموکورتیش لەناو سیستمەکەماندا بوونی هەبووە، بۆ تێپەڕاندنی ئەو رەخنە و کەموکورتیانەش هەوڵی زۆرمان داوە. هەر ئەندامێکی حزبەکەمان ئەگەر بڕوای بە ئایدۆلۆژیا و شێوازەکە نەبێت، ناتوانێت ببێتە ئەندامی حزبەکە.
*پێموابێت ئەمە وتەی بەڕێز ئۆجالانە کە دەڵێت، 'لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا ئەگەر ژنانێک بووبنە رێبەر، پەیکەرێکیان بۆ دروست کراوە و ئەو ژنانە سەرکەوتوو بوون'، بەڵام بۆچی سەرباری بوونی ئەم جۆرە ژنانە لە کۆمەڵگاکەمان، تێکۆشانی ئەوان نەیتوانیوە کۆتایی بە هەڵاواردنەکان بهێنێت؟ بە دیاریکراوی باس لە حکومەتی ئێران ناکەین، باسەکەمان لە بازنەی کۆمەڵگای نەریتی خۆمانە.
ریشەی ئەم ئەقڵیەتە دواکەوتوانە قووڵ و لەمێژینەیە، لەبەر ئەم هۆکارە بە ئەنجامگەیاندنی تێکۆشان ئاسان نییە، هەروەک وتم کە هەوڵی زۆرمانداوە کە کاریگەری بەربڵاومان هەبێت، بڕوانن ئێمەی ژنانی کورد ئەلترناتیڤ و جێگرەوەی زۆرمان بۆ ژنان خوڵقاندووە، لەبەرامبەر سیستمی سەرۆکایەتی یەک یەکەسی، سیستمی هاوسەرۆکایەتیمان پێشکەش کردووە. بزوتنەوەی فیمینیستی جیهانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان تەنانەت ئەو کاتەشی کە شوێندانەر و کاریگەر بووە، دواجار نەیتوانیوە وەڵامێکی گونجاو بە کێشەکانمان بداتەوە، لەبەر ئەوەی ئەڵترناتیڤێکی بەهێز نەبوو، چونکە نەیتوانی سەرجەم ئازادیخوازان و دیموکراسی خوازان و ژنان بە دەوری خۆیەوە کۆبکاتەوە، لەبەرامبەردا ئێمە چ جێگرەوەیەکمان دانا، رێبەرمان عەبدوڵا ئۆجالان ژنۆلۆژی، زانستی ژنانی تیۆریزە کرد، ، واتە ناسیینی خود و وشیاربوونەوەی ژنان، وشیاربوونەوە بەو واتایەی تائەو کاتەی ژنان خۆیان نەناسن، نە بۆ خۆیان و نە بۆ ئەوانی دیکە ناتوانن ئازادی بەدەست بهێنن. جیا لەوە چییەتی و رۆحی ژن چ تایبەتمەندیەکی هەیە، کۆمەڵایەتیبوون و ریشەکانی ستەم لە بەرامبەر ژنان وەک تاوانەکانی کوشتن لە ژێر ناو شەرەف و هەڵاواردنی رەگەزی لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. وەک ژنێکی کورد لە رێگەی فەلسەفەی ئازادیخوازی و بە زانین و وشیاری ژنۆلۆژی بەرەوپێشچوون و دەستکەوتەکانمان یەکجار زۆر بووە، ئەو دەستکەوتانە نەک هەر بۆ ژنانی کورد، بەڵکوو بۆ ژنانی فارس، عەرەب، بەلوچ و ژنانی گەلانی دیکەیە، چیتر بارودۆخ وەک ١٠ ساڵ و ٢٠، ٣٠ و ٤٠ ساڵ پێش ئێستا نییە، لەبەر ئەوەی ژنان خۆیان بە وشیاربوونەوەی ژنۆلۆژی و بەئاگابوونەوە گەیاندووە، گەیشتوونەتە ئەو راستیەی کە ژن هی خۆیەتی نەک کەسێکی دیکە و تا ئەو کاتەی ئیرادە و وتیستی خۆی بە دەست خۆیەوە نەبێت و سەربەخۆ نەبێت، ناتوانێت رێبەرایەتی کۆمەڵگاکەی بکات.
*دەبینرێت کاتێک باس لە ئەندێشەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ناسراو بە ئاپۆ دەکەن وەک رێبەری خۆتان باسی دەکەن، چۆن دەکرێت کە وەک هاوسەرۆکی حزبێک شوێنکەوتووی رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بن، شوێنکەوتووی ئەندێشەکان و زۆر تاکتیکی سەربازی ئەون، بەڵام کەواتە چۆن دەکرێت ئێوە بە بەشێک لەو حزبە دانەنرێن؟
ئاپۆئیزم فەلسەفەی ئۆجالان، تەنیا تەنیا فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای یەک حزب نییە، ئەو ئەندێشەیە تەنیا لە چوارچێوەی پەکەکە قەتیس نەماوە. ئاپۆئیزم و ئەم جۆرە لە ئەندێشە فەلسەفەیەکە وەک فەلسەفەی سۆسیالیزم. فەلسەفەی دیموکراسی خوازی و ئازادییە. زۆر یەک لە بزوتنەوە وحزبەکانی دیکە ئەگەر بیانەوێت و پەسەندی بکەن، دەتوانن حزب و گروپەکەیان و تێکۆشانی خۆیان لە سەر بنەمای ئەو ئەندێشەیە دابمەزرێنن و درێژەی پێبدەن، ئێمەش وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، عەبدوڵا ئۆجالانمان وەک رێبەری خۆمان قەبوڵ کردووە و لەپێناو ئازادی ئەودا لە بەرزترین ئاستدا تێدەکۆشین. پەیوەندی ئێمە و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چوارچێوەی پرسی نەتەوەییدایە، هەروەک چۆن پەیوەندیمان لەگەڵ حزبە کوردیەکانی دیکە هەیە، لەگەڵ پەکەکەش پەیوەست بە تێکۆشان لە پێناو ئازادی کوردستان پەیوەندیمان هەیە.
*لەدوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە ئەنجامی دەستبەسەربوونی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقە، ئێمە راپەڕینێکی بەربڵاومان لە ئێران بینی، بە تایبەتی لە کوردستانی ئێران، ئێوە رۆڵی ژنان جۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بڕوانن لە ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی زۆر ئەنجامدراوە و داواکاری زۆریش خراوەتەڕوو، بەڵام ئەوەی سەرجەم ژنان و گەلانی ئێرانی بەدەوری یەکتردا کۆکردووەتەوە، دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بوو، بۆچی ئەم دروشمە تاڕادەیەک کاریگەرە؟ بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیپێکرد و بە سەرتاسەری ئێراندا بڵاوبووەوە. چی دەیتوانی خاڵی هاوبەشی ژنان و گەلان یەکبخاتەوە، ئەمە دەرخەری هێز، دینامیک، وزە و پێشەنگایەتی ژنانی کوردە، لە سەدەی ٢١ ژنانی کورد لە رێگەی فەلسەفەی ژنۆلۆژی دەتوانن پێشەنگی ئازادی بن، بەم جۆرە جۆرە رۆژهەڵاتی کوردستانیشی خستە ژێر کاریگەرییەوە، واتە سەرتاسەری ئێرانی یەکگرتوو کرد و ئەمەش لە سروشتی ژن و رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگاوە سەرچاوەی گرتووە، هەروەها راستی کۆمەڵگای کوردستانیش لەم بابەتەدا بێ کاریگەر نییە، لەبەر ئەوەی ژنان لە کوردستان رووبەڕووی دژواری و تەنگوچەڵەمەی زۆر بوونەتەوەم بڕوانن ژنانی فارس کێشەی ناسنامە، زمان و کولتوریان نییە، بە زمان و ناسنامە و کولتوری خۆیانەوە دەژین، هەبوونیان وەک گەلێک لە ژێر مەترسیدا نییە، بەڵام بۆ ژنانی کورد بەم جۆرە نییە، ئێمەی ژنانی کورد هەم لەپێناو ژن بوونمان، هەم لەپێناو زمان، کولتور و ناسنامەمان تێدەکۆشین. هەربۆیە کاردانەوە و بەرپەرچدانەوەی ژنانی کورد بەرامبەر بە سیستمی سەرکوت توندتر و خاڵێکی هاوبەش کە سەرجەم ژنانی کۆکردەوە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو، واتە هەم پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە، هەم داکۆکی لە ژیان دەکات و هەمیش خوازیاری ئازادییە. سەرجەم ژنان داوای ائزادی دەکەن، سەرجەم ژنان لە ژێر گوشاردان، تەنیا ژنانی کورد رووبەڕووی پرسی شەرەف و نامووس نین، ژنانی ئێرانی، فارس، عەرەب، بەلوچ، ئازەری و مازەنی هەر هەموویان رووبەڕووی ئاڵنگاریەکن بە ناوی نامووس و شەرەف. 'ژن، ژیان، ئازادی' هۆشمەندییەک بوو کە سەرجەم ژنان بە دەوری خۆیەوە کۆبکاتەوە. شۆڕشێک لە ئارادایە کە ئێمە ئەوە لە چوارچێوەی ژیانی نوێ، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی پۆلێنی دەکەین، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی کە بە پێشەنگایەتی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە و هەموو ئێرانی تەنیوەتەوە و کاریگەری لەسەر هەموو ژنانی جیهان داناوە و ژنان لە سەدەی ٢١دا نیشانیاندا کە تا چ رادەیەک شوێندانەرن و بە دڵنیاییشەوە ئەمە پەیوەستە بە راستی ژنانی کورد و راستی کوردستان.
* بینیمان کە لە چەند مانگی رابردوودا کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێکی زۆر لە خۆپیشاندەران و ناڕازییانی راپێچی زیندان کردووە و سزای قورسی بەسەردا سەپاندوون و بەشێکی زۆر لە خۆپیشاندەرانیش لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسیش لەسێدارەدراون، وا دەردەکەوێت کە ئەو ناڕەزایەتیانە روویان لە کزی و دامرکانەوە کردووە، ئایا بە رای ئێوە بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێران گەیشتووەتە کۆتایی؟
زۆر کەس وابیردەکەنەوە، کە گەیشتووەتە کۆتایی، ئەمەش لەکاتێکدا بزوتنەوە و سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی هۆشمەندی و ورەیەکی هێناوەتە کایەوە کە راناگیرێت. راستە لە ئێستادا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی سەر شەقام بوونی نییە، بەڵام لە ئەندێشە و هزری هەر تاکێکدا گۆڕانکاری هاتووەتەئاراوە، بەجۆرێک کە دەیەوێت ئەم دۆخە بگۆڕێت. ئەم شۆڕشە شۆڕشێکی درێژخایەنە، واتە بەخێرایی و بە یەک خۆپیشاندان ناگاتە ئەنجام، کاتێک باس لە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەکرێت، پێویستیمان بەوەیە سەرجەم رەهەندە کۆمەڵایەتیەکانی لەبەرچاوبگرین و لەپێناویدا تێبکۆشین. تێکۆشان بەرامبەر ئەقڵیەتی پیاوسالاری و هەروەها ئەقڵیەتی نەتەوە-دەوڵەت کە هەرکامێکیان پێنج هەزار ساڵ تەمەنیانە، کاتێکی زۆری پێویستە، ئەگەر بمانەوێت بە خێرایی بگەینە ئەنجام، تووشی بێهیوایی دەبین. بۆیە بە هۆشمەندی و رێبازێکی نوێ دەبێت هەنگاوی پتەوتر و باشتر بنێین، کە بە دڵنیاییەوە دەگاتە سەرکەوتن.
*نەخشە رێگە و هەروەها رەچەتەی ئێوە بۆ دوای کۆماری ئیسلامی چییە؟
حزبەکەمان کە لە چەندین رەهەندەوە جگرەوەی جیاجیای پێشکەش کردووە، حزبەکەمان پارتی ژیانی ئازادی کوردستان کە لە ٢٠٠٤ دامەزراوە و دوای ١٠ ساڵ واتە لە ٢٠١٤دا گەیشتینە ئەو ئەنجامە کە پێویستمان بە پێکهاتەیەکی لە سەرووی حزبەوەیە، هەربۆیە کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)مان دامەزراند. سیستمی کۆدار مۆدێلێکە کە تیایدا رێکار و رێبازی دیموکراتیک بۆ سەرجەم گەلانی ئێرانە، هەموو نەتەوە، پێکهاتەی ئیتنیکی و هەموو ئایین و بڕواکان بە کولتور و زمان و هێماکانی خۆیانەوە دەتوانن ببنە بەشێک لەم سیستمە، ئەم سیستمە هێشتا لە کۆمەڵگادا نەچەسپیوە، بەڵا ئێمە لەو پێناوەدا تێکۆشان دەکەن، چونکە ئێمە وەک پەژاک بەشێکین لە کۆدار و لەپێناو چەسپاندنی سیستمی کۆداردا تێدەکۆشین. بەشی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازیمان هەیە. هەربۆیە پێسنیازی ئێمە بۆ داهاتووی ئێران سیستمێکی هاوشێوەی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)ە، سیستمێک کە هاوسەرۆکایەتی بێت و دەستەی بەڕێوەبەریەکەی پەنجا بە پەنجا بێت و تیایدا ژنانی پێشەنگ بەشدار بن، ئەمە لە داهاتووی ئێراندا دەتوانێت ببێت بە سیستمێکی دیموکراتیک کە سەرجەم گەلانی ئێران سودی لێوەربگرن.
*ئێوە ئاماژە بە کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) دەکەن، زۆربەی ئەو کەسانەی رەخنەتان لێدەگرن، هۆکارەکەیان ئەوەی کاتێک دەڵێن رۆژهەڵاتی کوردستان واتە دەتانەوێت لە ئێران جیاببنەوە، وەک چۆن رۆژئاوا و باکوور و باشووری کوردستانمان هەیە کە بیرۆکەی کوردستانی گەورەیە، ئا ئێوە لە هەوڵی جیابوونەوە لە ئێرانن؟
ئێمە بە ناسنامەی کوردیەوە لە ناوچەکەدا بەرەو ناسنامەی جیهانی هەنگاو دەنێین، واتە لە ناوچەکەی خۆمانەوە بە رەو بە جیهانیبوون دەچینە پێشەوە، ئەگەر پرسی ناسنامەی کوردی خۆمان چارەسەر نەکەین، ناتوانین کێشەی عەرەب، بەلوچ و ئازەری چارەسەر بکەین، دەبێت لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەرەو ناوچەکانی دیکەی ئێران هەنگاو بنێین.
*ئایا بڕواتان بە وڵاتێک تایبەت یان لە بنەڕەتدا بڕواتان بە سنوور هەیە؟
ئێمە لە سەدەی ٢١داین، سەدەیەک کە چیتر سنوورەکان نامێننەوە، وەک زۆر شتی دیکە نەتەوە-دەوڵەتەکان ناتوانن پاڕێزگاری لەو سنوورانە بکەن، ئەم سنوورانە لەناودەچن. لە سیستمی نەتەوە دیموکراتیک یاخود هەمان کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک، شتێک بە ناوی جوداخوازی بوونی نییە و ئێمەش وەک کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەدوای دابەشکردن و پارچەکردنی ئێرانەوە نین، ئێمە دەمانەوێت لە خاکی خۆمان و لە جوگرافیای ئێراندا بەشێوەیەکی دیموکراتیک لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێراندا بژین. لەئێران بەشێک لە کێشە و داواکارییەکانی ئێمە وەک کولتور، ناسنامە، زمان لەگەڵ عەرەبێک، ئازەریەک و فارسێک جیاوازە، بەڵام زۆریەک لە کێسەکانمان هاوبەشە، دەتوانین لە بواری پرسە هاوبەشەکاندا پێکەوە هاوکاری و چالاکیمان هەبێت، بۆ نمونە لە شاری ورمێ کورد و ئازەری پێکەوە دەژین، ئایا دەتوانین بڵێین ورمێ شارێکی تایبەت بە کوردەکانە؟نا، ورمێ شارێکە بۆ خەڵکی ئێران، واتە ورمێ بۆ گەلی کورد، ئازەری و ئەرمەنیە؛ هەر بەم هۆیەوە چیتر سنوورەکان کارامەییان نەماوە و ناتوانن رێگری لە چالاکی گەلان و هێزە ئازادخواز و دیموکراسی خوازەکان بکەن، ئەم سنوورانەش لەبەرامبەر تێکۆشانی ژنان ناتوانن بە بێ گۆڕانکاری بمێننەوە.
*لە چاوپێکەوتنێکدا گوایە وتبووتان کە ئازادی ژن لەپێش ئازادی نەتەوەوەیە، پێم وابێت ئەمە لە وتەیەکی بەڕێز ئۆجالانەوە وەرگیراوە، ئێوە بۆچی پێتان وایە کە ئازادی ژن لە پێش ئازادی نەتەوەوەیە؟
وەک ژنێک لەناو پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) هەم لەپێناو ئازادی ژنان تێدەکۆشین و هەم لە پێناو ئازادی کوردستان، کەواتە دوو بەرپرسیارێتی گرنگمان لە ئەستۆیە، بە ناسنامەی ژنانەوە دەمانەوێت بۆ ئازادی ژنان و هەمیش بۆ ئازادی نەتەوە و وڵاتەکەمان تێبکۆشین، ئایدۆلۆژیای ئێمە لە سەر بنەمای رزگاری ژنان لە کوردستان دامەزراوە، هەبوونی ئیرادە، ئەندێشەی ئازاد و وڵاتپارێزی، ئەمە شێوە و رێبازی ئێمەیە، ئێمە ئەرکی خۆمان دیاری کردووە.
لە چاوپێکەوتنێکدا کە ئێوە لەگەڵ ئاژانسی فورات (ANF) باستان لە فەلسەفەی هەبوونی پەژاکە و ئاماژەتان بەوەکردووە کە بە هۆی پێویستی کۆمەڵایەتی و بۆشایی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دامەزراوە؛ ئێمە دەزانیم کە کۆمەڵە هەر لە یەکەم رۆژەکانی شۆڕشی (١٩٧٩)ەوە کۆمیتەی ژنانی هەبوو، بۆچی پێتان وایە بەلەبەرچاوگرنی حزبێکی وەک دیموکرات کە ٧٥ ساڵ تەمەنیەتی یاخود کۆمەڵە کە ٥٠ ساڵ تەمەنیەتی، کوردستان یان خەڵکی کوردستان پێویستیان بە حزبێکی نوێیە، کە ٢٠٠٤ و نزیکەی ٢٠ ساڵ لەمەوپێش داتانمەزراند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەندێک حزبدا ژنان رۆڵی گرنگیان هەبووە؟
کۆمەڵە و دیموکرات ئەزمون و رابردوو درێژییان لە کوردستاندا هەیە و لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا زۆر تێکۆشاون و جەنگاون و قوربانی و شەهیدیان داوە و ئەمانە زۆر پڕبایەخن و جێگەی رێزن، بەڵام بۆچی لە تەنیشت ئەم حزبانەوە پەژاک دامەزرا؟ بە شێوەی گشتی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هەستی بە پێویستی هەندێک گۆڕانکاری دەکرد، کۆمەڵە و دیموکرات و بەگشتی حزبە کوردیەکان وەڵامدەرەوەی ئەو پێداویستیانە نەبوون، پێویستی بە فەلسەفەیەکی نوێ، ئایدۆلۆژیا و پاڕادایمی نوێ هەبوو، بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆحی تێکۆشآن و خۆڕاگری بپارێزێت و بە زیندوویی رایبگرێت، ئێمە لەو بڕوایەداین کە دامەزراندنی پەژاک لە سەر بنەمای فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ واتە عەبدوڵا ئۆجالان خوێنێکی تازەی خستە ناو دەمارەکانی جوڵانەوەی کوردستان. بەراستیش جیاوازی پەژاک و حزبەکانی دیکەی رۆژهەڵات بوونی ژنان و رۆڵی بەرچاو و کاریگەری ئەوانە لە ۆزبدا کە تەنیا لە ئاستی تیۆریدا نییە و بەکردەوە و بە تەواوەتی بەو جۆرە دەجوڵێینەوە، بە دڵنیاییەوە کەموکورتیش بوونی هەبووە، رەخنەش لە ئارادایە، زۆر جار پرسیاری ئەوەمان لێدەکرێت کە بۆچی نەمانتوانیوە داوای مادەکانی سەرجەم خەڵک و ژنان بکەین، ئەم رەخنانە لە جێگەدان.
* ئێوە کە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەڵێنەوە، باس لە ژیان و ژینگە دەکەن، بەڵام چەکتان بەدەستەوەیە، زۆرجار روویداوە کە لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناوچە سنووریەکانی کوردستان تووشی پێکدادان بوون و لەوانتان کوشتووە و هەروەها ئەندامانی ئێوەش شەهیدبوون، کەواتە چۆنە کە حزبێک کە ئەم فەلسەفەی هەیە دەتوانێت چەک بەدەستەوە بگرێت و کەسی تر بکوژێت، وەڵامتان بۆ ئەم پرسیارانە چییە؟
چ وەک ژن و چ وەک کورد نابێت راستیەکمان لە بیر بچێت، کوردستان دوژمنانێکی هەیە و ئێمە ناتوانین ئەم دوژمنانە لەبەر چاو نەگرین، ئێمە دەمانەوێت چالاکی سیاسی و مەدەنی خۆمان لە ناوخۆی ئێران و خاکی کوردستان درێژە پێبدەین، بەڵام ئایا بوار بۆ ئەوە رەخساوە؟ ئایا هەلومەرج بۆ چالاکی ئێمە بوونی هەیە؟ بە دڵنیاییەوە بوونی نییە. هاوڕێمان زەینەب جەلالیان کە ١٦ ساڵە لە زینداندایە، کاتێک لە ناوخۆی ئێران بێ بێ چەک چالاکی سیاسی و مەدەنی ئەنجام دەدا، بەڵام ئەوەتا ١٦ ساڵە لە زیندانە و هەموو جۆرە ئەشکەنجەو ستەمێکی بەسەردا سەپێندراوە، ئێمە رووبەڕووی دوژمنێکی وەک دەوڵەتی ئێرانین، هێزی پاراستنی ژنان لە تەواوی جوگرافیای رۆژهەڵاتی کوردستان خۆی رێکخستووە، ئەم رێکخستنە لەپێناو هێرشکردندا نییە، بەڵکوو بۆ خۆپاراستنە، دوژمن هێرش دەکاتە سەر پێگەکانمان، ئێمە لە دۆخی هێرشبەرانەدا نین بەڵام کاتێک هێرشمان بکرێتەسەر بە چەک بەرگریی لە خۆمان دەکەین و هەر هێزێکی هەرێمایەتی کە بیەوێت مەیدانداریمان بکات و بەرەنگارمان بێتەوە ئێمە بە چەکی ئەندێشە و ئایدۆلۆژیا رووبەڕووی دەبینەوە. یەکینەکانی پاراستنی ژنان (هەپەژە) بەمەبەست و ئامانجی بەرگریی لە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە.
*ئیوە زۆرجار باستان لە بەرەیەکی هاوبەش لە نێوان حزبە کوردیەکان کردووە، بۆچی تائێستا نەتانتوانیوە لە نێوان حزبە بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامی بەرەیەک هاوبەش و یەکگرتوو ساز بکەن؟
بەم ئاراستەدا هەندێک سەرکەوتنمان هەبووە، لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە هەوڵمان داوە بەرەیەکی دیموکراتیکی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان سازبکەن، بەڵام نەهاتووەتەدی، پەیوەندی باشترمان لەگەڵ هەندێک حزب هەیە، هەندێک حزب هەن کە پەیوەندیمان لەگەڵیاندا باشترە بەڵام دۆخی سیاسی جوگرافیاییان ئەم دەرفەتە ناڕەخسێنێت کە پێکەوە بەرەیەکی دیموکراتیکی نەتەوەیی ساز بکەین، شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بوارێکی لەباری رەخساندووە، چونکە خەڵک لە ناوەوەی کوردستان ئەو یەکڕیزی و یەکگرتووییەیان ساز کردووە.
*چەن رۆژ پێش ئێستا سەردار باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران جارێکی دیکە دواوادەی بۆ چەکدادانی حزبەکانی رۆژهەڵات دووپات کردەوە و رایگەیاند کە ئەگەر دەوڵەتی عێراق ئەو حزبانە دەرنەکات، ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دژیان دەستپێدەکەن، ئێوە لە ناوچە شاخاویەکانن و دەتوانین بڵێن بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نین، ئەگەر ئەم حزبانە واتە کۆمەڵە و دیموکرات ناچار بکرێن، ئایا ئێوە رێگەیان پێدەدەن بێن و لە ناوچەکانی ئێوە لە چیاکان جێگیر بن؟
ئێمە هێزی گەریلایین، لە هەر شوێنێک بتوانین خۆمان رێکدەخەین و لەوێدا جێگیر دەبین. ئەمە سیاسەتی دەوڵەتی ئێرانە کە دەیەوێت لەم رێگەوە ئیرادەی حزبە کوردیەکان تێکبشکێنێت و بەسەریادا زاڵ بێت، هاوکات وەک کارتێکی فشار لە دژی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاریدەهێنێت، ئێستا دەبێت بزانین کە حزبە بەرهەڵستکارەکانی کۆماری ئیسلامی تا کوێ دەتوانن خۆڕاگری بکەن، کوردەکان لەم قۆناغەدا ناتوانن چەک دابنێن، بەهەر حاڵ دەبێت پرسیار لەو حزبانە بکرێت کە چ بڕیارێک دەدەن.
* لە چەند هەفتەی رابردوودا تێکهەڵچوون لە نێوان هێزەکانتان و سوپای پاسداران لە ناوچەی کۆساڵان و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوور هاتە ئاراوە، ئەم هەڕەشانەی سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران مایەی نیگەرانی نییە بۆ ئێوە کە هێرشەکانی سەر ئێوە چڕتر بکرێنەوە؟
ئەم هەڕەشانە لە دژی حزبە کوردیەکان شتێکی نوێ نییە، بەردەوام هەڕەشە بوونی هەبووە، بەڵام کاریگەری لەسەر ئێمە نابێت، هەڵبەت لە چەند ساڵی رابردوودا لە دژی هێزەکانمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان ئەنجامدراوە، چەندین ساڵە ئەم دۆخە لەئارادایە و پێکدانانیش روویداوە، پێکدادانی ئەمدواییە لە کۆساڵانیش یەکێک بووە لەو نمونانە، هاوکات هەم هێرش دەکەنە سەر ئێمە و هەم ئەو حزبانەی دیکە کە لە باشوری کوردستان جێگیربوون، ئەمە شێوەیەکی باوە بۆ بێکاریگەری دەستڕۆیشتووی و کاریگەری ئێمە و لەم رێگەوە دەیانەوێت پاسیڤ و بێکاریگەرمان بکەن، بەڵام گوشارەکانیان ناگاتە ئەنجام. تەنیا ئێران نییە کە هێرشەکانی چر کردووەتەوە، بەڵکو تورکیاش هەر ئەم کارە دەکات. گوشار لەسەر کوردەکان سیاسەتی دەرەوەی ئێران و تورکیایە، بەڵام ئێمە رێوشوێنی خۆمان گرتووەتبەر، ئێمە هێزی گەریلایین و لە یەک شوێندا جێگیر نین، کە شوێنەکەمان دیاربێت، بۆیە ئەوان توانای لەناوبردنی ئێمەیان نییە، ئێمە بۆ پارێزگاری لە خۆمان تاکتیکی گەریلایی بەکاردەهێنین و توانیومانە لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا خۆمان بگرین.
* دەوڵەتی ئێران، تورکیا و چەند ساڵ پێش ئێستاش ئەمریکا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)ی خستە ناو لیستی 'رێکخراوە تیرۆریستیەکان'، ئێوە پێتان وایە بۆچی ئێوەیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆریستی وڵاتێکی وەک ئەمریکا؟
ئەمە سیاسەتێکی گشتییە، هێزەکانی وەک ئەمریکا و دەوڵەتانی هەرێمایەتی هەرگیز نایانەوێت قەبوڵی بکەن کە کوردەکان ناسنامەی سەربەخۆی خۆیان هەبێت. هەردوو دەوڵەتی ناوچەکە، ئێران و تورکیا وەک کارێک دەیانەوێت ئەوە بدەن بە ئەمریکا و ئەمریکا لە دژی کوردەکان سود لەوە وەردەگرێت. هێزی کوردی زۆر هەیە کە لە سەر بنەمای هەمان فەلسەفە و پاڕادایم چالاکی دەکەن و لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا شان بە شانی داعش دەجەنگن.
*کەواتە پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی کاتێک ئەمریکا ئێوەی خستووەتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستیەکان، ئێوە شان بە شانی سەربازانی ئەمریکا لە رۆژئاوا دژی داعش شەڕ دەکەن؟ (من بینیومە کە گەریلاکانی پەژاک لە تەنیشت سەربازانی ئەمریکیەوە دژی داعش دەجەنگن)
چالاکیەکانمان و شەڕی ئێمە لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقی و مرۆییە و بۆ بەرگریی لە گەلانی ستەملێکراو، ئێمە هاوڕا نین لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا، بەڵام لەگەڵ هەموو هێزێک کە لە بواری مرۆیی و بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان لە دژی کورد ئامادەین بە شێوەیەکی دیاریکراو هاوکاری بکەین، بۆ نمونە لە شەنگال لەگەڵ ئەوان بەرگرییمان لە ئێزدییەکان کرد، لە رۆژئاوا لەگەڵ ئەوان دژی داعش هاوکاریمان کرد، لە ئەوروپا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پەژاک بوونیان هەیە و بە ئازادی چالاکی دەکەن، ئەم چالاکیانەش بە فەرمی دەکرێن، ئێمەیان وەک هێزێک قەبوڵە و لە ئەوروپا و ئەمریکا نوسینگە و نوێنەرایەتیمان هەیە، بەڵام وەک وتم پرسی کورد وەک کارتێکە بەدەست ئەمریکا و دەوڵەتانی ناوچەکە، هەرکات دۆخەکە ئاسایی بێت بەکاریناهێنن، بەڵام لە دۆخی تایبەتدا وەک ئامرازێک بۆ لاوازکردن و پارچە پارچەکردنی کوردەکان کەڵکی لێوەردەگرن. دانانی ئێمە لە لیستی سزاکانی ئەمریکا بە هۆی ئەندامبوونی تورکیایە لە ناتۆ، چونکە ئەو وڵاتە نوێنەری ناتۆیە لە ناوچەکە.
هـ . ب